هۆشدارییه‌ك له‌ ته‌ندروستی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌

:: PM:05:43:29/04/2020 ‌

ڤایرۆسی کۆرۆنا بەردەوامە لە بڵاو بوونەوە. ڕۆژانە ئامارەکانی تووشبوون و گیان لەدەستدان بەو ڤایرۆسەیش تۆمار دەکرێت، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستانیش داوا لە هاووڵاتییان دەکات بە کەم لە مەترسییەکانی کۆرۆنا نەڕوانن، چونکە مەترسیەکانی بەردەوامە.

لە هەرێمی کوردستان کۆی گشتیی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ گەشتە "366" تووشبوو لەنێویاندا پێنج مردوو هەیە و "324" نەخۆش چاک بووەتەوە و ئەوانی تر هەموویان لەژێر چاودێریی پزیشکیدان و تەندروستیی سەرجەمیشیان جێگیرە.

  1. لەمبارەیەوە، محەمەد قادر گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان بۆ "وشە" گوتی، مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەردەوامە لە سەرانسەری دنیادا و لە هەرێمی کوردستانیش، ئەگەر حاڵەتیش تۆمار نەکرێت، ئەوا هەر مەترسییەکەی بەردەوامە، چونکە کۆرۆنا دەکرێت بەبێ دەرکەوتنی نیشانە لە کەسێکدا هەبێت و ئەو کەسانەش لە کۆمەڵگادا هەبن و مەترسین بۆ سەر کەسانیتریش، چونکە چەندان نموونە هەن کە سەرچاوەکانیان نەزانراوە، واتا لە گەشت نەگەڕاونەتەوە و بەرکەوتەشیان لەگەڵ تووشبووانی تر نەبووە.

مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەردەوامە لە سەرانسەری دنیادا بە هەرێمی کوردستانیشەوە

ئەوەیشی ئاشکرا کرد، ئەگەر پابەندنەبین بە ڕێنوێنییەکان، ئەوا لەوانەیە ئەو ڕێکار و ڕێنماییانەی ئێستە گرتوومانەبەر و ڤایرۆسەکەمان کۆنترۆڵ کردووە، لەوانەیە بکەڕێینەوە خاڵی سفر و ئەگەری ئەوەی دەبێت کە شەپۆلێکی ئێجگار بەرز دروست بێت، بۆیە داواکارین کە هاووڵاتییان مەترسییەکان بە کەم نەزانن و زیاد لە پێویست دڵخۆش نەبین، چونکە پێویستە بەردەوام بین لەسەر ئەو خۆپارێزیانە.

جێگای باسە، لە هەرێمی کوردستان نۆ هەزار و 196 هاووڵاتی لە سەرەتاوە تا ئێستە لە کەرەنتینەدابوون، بەڵام ئێستە تەنیا هەزار و 602 هاووڵاتی لە کەرەنتین ماونەتەوە لە "33" شوێنی جیاوازدا، هەروەها حەوت هەزار و 594 هاووڵاتی لە کەرەنتین دەرچوونە و گەڕانەوە ناو خانەوادەکانیان دوای تەواو بوونی ماوەی دوو هەفتە لەگەڵ کەڕەنتین کردنی ژمارەیەکی تری کەرەنتین کراو لە 24 سەعاتیی ڕابردوو کە کۆی گشتی بریتی بوو "165" هاووڵاتی.

سلێمانی/ لۆڤە محەمەد


وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان