سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه‌یسی راده‌ستكردنه‌وه‌ی مسته‌فا سه‌لیمی له‌لایه‌ن ئاسایشی پێنجوێنه‌وه روون بووه‌ته‌وه و ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌كه‌ی پشتڕاستی ئه‌وه‌یان كردووه‌ته‌وه كه راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن ئاسایشه‌وه راده‌ستی سوپای پاسداران كراوه، به‌ڵام هه‌وڵه‌كان بۆ به‌لاڕێدابردنی ئه‌و كه‌یسه رووی له هه‌ڵكشانه.
چالاكانی سیاسیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان پێیان وایه یه‌كێتی به‌هۆی ئه‌و فشاره‌ی له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ی باشوور و رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌وه له‌سه‌ریه‌تی، داوای له ئێران كردووه هاوكاری بكات بۆ شاردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌یسه. چالاكێكی سیاسیش ده‌ڵێ، ئه‌وه یه‌كه‌م جاره ئێران بیه‌وێ هه‌وڵێكی له‌و شێوه‌یه بشارێته‌وه و به میدیایی نه‌كات.
ئێران بۆ کەمکردنەوەی پاڵەپەستۆی سەر یەکێتی رووداوەکە چەواشە دەکات
ئاكام حاجیزاده چالاكی سیاسیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بۆ "وشه" ده‌ڵێ، ئێران هه‌ر چالاكییه‌كی ته‌ناهی و سیاسیی له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانی كردبێت، به چه‌ندان فیلمی به‌ڵگه‌یی و راپۆرتی رۆژنامه‌وانیی له‌سه‌ر بڵاو ده‌كاته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه یه‌كه‌م جاره هه‌وڵی په‌رده‌پۆشكردنی چالاكییه‌كی وه‌ك هێنانه‌وه‌ی مسته‌فا سه‌لیمی له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كانی ده‌دات.
زیاتر روونی ده‌كاته‌وه، راده‌ستكردنی مسته‌فا سه‌لیمی له‌لایه‌ن ئاسایشی پینجوێنهوه سه‌لمێنراوه و خۆیشی له دوا چاوپێكه‌وتنی به‌رله‌وه‌ی له سێداره بدرێت، به بنه‌ماڵه‌كه‌ی راگه‌یاندووه كه له پێنجوێنه‌وه راده‌ستی ئێران كراوه، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌و پاڵه‌په‌ستۆیه‌ی له‌لایه‌ن هه‌ردوو كۆمه‌ڵگه‌ی باشوور و رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌وه خراوه‌ته سه‌ر یه‌كێتی، داوای له ئێران كردووه به‌شێوه‌یه‌ك هاوكاری بێت بۆ هێوركردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه.
هیدایه‌ت قادری چالاكی سیاسی و به‌رپرسی پێشووی كۆمیته‌ی ئه‌منیه‌تی كۆمه‌ڵه كه ئێسته له‌و حزبه دابڕاوه و وه‌ك چالاكێكی سیاسیی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ناسراوه، پێی وایه ده‌بێ له هه‌لومه‌رجی له‌و شێوه‌یه هه‌موو لایه‌نێك ئاگادار بن كه هه‌ڵوێسته‌كانی نه‌بێته هۆی به‌گژداچوونه‌وه و دروستبوونی ناكۆكی ناوخۆی كوردستان و ده‌ڵێ له دۆخێكی له‌و شێوه‌یه ته‌نیا رژێمی ئێران سوودمه‌ند ده‌بێت.
ئه‌و چالاكه سیاسییه به "وشه"ی راده‌گه‌یه‌نێت، كه‌یسی راده‌ستكردنه‌وه‌ی مسته‌فا سه‌لیمی یه‌كه‌م حاڵه‌ت له مێژووی بزووتنه‌وه‌ی كورد و گه‌وره‌ترین كه‌یسیش نه‌بووه، به‌ڵام هیوام وایه ئه‌و كه‌یسه كۆتایی ئه‌م چه‌شنه كرده‌وه نامرۆڤانه و نانه‌ته‌وه‌یی و قێزه‌ونانه بێ.
له‌باره‌ی هه‌ڵوێستی حزبه‌كانی رۆژهه‌ڵات له هه‌مبه‌ر راده‌ستكردنه‌وه‌ی مسته‌فا سه‌لیمی ده‌ڵێ، هه‌ڵوێستی حزبه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات شڵه‌ژاویی و ناڕاستگۆیی زۆری تێدا بوو. هه‌ڵوێستی كۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تكێشان و سازمانی كوردستانی حزبی كۆمۆنیستی ئێران_كۆمه‌ڵه ڕوونتر و دروستتر له‌وانی تر بوو. هه‌ردوو دیموكرات زۆر دژاودژ و چه‌ندان جار هه‌ڵوێست و قسهگۆڕینیان هه‌بوو كه ئه‌وه‌یش كاریگه‌ریی نه‌رێنییان له‌سه‌ر داده‌نێت، هه‌رچه‌ند هه‌مووان به‌هۆی دۆخی حزبه‌كان له باشوور، ئاستی توانایی و هه‌ڵوێستیان ده‌زانین.
"له‌وه‌ها حاڵه‌تێكدا جه‌ماوه‌ریی ڕۆژهه‌ڵات به هه‌ڵوێستی جه‌ماوه‌ریی ده‌توانن زۆر له حزبه‌كان كاریگه‌رتر بن. هه‌ڵبه‌ت ڕوونه هه‌ڵوێستی ئه‌وان ڕوو له ده‌سه‌ڵاتداران و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێ. هه‌ر ئه‌و جه‌ماوه‌ری بۆ ده‌یان بۆنه‌ی وه‌ك ڕێفراندۆم و كۆبانێ و ده‌یان بۆنه و بابه‌تی نه‌ته‌وه‌یی هاتوونه‌ته سه‌رشه‌قامه‌كان و له ئاراسته‌ی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی كورد هه‌ڵوێستان وه‌رگرتووه". هیدایه‌ت قادری وای گوت.
ئاگری ئیسماعیلنهژاد رۆژنامه‌نووس و چالاكی سیاسی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بۆ "وشه" ده‌ڵێ، به‌داخه‌وه كه‌یسی مسته‌فا سه‌لیمی وه‌ك باقی باسه‌كانی تری رۆژهه‌ڵات كه‌وتووه‌ته چوارچێوه‌ی یارییه ته‌ناهییه‌كانی ناوچه‌كه، له‌لایه‌ك یه‌كێتی له‌سه‌ر كورسی تاوان دانیشتووه و له‌لایه‌ك پارتی دیموكرات له رێی رای گشتیی رۆژهه‌ڵات ده‌یه‌وێ پاڵه‌په‌ستۆ بخاته سه‌ر یه‌كێتی و پوانی خۆی لێ وه‌رگرێ.
زیاتر روونی ده‌كاته‌وه، ڕوونه یه‌كێتی ئه‌و كاره‌ی كردبێت یان نه‌یكردبێت، به هۆی ئه‌وه‌ی یه‌كێتی دۆستی نزیكی ئێرانه، ئێرانییه‌كان له‌و باسه‌دا قازانجیان ئه‌وه‌یه پشتی یه‌كێتی بگرن.
مسته‌فا سه‌لیمی به‌ره‌به‌یانی شه‌موو 11ی نیسان، له گرتووخانه‌ی سه‌قز له سیداره درا، رۆژێك پێشتر چه‌ندان كه‌ناڵ و میدیا هه‌واڵه راده‌ستكردنه‌وه‌ی ئه‌و گیراوه سیاسییه‌یان له‌لایه‌ن ئاسایشی پێنجوێنه‌وه بڵاو كرده‌وه.
دوای ئه‌وه‌ی هه‌واڵی له‌سێداره‌دانی بڵاو بووه‌وه، ئاسایشی یه‌كێتی له راگه‌یه‌نراوێكدا ره‌تی كرده‌وه كه‌سێك به‌ناوی مسته‌فا سه‌لیمی هاتبێته سنووری پێنجوێن، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند شایه‌تحاڵێك له شاره‌دێی گه‌رمك پشتڕاستیان كرده‌وه مسته‌فا سه‌لیمی په‌نای بۆ ئه‌و ناوچه‌یه بردووه و له‌لایه‌ن ئاسایشه‌وه به بیانووی پشكنینی كۆرۆنا براوه‌ته بنكه‌ی ئاسایش، حكوومه‌تی هه‌رێم له‌سه‌ر داوای سه‌رۆك وه‌زیران بڕیاری پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی دا بۆ ده‌رخستنی راستییه‌كانی ئه‌و رووداوه.
مسته‌فا سه‌لیمی ماوه‌ی 17 ساڵ بوو له گرتووخانه‌ی سه‌قز به تاوانی هاوكاری حزبه‌كانی رۆژهه‌ڵات گیرابوو، دوای ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ 80 گیراوی تر له‌و گرتووخانه راده‌كه‌ن و له رێی گوندی كهندهسووری بانه كه هاوسنووری هه‌رێمی كوردستانه، ئاودیوی گوندی سیاگوێزی شاره‌دێی گه‌رمكی سه‌ر به شارۆكه‌ی پێنجوێن ده‌بێت.