گەنجێک بە کارێکی هونەری جیاواز هاوشێوەی کەسەکان دروست دەکاتەوە

:: PM:04:30:25/04/2020 ‌

گەنجێکی شاری سلێمانی، بەکارێکی هونەری جیاواز و بە چەندان مادەی جیاواز هاوشێوەی کەسەکان بە بچوککراوەیی دروست دەکاتەوە و هاووڵاتییان بۆ بۆنە و یادەکان دەیکەنە و هاوشێوەی ئازیزانیان دروست دەکەنەوە و دەیکەنە دیاری.

پەیام ئاوات بە شێوەیەکی ئەکادیمی فێری هونەرەکە نەبووە، بەڵام بە گەڕان بەدوای زانیاری و تەماشاکردنی ڤیدیۆی تایبەت و پەیوەندیکردنی بە کۆمپانیاکان کە شارەزان لەو بوارە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان، شێوازی کارکردنی خۆی دۆزیوتەوە و لەو ڕێگەیەوە حەزی هونەرییەکەی بەدی هێنا.

پەیام ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ بەدوای سەرچاوەی تایبەت بە کارەکە گەڕاوە و زانیاری کۆ کردووەتەوە و ساڵێکیشە بەشێوەیەکی کرداری دەستی کردووە بە هونەرەکەی، بۆیە لەم بارەیەوە بۆ "وشە" دەڵێ، حەزم کرد لەو بوارە هونەریەدا کاربکەم، کە بوارێکی جوان و فراوانە، هەر بۆیە دوات بیرۆکەی ئەوەم بۆ هات وەک ئیشێک بەکاریبهێنم، هەر بۆیە کۆمپانیایەکم لە سلێمانی دانا، کە لە عێراقیش بۆ یەکەمجارە کاری وا کرابێ.

ستافەکەمان 12 کەسە کە پێکهاتوون لە هەردوو ڕەگەز لە بەشە جیاوازەکانی کۆمپانیاکەدا کاردەکەن

زیاتر گوتی، بۆ دروستکردنی کارەکان، چەند مادەیەک بەکاردەهێنرێ، مادەیەکی پلاستیکی و مادەیەکی ڕەقە و وەک گەچ وایە، ئەو دوو جۆرەیان هەم ئامێر و هەمیش دەست بەکاردەهێنرێت بۆ ئامادەکردنی و مادەی سێیەمیش مادەیەکی نەرمە کە بە دەست ئەنجام دەدرێت، بەڵام زیاتر خواست لەسەر ئەو کارانە هەیە کە بە مادەی پلاستیکی دروست دەکرێت، ئەمەیش لەبەر ئەوەی درەنگتر تێک دەچێ و ناشکێ و بەرگەگرتنی زیاترە.

ئاشکراشی کردووە، ڕۆژانە لە بەیانییەوە تا ئێوارە کار دەکەم، ستافێکی 12 کەسین کە پێک هاتووین لە هەردوو ڕەگەز لە بەشە جیاوازەکانی کۆمپانیاکەدا کاردەکەن و کارە جاوازەکانی دروستکردنی کارە هونەرییەکانیان گرتووەتە دەست، بۆ دروستکردنی هەر کارێکیش زیاتر لە هەفتەیەک کاتی دەوێت و نرخەکەشی بە پێی قەبارەی ئیشەکە و جۆری مادەی بەکارهاتوو بۆ دروستکردنی دەگۆڕێت، بە جۆرێک کە نرخەکەی لە 100 دۆلارەوە دەست پێ دەکات تا 500 دۆلار.

تەنیا لە سلێمانی خواست لەسەر ئەو کارانە نییە، بەڵکو لە شارەکانی تر و لە دەرەوەی وڵاتیش داوای کارەکە دەکەن و وەک پەیام دەڵێ، هاوشێوەی گەنجێکی دروست کردووەتەوە کە دایکی لە دەرەوەی وڵات ژیاوە، تا هاوشێوەکی خۆی بە بچوککراوی بۆ دایکی بنێرێت.

سلێمانی/ لۆڤە محەمەد








وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان