مەسروور بارزانی: دەبێت هەمووان هاوكار بن و رێ لە تەشەنەكردنی گرژییەكان بگیرێت

:: PM:01:49:18/04/2020 ‌
 لەسێدارەدانی مستەفا سەلیمی و گرژییەكانی زینی وەرتێ، دوو پرس بوون كە بارگرژی لێ كەوتەوە، حكوومەتی هەرێم كوردستان و لایەنە سیاسییەكان چەندان بەیاننامەیان دەركرد. مەسروور بارزانی داوای كۆتاهێنان بە وەڵامدانەوەكان دەكات و دەڵێ، دەبێ هەمووان كار بكەین بۆ گرژتر نەبوونی دۆخەكە.

ئەمڕۆ شەموو 18ی نیسان، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا بۆ رای گشتی خەڵكی كوردستان رای گەیاند، دەبێت هەموو لایەك هاوكار بن و رێ لە تەشەنەكردنی گرژییەكان بگیرێن.

بۆ پێكهاتەكانی ناو حكوومەتیش، باشترین شوێنی گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، چوارچێوەی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانە و وەڵامی ئەو نامە و بۆچوونانەش لەوێ دەدەمەوە


مەسروور بارزانی ئاماژەی بەوە دا كە لەم چەند رۆژەدا پەیام و نامەی زۆر كەسایەتی و لایەنی بەشداربووی ناو حكوومەت و دەرەوەی حكوومەت و لەوانەش تیمی وەزاریی یەكێتیی نیشتمانیم پێ گەیشت. ئەوەی پێویست بێت لەم رۆژانە بۆ ئاشكراكردنی ڕاستییەكان باس كراوە، بۆیە پێویست بە بەردەوامیی وەڵام و وەڵامدانەوەكان ناكات.

"هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان ماندوون و لە هاتنە كایەی ئەم بارودۆخە نەخوازراو و گرژییانە نیگەرانن. هاووڵاتییانمان شایستەی ئەوەن زۆرترین خزمەتیان بكەین نەك تووشی دڵەڕاوكێ بكرێن". لە پەیامەكەی سەرۆكی حكوومەت هاتووە. ئەوەیش دەڵێ، ئەركی ئێمە دەوڵەتداری و چارەسەریی كێشەكانە و دەبێت هەموو لایەك هاوكار بن رێ لە تەشەنەكردنی گرژییەكان بگیرێت.

زیاتر گوتی "بۆ پێكهاتەكانی ناو حكوومەتیش، باشترین شوێنی گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، چوارچێوەی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانە و وەڵامی ئەو نامە و بۆچوونانەش لەوێ دەدەمەوە. هیوادارم هەموو لایەك دوور لە بەرژەوەندیی حزبی، لە ئاست ئەركی نیشتمانیمان بین تا پێكەوە ئەم قۆناغە سەختە تێپەڕێنین".


وشە - فه‌رمان سادق