گەندەڵییەكی گوتەبێژی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێم ئاشكرا دەبێت

:: PM:01:18:02/05/2020 ‌
گوتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان، پێداویستی گشتی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی بەكار دەهێنێت، ئەوەیش سەرپێچییە لە ڕێنوێنییەكانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان.

بەپێی بەدواداچوونێكی "وشە" محەمەد گۆمەشینی گوتەبیژی دەستەی مافی مرۆڤ فێڵێكی كردووە كە دەچێتە چوارچێوەی گەندەڵییەوە، ئەویش بریتییە لە بەكارهێنانی خزمەتگوزاریی گشتی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی كە ئۆتۆمبێلی حكوومییە.

هیچ فەرمانبەرێك دوای دەوام نابێ ئۆتۆمبێلی حكوومەتی لابێت و ئەوەش سەرپێچییە
بەگوێرەی رێنوێنییەكانی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ و دارایی، هیچ فەرمانبەرێك دوای دەوام نابێ ئۆتۆمبێلی حكوومەتی لابێت و ئەوەش سەرپێچییە.

ئەو ئۆتۆمبێلەی محەمەد گۆمەشینی بەكاری دەهێنێت، ئۆتۆمبێلی دەستەی مافی مرۆڤە بە ژمارە 21 پیكاب بە پێچەوانەی یاسا و رێنوێنییەكان، ئەوەش بەهۆی فێڵكردن لە حكوومەت كە ئۆتۆمبێلەكەیان بەناوی شۆفێرێكی تر كردووە لە دەستە و پێیان گوتووە ئۆتۆمبێلەكەت پێ نادەین و بە محەمەد گۆمەشینی دراوە، واتە بە نووسراو ئۆتۆمبێلەكە لای كەسێكە و لەسەر شەقامیش لای گوتەبێژی دەستەیە.

بەمەیش ئەو فێڵە لە حكوومەت كراوە تا ئۆتۆمبێلەكە بكرێتە خزمەتگوزاری و پارەی مانگانەی بەنزین و رۆن و چاككردنەوە بكەوێتە سەر دارایی دەوڵەت، ئەوەش دیسان گەندەڵییەكی گەورەیە. 

بەپێی ڕێنوێنییەكانی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ، ئۆتۆمبێلەكانی خزمەتگوزاری دەبێت سەعات چوار لە فەرمانگەكان رابگیرێن و كاریان پێ نەكرێت، بەڵام گوتەبیژی دەستە 24 سەعات پیاسەی پێ دەكات و تەنانەت لە كاتی قەدەغەی هاتوچۆش تابلۆی شینی بەكار دەهێنا و چەندان جار لەسەر شەقامەكانی كۆیە و هەڤاڵان و 100 مەتری بینراوە.

پێویستە بگوترێت گوتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دەرچووی كۆمەڵناسییە و بەهۆی حزبەوە/یەكێتی/ كراوەتە بەرپرسی بەشی راگەیاندن و كۆمەڵناسی و راگەیاندن كە زۆر لەیەك دوورن و تەنانەت پێچەوانەی ناونیشانی وەزیفین.



وشە - تایبه‌ت