نهێنییەكی تر لەسەر كوشتنی ئەو كچەی لە ماڵێكی سلێمانی تەرمەكەی دۆزرایەوە

:: PM:02:35:04/05/2020 ‌
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ڕاگەیاند، ئەو تۆمەتبارانەی لە هەفتەی رابردوودا كچێكیان كوشت، گیراون و ددانیان ناوە بە تاوانەكەدا و دەستبەسەرن.

ئەمڕۆ دووشەم چواری ئایار، سەركەوت ئەحمەد گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رای گەیاند، سێ تۆمەتبار كە بكوژی كچەكەی گەڕەكی چوارچرای شاری سلێمانین لە هەفتەی رابردوودا، لەلایەن پۆلیسەوە گیراون و ددانیان ناوە بە تاوانەكەدا  و دەستبەسەرن.

ئەو شەوە لەو ماڵەدا پێكەوە ماونەتەوە و بۆ ڕۆژی دواتر كێشە لە نێوان دووان لە تۆمەتبارەكان دروست بووە 
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی گوتی، ئەو سێ تۆمەتبارە یەكێكیان كە بكوژی كچەكەیە و ئەو كەسەیە كە تەقەی لێ كردووە، لەدایكبووی ساڵی 1993یە و خێزاندارە و كاسبە، یەكێكی تر لە تۆمەتبارەكان ناوی "ك. ا. م"ـە و لەدایكبووی 1994یە، ئەوی تریان ناوی "م. ا. م"ـە و لەدایكبووی 1997ە و كاسبە.

باسی لەوەش كرد، بەپێی لێكۆڵینەوەكان یەكێك لە تۆمەتبارەكان هاوڕێی كچە كوژراوەكە بووە، كچەكە لەگەڵ ئەودا ڕۆیشتووە بۆ ئەو ماڵە كە ئەو دوو تۆمەتبارەی تری لێ بووە، ئەو شەوە لەو ماڵەدا پێكەوە ماونەتەوە و بۆ ڕۆژی دواتر كێشە لە نێوان دووان لە تۆمەتبارەكان دروست بووە، یەكێكیان فیشەكێكی ناوە بە سەری كچەكەوە، هەرچەندە بە برینداری گەیەنراوەتە نەخۆشخانە، بەڵام بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لە دەست داوە.

"ئەو بەڵگانەی لە تاوانەكە دۆزراونەتەوە، دەمانچەیەك و قەوانێك كە لە هەمان دەمانچە دەرچووە، لەگەڵ سەرە فیشەكێك كە لە سەری كچەكە دەرچووە و بەدیوارەكەوە بووە". گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی وای گوت.

شەوی 26ی نیسان لە ماڵێكی سلێمانی كچێكی تەمەن 19 ساڵ تەرمەكەی دۆزرایەوە و ئەو رووداوە كاردانەوەی لەناو خەڵك و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لێ‌ كەوتەوە.



وشە - رامیار جەواد