په‌رله‌مانتارێكی شیعه ئاشكرای ده‌كات، كه سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی شیعه ڕێككه‌وتوون كه هیچ پۆستێكی سیادی له كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق به كورد نه‌درێت، ئه‌مه‌یش به هه‌نگاوی دووه‌م داده‌نرێ بۆ دوورخستنه‌وه‌ی كورد و سه‌یركردنی وه‌ك هاووڵاتی پله دوو و سێ له عێراق، پاش بڕینی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان.
موختار
موسه‌وی په‌رله‌مانتاری هاوپه‌یمانی فه‌تح كه گرووپه‌كانی ناو حه‌شدی شه‌عبی پێكهێنه‌ری ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ن له لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانی گوتی، لایه‌نه سیاسییه‌كانی شیعه ڕێككه‌وتوون، كه كورد له وه‌زاره‌تی دارایی و ده‌ره‌وه دوور بخه‌نه‌وه، ڕێ ناده‌ین كه كورد هیچ وه‌زاره‌تێكی سیادی له حكوومه‌تی فیدرالی عێراق وه‌ربگرێت.
زیاتر گوتی، له هه‌موو شتێك باشتر ئه‌وه‌یه كه هه‌مووان كۆكن له‌سه‌ری، كه كاندیدی وه‌زاره‌تی دارایی خه‌ڵكی به‌غدا بێ و كاندیدی وه‌زاره‌تی نه‌وتیش له خه‌ڵكی به‌سڕه بێت.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی هاوپه‌یمانی حه‌شدی شه‌عبی له‌باره‌ی هۆكاری دوورخستنه‌وه‌ی كورد له وه‌زاره‌ته سیادییه‌كان له حكوومه‌تی عێراق ده‌ڵێ، هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه ئه‌وان زۆر به خراپی وه‌زاره‌ته‌كان به‌ڕێوه ده‌به‌ن و شێوازێكی كاركردنی باشیان نییه، بۆیه هه‌موو لایه‌نه‌كانی شیعه سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م پۆسته سه‌روه‌رییه‌كان له حكوومه‌تی نوێی عێراق له كورد وه‌ربگیرێته‌وه.
شیعه ده‌یانه‌وێ كورد بكه‌ن به هاووڵاتی پله دوو و پۆسته سیادییه‌كان به ڕه‌وای كورد نابینن
له به‌رانبه‌ردا میدیاكانی عێراق لێدوانێكی
فوئاد حوسێن وه‌زیری دارایی و جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقیان بڵاوكردووه‌ته‌وه و ده‌ڵێ، كورد سوور نییه له‌سه‌ر وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆستی وه‌زاره‌تی دارایی له حكوومه‌تی داهاتوو، به‌ڵام ته‌واوی وه‌زاره‌ته سیادییه‌كانی تر له نێوان شیعه و سوننه دابه‌شكراون و ده‌شپرسێ، ئه‌گه‌ر ده‌ڵێن كورد له به‌ڕێوه‌بردنی وه‌زاره‌ته سیادییه‌كان سه‌ركه‌وتوو نییه، وه‌زاره‌تی دارایی له دوای 2003ه‌وه له ده‌ستی شیعه بوو، بۆچی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراقیان ئاوه‌دان نه‌كرده‌وه.
له‌باره‌ی پرسی بڕینی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانیش حوسێن دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه، كه بابه‌ته‌كه بریتییه له هه‌ڵمه‌تێكی سیاسی، به‌ڵام شكست ده‌هێنێت، وه‌ك چۆن هه‌ڵمه‌ته سیاسییه‌كانی پێشوویش شكستیان هێنا.
ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی شیعه‌كان له كاتێكدایه كه كورد و سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان هه‌میشه دووپاتیان له‌وه كردووه‌ته‌وه كه نابێ كورد به هاووڵاتی پله دوو و سێ له عێراق هه‌ژمار بكرێت، بڕینی بودجه‌ی كوردستانیش بۆ ملكه‌چی كردنی خه‌ڵكی كوردستان و ڕه‌زامه‌ندبوونه به‌وه‌ی كه هاووڵاتی پله دوون به به‌راورد به هاووڵاتییانی تری عێراق، هاوكات به ڕه‌وانه‌بینینی پێدانی وه‌زاره‌تی سیادی به كورد له حكوومه‌تی نوێی عێراق به ته‌واوی ده‌رخه‌ری ئه‌و سیاسه‌ته‌یه.
ئێسته لایه‌نه‌كانی شیعه له هه‌وڵدان بۆ ئه‌وه‌ی دۆسیه له دژی فوئاد حوسێن وه‌زیری دارایی عێراق بجوڵێنن، له به‌رانبه‌ر ناردنی پاره و بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان، به‌وه‌ی سامانی گشتی به هه‌ده‌رداوه، به‌ڵام سیاسییه‌كان و شاره‌زایان دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه ئه‌گه‌ر شیعه‌كان له خه‌می به‌هه‌ده‌ردانی سامانی گشتیدان، بۆچی له‌و سه‌دان ملیار دۆلاره ناكۆڵنه‌وه كه له دوای 2003 له‌لایه‌ن خودی شیعه‌كانه‌وه له داهات و سامانی گشتی بۆ گیرفانی چه‌ند به‌رپرسێكی شیعه دزرا و تا ئێسته‌یش هه‌ر كاتێك داواكاری گشتی و ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی باس له‌و دۆسیه‌یه بكه‌ن، به كوشتن و له‌ناوبردنی خێزانه‌كانیان بێده‌نگیان ده‌كه‌ن.
گۆڕانكاری له كابینه‌ی حكوومه‌ته‌كه‌ی كازمی كراوه و سبه‌یش كارنامه به په‌رله‌مان ده‌دات
ئه‌و پێشڤه‌چوونانه‌ی شیعه دژی كورد له كاتێكدایه كه به گوێره‌ی زانیارییه‌كان بڕیاره مسته‌فا كازمی دوا كۆبوونه‌وه له باره‌ی پێكهێنانی حكوومه‌ته‌كه‌ی ئه‌مڕۆ ئه‌نجام بدات و به‌شێك له
سه‌رچاوه‌كانیش دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه پێشبینی ده‌كرێ ڕۆژی یه‌كشه‌می داهاتوو، دانیشتنی په‌رله‌مانی عێراق بۆ متمانه‌دان به كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق به سه‌رۆكایه‌تیی مسته‌فا كازمی به‌ڕێوه بچێت.
میدیاكانی عێراق باس له‌وه ده‌كه‌ن كه كازمی به گوێگرتن له لایه‌نه‌كانی شیعه گۆڕانكاری له چوار وه‌زاره‌تی حكوومه‌ته‌كه‌ی كردووه و ئێسته‌یش كاره‌كانی كابینه وه‌زارییه‌كه‌ی كۆتایی هاتووه و چه‌ند وه‌زاره‌تێك به به‌تاڵی ماونه‌ته‌وه، هاوكات سه‌رچاوه‌كان له به‌غدا دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه ئه‌مڕۆ چوارشه‌م كازمی به‌رنامه‌ی حكوومه‌ته‌كه‌ی و نووسراوی فه‌رمی ئاراسته‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی واده‌ی دانیشتنی متمانه‌دان به حكوومه‌ت دیاریی بكه‌ن.
له‌باره‌ی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی كه كراون به‌شێك له سه‌رچاوه‌كان زانیاری دزه‌پێكراویان بڵاوكردووه‌ته‌وه و دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه نازانرێ به وردی كام وه‌زاره‌تن گۆڕانكارییان تێدا كراوه، به‌ڵام به گشتی له ئه‌نجامی دوا دانوستاندنه‌كانی كازمی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی شیعه و بۆ ڕازیكردنیان زۆرترین نه‌رمی بۆ نواندوون، بۆ ئه‌وه‌ی تووشی هه‌مان چاره‌نووسی محه‌مه‌د عه‌لاوی و عه‌دنان زورفی نه‌بێته‌وه.
هه‌رچه‌نده پێشتر له‌باره‌ی پشكی كورد له كابینه‌كه‌ی كازمی ڕه‌زامه‌ندی دابوو كه كورد خۆیان وه‌زاره‌ته‌كان دیاریی بكه‌ن، به‌ڵام له‌لایه‌ن شیعه‌كانه‌وه ڕووبه‌ڕووی هه‌ڵمه‌تێكی گه‌وره بووه‌وه، پاش ئه‌و دانوستاندنانه‌ی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی شیعه‌یش كردوویه‌تی نازانرێ كه نه‌خشه‌ی نوێی حكوومه‌ته‌كه‌ی چۆن داڕێژراوه‌ته‌وه.