یەکێتیی زانایانی هەولێر: كردنەوەی مزگەوتەكان بەبێ‌ گوێدانە ڕێنوێنییەكان لادانە لە ئاین

:: PM:12:05:04/05/2020 ‌
پارێزگاری هەولێر ڕای گەیاند، پێویستە مامۆستایانی ئاینی كەمێكی تر پشوودرێژ بن بۆ كردنەوەی مزگەوتەكان. سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتی زانایانی هەولێریش گوتی، كردنەوەی مزگەوتەكان بەبێ‌ گوێدانە ڕێنوێنییەكان، لادانە لە ئاین.

ئەمڕۆ دووشەم چواری ئایار، فرسەت سۆفی پارێزگای هەولێر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، سوپاسی مامۆستایانی ئاینی دەكەین لە سنووری پارێزگای هەولێر پابەند بوون بە ڕێنوێنییە تەندروستییەكان كە ئەوە جێی ڕێزە.

داواكارین مامۆستایانی ئاینی كەمێكی تر پشوودرێژ بن
پارێزگای هەولێر لەبارەی كردنەوەی مزگەوتەكان گوتی، داواكارین مامۆستایانی ئاینی كەمێكی تر پشوودرێژ بن، تا بتوانین بەیەكەوە سەرجەم دەرگەی مزگەوت و خانەقاكان بكەینەوە.

ئاشكرای كرد، پێویستە هاووڵاتییان زیاتر پابەندبن تا هەموومان پارێزراو بین و هاووڵاتییان دەبێت ئەركی خۆیان جێبەجێ‌ بكەن تا كاریگەری ڤایرۆسی كۆرۆنا كەم بێتەوە.

لەبارەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە تەلار ستی گوتی، تیمە تەندروستییەكان سەرجەم ئەركی خۆیان جێبەجێ‌ كرد و دەتوانین بڵێین هیچ پاشماوەیەك لەو شوێنە نەماوە، دوو هەزار پشكنین كراوە و هیچ بەركەوتەیەكی تر لە شوێنەكە نەبووە.

نیاز شێخ ڕاغب سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتی زانایانی كوردستان گوتی، داواكارین هاوشێوەی زانكۆ و قوتابخانەكانیش كە بڕیار درا بە كردنەوەیان، بڕیار بدرێت بە كردنەوەی مزگەوتەكانیش.

سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتی زانایان گوتی، بەكردنەوەی مزگەوتەكان بەبێ‌ گوێدانە ڕێنوێنییەكان، لادانە لە ئاین، تا بەرپرسانی تەندروستی پێمان دەڵێن مەترسی نەماوە، ئەوكات مزگەوتەكان دەكرێنەوە.







وشە - رامیار جەواد