داعش پەتای كۆرۆنا دەقۆزێتەوە و هێرشەكانی لە عێراق و سووریا چڕ كردووەتەوە

:: AM:11:42:19/04/2020 ‌
داعش دەیەوێ سەرقاڵبوونی وڵاتانی دنیا بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بقۆزێتەوە بۆ ئەوەی دووبارە دەست بەسەر سووریا و عێراقدا بگرێتەوە. لە سەرەتای ئەم مانگەوە تا ئێستە 377 سەربازی سووری و زیاتر لە 15 سەربازی عێراقیشی كوشتووە.

ئەمڕۆ یەكشەم 19ی نیسان، رۆژنامەی "جیروزالم پۆست"ـی ئیسرائیلی بڵاوی كردەوە، رێكخراوی تیرۆریستی داعش توانیویەتی پارێزگاری لە مانەوەی 20 بۆ 30 هەزار چەكداری خۆی بكات، هاوكات كێشەی دارایی و چەكی نییە، ئەمەیش وایكردووە هەوڵ بدات سەرقاڵیی حكوومەتی عێراق و سووریا و هەسەدە بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بقۆزێتەوە بۆ ئەوەی دووبارە دەست بەسەر ئەو ناوچانەدا بگرێتەوە كە لە دەستی دابوون، لەوانە بیابانی سووریا لە رۆژئاوا و دۆڵی رووباری فوڕات لە رۆژهەڵات تا دەگاتە پارێزگای دێرەزوور لە سووریا، هەروەها ناوچە سوننەكانی عێراقیش كە ئێستەش شانەی نوستووی داعشی تێدان.

داعش لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا چالاكییەكانی زۆر زیادی كردوون و كۆمەڵێك كردەی تیرۆریستی ئەنجام داوە، لەوانە لە نۆی ئەم مانگە هێرشی كردە سەر شارەدێی سەخنە لە بیابانی پارێزگای حمس، بەڵام فڕۆكە رووسییەكان بەرپەرچی دانەوە، بەهۆیەوە شەڕ لە نێوان چەكدارانی داعش و سوپای سووریا روویان دا، 11 چەكداری داعش كوژران و 18 سەربازی سوپای سووریاش كوژران.
 
لە حەوتی ئەم مانگە، چەكدارە تیرۆریستەكانی داعش لە پارێزگای دێرەزوور هێرشیان كردە سەر هێزی بەرگری نیشتمانی سووری و دوو كەسیان لێ كوشتن، هاوكات لە ناوچەكان جەلا و سیال و عەبال هێرشیان كردووەتە سەر هێزەكانی سووریا و سوپای هاوپەیمانان.
 
بەگوێرەی رۆژنامەكە بێت لە 24ی ئاداری رابردوو تا ئەمڕۆ، داعش 377 سەربازی سوپای سووریای كوشتووە، هاوكات مەترسی داعش بۆ سەر ناوچە كوردییەكانیش زیادی كردووە، لە سێی ئەم مانگەدا شەڕڤانان خۆكوژێكی داعشیان كوشت كە دەیویست لە شاری مەنبەج خۆی بتەقێنێتەوە. 

داعش لە سەرەتای ئەم مانگەوە تا ئێستا ٣٧٧ سەربازی سووری کووشتوە


هێرشەكانی داعش لە عێراق، لە چەند رۆژی رابردوودا هێرشیان كردە سەر خاڵێكی پشكنین لە حەویجەی باشووری كەركووك. بەگوێرەی زانیارییەكانیش ئەوە سێیەم هێرشە داعش لە سەرەتای ئەم مانگە بیكاتە سەر هێزەكانی سوپای عێراق و كوژراویشی لێ كەوتووەتەوە، هاوكات دوو پێشمەرگەش لە حەوتی ئەم مانگە بەهۆی هێرشێكی داعش شەهید بوون، جگە لەوەش نۆ چەكداری میلیشیاكانی حەشد لە هێرشی داعش بۆ سەر فڕۆكەخانەی سادقی سەربازی لە نۆی ئەم مانگە كوژران.
 

 



وشە - فه‌رمان سادق