وەزیرانی كابینەی حكوومەتەكەی كازمی ئاشكرا كران

:: AM:10:13:18/04/2020 ‌
لایەنە سیاسییەكان لەسەر حكوومەتی راگوزەر بە سەرۆكایەتیی مستەفا كازمی گەیشتوونەتە رێككەوتن و هەموو هەوڵەكانیش بۆ ئەوەیە پێش رەمەزان لە پەرلەمان متمانەی پێ بدرێت. حكوومەتەكەی كازمی لە 22 وەزارەت پێكدێ، كورد سێ وەزیری دەبێت.

ئەمڕۆ شەموو 18ی نیسان، بەگوێرەی زانیارییە دزە پێكراوەكان، لیستە سیاسییەكان لەسەر كابینەی نوێی حكوومەتەكەی مستەفا كازمی گەیشتوونەتە رێككەوتن.

بەگوێرەی زانیارییەكان، حكوومەتەكەی كازمی لە 22 وەزارەت پێكهاتووە و كەسانی سیاسی و سەربەخۆ بۆ پۆستی وەزارەتەكان كاندیدین. شیعەكان 11 وەزارەتیان بەردەكەوێت لە سەرووی هەموویانەوە وەزارەتەكانی ناوخۆ، نەوت، دەرەوە، پەروەردە لە جێی وەزارەتی خوێندنی باڵا.

لەناو شیعەكاندا، هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆكایەتی هادی عامری، سێ وەزارەتی بەردەكەوێت، هاوكات هاوپەیمانی سائیروون بەسەرۆكایەتی موقتەدا سەدر، ئەویش سێ وەزارەتی بەردەكەوێت، هەرچی هاوپەیمانی نەسر بەسەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی دوو وەزارەت، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆكایەتی نووری مالیكی یەك وەزارەت، حزبی فەزیڵە یەك وەزارەت، رەوتی حیكمە یەك وەزارەت.


هەرچی هێزە سوننەكانن شەش وەزارەتیان بەردەكەوێت، هاوپەیمانی هێزە عێراقییەكان بەسەرۆكایەتی محەمەد حەلبووسی چوار وەزارەت، هاوپەیمانی نیشتمانی یەك وەزارەت و پڕۆژەی عەرەبی بەسەرۆكایەتی خەمیس خەنجەر یەك وەزارەت.

پێش رەمەزان دەنگ بە حکوومەتەکەی کازامی دەدرێ و کورد سێ وەزارەت، شیعەکان ١١ وەزارە و سوننەکان شەش وەزارەتیان بەردەکەوێت


پێوەند بەكورد، ئەوا لایەنە كوردستانییەكانیش سێ وەزیریان لە حكوومەتەكەی كازمی دەبێت، پارتی دیموكراتی كوردستان دوو وەزارەت (دارایی و كارەبا)، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان یەك وەزارەت. پێكهاتەی مەسیحییەكان و توركمانیش، هەریەكەیان وەزارەتێكی بەردەكەوێت.

راگەیاندنی رێككەوتن لەسەر حكوومەتەكەی كازمی، لە كاتێكدایە هەفتەی رابردوو هاوپەیمانی فەتح ئاشكرای كرد هەموو هەوڵەكان بۆ ئەوەیە پێش مانگی رەمەزان لەلایەن پەرلەمانەوە متمانە بە حكوومەتەكەی كازمی بدرێت.



وشە - فه‌رمان سادق