هۆکاری دواخستنی کۆبوونەوەی یەکێتی و پارتی ئاشکرا بوو

:: PM:05:24:08/05/2020 ‌
هەرچەندە بڕیاربوو، سبەی شەموو کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە شاری هەولێر بەڕێوەبچێت، بەڵام کۆبوونەوەکە ناکرێت و دواخراوە.

لە بارەی ئەو گرژی و ئاڵۆزیانەی نێوان هەردوولا کە لە رابردوو دروستبووە
ئەمڕۆ هەینی هه‌شتى  ئایار، سەعدی پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بڕیاربوو سبەی شەموو نۆى ئایار، کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی بکرێت لە شاری هەولێر لە بارەی ئەو گرژی و ئاڵۆزیانەی نێوان هەردوولا کە لە رابردوو دروستبووە.

زیاتر گوتى، کۆبوونەوەکەی سبەی شەموو ناکرێت و دواخراوە تا کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی بەڕێوەبچێت و دوای کۆبوونەوەی سەرکردایەتی کاتێک دیاری دەکرێت بۆ ئەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسی کۆببنەوە لەسەر ئەو پرس و کێشانەی نێوانیان.

لای خۆیەوە تابان عەبدوڵا، بڕیاردەری ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەڵێ کۆبوونەوەی سبەی هەردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی لە هەولێر دواخراوە بۆ کاتێکی تر.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - محەمەد میران