یەكەم رۆژی مانگی رەمەزان دیاری كرا

:: AM:09:46:19/04/2020 ‌
لەگەڵ نزیكبوونەوەی مانگی رەمەزان، پرسێكی ساڵانە لە وڵاتانی ئیسلامی دووبارە دەبێتەوە، ئەویش گەڕان بەدوای بینینی مانگ. ناوەندی فەلەكناسی نێودەوڵەتی دەڵێ، لە زۆرینەی وڵاتانی ئیسلامی 24ـی ئەم مانگە یەكەم رۆژی مانگی رەمەزان دەبێت.

ئەمڕۆ یەكشەم 19ی نیسان، ناوەندی فەلەكناسی نێودەوڵەتی رای گەیاند، یەكەم رۆژی مانگی رەمەزان لە زۆرینەی وڵاتانی ئیسلامی دەكەوێتە 24ـی ئەم مانگە، بەهۆی ئەوەی لەو كاتەدا مانگ لە بەشێكی زۆری جیهانی ئیسلامی دەبینرێت.

یەكەم رۆژی مانگی رەمەزان لە زۆرینەی وڵاتانی ئیسلامی دەكەوێتە 24ـی ئەم مانگە


ناوەندی فەلەكناسی نێودەوڵەتی
هێما بۆ مانگی شەعبان دەكات كە رۆژی 26ـی ئاداری رابردوو بوو. روونی دەكاتەوە، بەهۆی ئەوەی یەكەم رۆژی مانگی شەعبان لە 26ـی ئاداری رابردوو بوو، ئەوە وادەكات زۆرینەی وڵاتانی ئیسلامی لە 23ـی ئەم مانگەوە بەدوای مانگدا بگەڕێن كە دەكاتە رۆژی پێنجشەم.

زیاتر گوتی "ئەو وڵاتانەی كە بەدوای مانگی رەمەزان دەگەڕێن، ئەندەنووسیا، مالیزیا، برۆنای، هیندستان، پاكستان، ئێران، سەڵتەنەی عومان، ئیمارات، عەرەبستانی سعوودیە، ئوردن، سووریا، لیبیا، مۆریتانیا و زۆرینەی وڵاتانی ئیسلامی ناعەرەبی لە ئەفریقا".

ناوەندی فەلەكناسی ئەوەش دەخاتەڕوو كە هەندێك وڵاتی كەم، یەكەم رۆژی مانگی شەعبانیان لە 25ـی ئاداری رابردوو دەست پێ كرد، بۆیە ئەو وڵاتانە لە 22ـی ئەم مانگەوە بەدوای مانگ دەگەڕێن، لەوانە عێراق و میسر و توركیا و تونس.

زیاتر گوتی "ئەو وڵاتانەی لە رۆژی چوارشەمی داهاتوو 22ـی مانگ بەدوای مانگ دەگەڕێن، ئەوا ئەو رۆژە مانگ دیار نییە، ئەگەری زۆرە مانگی شەعبانی ئەمساڵ 30 رۆژ تەواو بكات و یەكەم رۆژی رەمەزانیش بكەوێتە رۆژی هەینی".
 



وشە - فه‌رمان سادق