تۆمەتبارە بە بڵاوكردنەوەی كۆرۆنا.. چی لەبارەی تاقیگەكەی ووهان دەزانی؟

:: PM:01:41:19/04/2020 ‌
لەسەر بەرزاییەكانی ووهان، تاقیگەیەكی زانستی بۆماوەزانی هەیە كە بە یارمەتی فڕەنسییەكان بنیات نرا. ئەوە ئەو كارگەیەیە كە ئەمەریكییەكان گومان دەكەن سەرچاوەی دزە پێكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا /كۆڤید- 19/ بێت. زۆرینەی زانایان كۆكن لەسەر ئەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە گیاندارانەوە بۆ مرۆڤ گواستراوەتەوە، بەڵام هیچ بەڵگەیەك نییە.

دوای تێپەڕبوونی چوار مانگ بەسەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، هێشتا لە رووی زانستییەوە هیچ لەسەر ئەو ڤایرۆسە كوشندەیە نەسەلمێنراوە كە تا ئێستە زیاتر لە دوو ملیۆن خەڵك تووشی هاتوون و سەرووی160 هەزار و 957  كەسەش بەهۆیەوە گیانیان لە دەست داوە.

لەگەڵ ئەوەی هەوڵە زانستییەكان ئێستە چڕ كراونەتەوە بۆ دۆزینەوەی ڤاكسینی چارەسەر، بەڵام هاوشانی ئەوەش ئەمەریكا و هەندێك وڵاتی تریش، چین تۆمەتبار دەكەن بەوەی وەك پێویست زانیاری بە رێكخراوی تەندروستی جیهانی نەداوە و ئەمەیش هۆكاری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكەیە بەو بڵاوییەی ئێستە هەیە.

ئەمەریكا تەنانەت چین تۆمەتبار دەكات بەوەی ڤایرۆسەكە لە تاقیگەیەكی زانستی بۆماوەزانی تایبەتمەند بە ڤایرۆس دزەی كردووە، زۆریش لە زانایان پێیان وایە لە گیاندارانەوە بۆ مرۆڤ گواستراوەتەوە، بەڵام هەڵگرانی هەردوو بۆچوون هیچ بەڵگەیەكی سەلمێنەریان نییە و چینیش رەتی دەكاتەوە لە تاقیگەكانی دزەی كردبێت.
 
ئەوەی دۆخەكە زیاتر ئاڵۆز كردووە، نزیكی تاقیگەكەی شاری ووهانە لە بازاڕی گیاندارانی ئەو شارە كە گومان دەكرێت لەوێوە لە شەمشەمەكوێرەوە ڤایرۆسەكە بۆ مرۆڤ گوازرابێتەوە. 
 
 تاقیگەكە دەكەوێتە كوێی شاری ووهان؟
 بەگوێرەی رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمەریكی، باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە چین، ساڵی 2018 لە راپۆرتێكدا دەسەڵاتدارانی واشنتنیان لەوە ئاگادار كردووەتەوە كە رێكارەكانی سەلامەتی لە تاقیگەكەی شاری ووهان وەك پێویست نییە كە توێژینەوە لەسەر ڤایرۆسی كۆرۆنا لە جەستەی شەمشەمەكوێرە دەكەن.

هاوكات تۆڕی هەواڵی فۆكس نیوزی ئەمەریكی، لە چەند سەرچاوەیەكەوە گواستیەوە، ڤایرۆسی كۆرۆنا كە بۆ یەكەمجار لە كانوونی یەكەمی 2019 لە شاری ووهان بڵاو بووەوە، سەرچاوەكە دەگەڕێتەوە بۆ تاقیگەكە، رەنگە بەهۆی نەگرتنەبەری رێكاری سەلامەتی پێویست، ڤایرۆسەكە دزەی كردبێت.
 
ئەگەرچی تاقیگەكە خاوەن پارێزبەندییەكی توندە، لەوێدا نەوەی مەترسیدارترین ڤایرۆس هەن، لەوانە ئیبۆلا. تاقیگەی "B4" بۆ سەلامەتی بایۆلۆجی لە ئاستی چوارەمدایە كە لە سەرانسەری دنیا تەنیا 30 تاقیگەی هاوشێوەی ئەوەی ووهان هەیە، نیوەی لە ئەمەریكایە.

تاقیگەکە بە یارمەتی فڕەنسییەکان دروستکراوە و هەزار ٥٠٠ جۆر ڤایرۆسی تێدایە


پەیمانگەكە تێچووی دروستكردنی 40 ملیۆن یۆرۆ بووە، بە یارمەتی فڕەنسییەكان دروست كراوە و لە جێیەكی زۆر هەستیاردایە، ئەو لێكۆڵەرانەی لەوێ كار دەكەن بە تەواوەتی لە دنیای دەرەوە دابڕاون، تێیدا لێكۆڵینەوەی زۆر ورد ئەنجام دەدرێت لەسەر هەر دەركەوتنێكی نەخۆشییەكی پێوەندار بە گەدەی مرۆڤەوە.

 پەیمانگەكەی شاری ووهان، خاوەن گەورەترین نەوەی ڤایرۆسەكانە لە كیشوەری ئاسیا، لەسەر ماڵپەڕی فەرمی خۆیان نووسیویانە كە هەزار و 500 جۆری جیاوازی تێدایە.

ئەگەرچی میدیای ئەمەریكی هەر باس لە "B-4" دەكات، بەڵام توێژینەوەكانی مەترسییان كەمترە وەك ئەوەی پێوەند بە ڤایرۆسی كۆرۆنا  لە تاقیگەكانی "B-3" ئەنجام دەدرێن كە پەیمانگە چینییەكە ئەوەیشی هەیە.
 
سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكەیە كێیە؟
تا ئێستە بە بەڵگەی زانستی نەسەلمنێراوە تاقیگەكە یان بازاڕی گیانداران سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكەن، بەڵام ئەوەی زیاتر ئەمەریكییەكانی نیگەران كردووە، دزەكردنی ڤایرۆسەكەیە لە تاقیگەكەی ووهان كە چینییەكان و تاقیگەكەش رەتی دەكەنەوە.

هەندێك  دەڵێن رەنگە فەرمانبەرێكی تاقیگەكە تووشی ڤایرۆسەكە بووبێت و لە رێی ئەوەوە بڵاو بووبێتەوە. دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا دەڵێ، بەردەوام گوێم لەو چیرۆكە دەبێت، ئەمەش ئێستە لەژێر توێژینەوەیەكی قووڵدایە كە راستە یان نا.

 بەلای ئەمەریكییەكان ئەوەی زیاتر گومانەكە تۆختر دەكاتەوە كە تاقیگەكە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكەیە، ئەوەیە كە دەسەڵاتدارانی چین وەك مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دەڵێ، رێگرییان لە زانایانی هەموو دنیا گرتووە لەوەی سەردانی ئەو تاقیگەیە بكەن.
 
لە بەدواداچوونێكی میدیا فڕەنسییەكان، بەرپرسانی پەیمانگەكە وەڵامی ئەو پرسیارەیان نەدایەوە كە بۆچی رێگرییان كردووە، دەڵێن پەیمانگەكە بەرپرس نییە لە بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە.

یوان زیمینگ بەڕێوەبەری پەیمانگەی زانستی ڤایرۆسناسی لە ووهان بە ئاژانسی "سی جی تی ئێن"ـی راگەیاندووە، زۆر ئەستەمە ئەو ڤایرۆسە لە پەیمانگەكەیان دەرچووبێت. گوتی "بە باشی دەزانین چ لێكۆڵینەوەیەك لە پەیمانگەكە ئەنجام دەدرێت و چۆنیش مامەڵە لەگەڵ ڤایرۆسەكان دەكرێت". 

 زیاتر گوتی "میدیاكان دەیانەوێ خەڵك بە لاڕێدا ببەن بەوەی پەیمانگەكە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكەیە، ئەمەش تەنیا تۆمەتە و هیچ بەڵگەیەك نییە".
 
پەیمانگەكە دەڵێ لە 30ـی كانوونی یەكەمی رابردوو، هەندێك لە نموونەی ئەو ڤایرۆسە هێنرایە پەیمانگەكە كە لە شاری ووهان بڵاو بووبووەوە، دوای لێكۆڵینەوە لەسەری دەركەوت ئەوەی بڵاو بووەتەوە ڤایرۆسی "سارس- كۆڤ-2"ـە، لە دووی كانوونی دووەمی 2020 توانرا كڕۆمۆسۆمەكانی ڤایرۆسەكە ئاشكرا بكرێت و لە 11ـی هەمان مانگ زانیارییەكانیش بە رێكخراوی تەندروستی جیهانی دران.

 
زانایان چی دەڵێن؟
زۆر لە زانایان و لێكۆڵەران پێیان وایە ڤایرۆسی كۆرۆنا سەرچاوەكەی دەگەڕێتەوە بۆ شەمشەمەكوێرە، باوەڕیشیان وایە ڤایرۆسەكە لە رێی ناوەندگیرێك گواستراوەتەوە بۆ مرۆڤ. 

 زانایانی چینی دەڵێن، مارمێلكەی حەرشەقی (جۆرێكە لە جۆرەكانی مارمێلكە و شیردەرن، هەڕەشەی قڕانیان لەسەر هەیە) ئەوان شەمشەمەكوێرەیان خواردووە و هۆكارن لە گواستنەوەی ڤایرۆسەكە بۆ مرۆڤ.

لە بەرانبەر ئەوەدا چەند توێژەرێكی تری چینی لە لێكۆڵینەوەیەكدا كە لە گۆڤارە زانستییە باوەڕپێكراوەكانیش بڵاو كراوەتەوە، دووپات لەوە دەكەنەوە ئەو كەسەی بۆ یەكەم جار دووچاری ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە، سەردانی بازاڕی گیاندارانی لە شاری ووهانی نەكردووە.

فیلیبا لینتزوس ژنە لێكۆڵەر لە كاروباری سەلامەتی زیندەوەرزانی لە زانكۆی كینگز كۆلیدج لە لەندەن دەڵێ، سەرچاوەی ئەو پەتایە هێشتا بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، هیچ بەڵگەیەك نییە ڤایرۆسەكە لە تاقیگەكە دزەی كردبێت، هەروەها هیچ بەڵگەیەكیش نییە ڤایرۆسەكە لە بازاڕی گیاندارانی ووهان بڵاو بووبێتەوە.


وشە - فه‌رمان سادق