به‌هۆی نه‌بوونی یاسایه‌كی به‌هێز بۆ پاراستنی ژنان له توندوتیژی، ئاماره‌كانی توندوتیژی له كه‌ركووك ڕووی له زیادبوون کردووە، دادگاكانی ئه‌و شاره پڕ بوون له كێشه‌ی ژنان.
بڕگه‌ی یه‌كی ماده‌ی 41ی یاسای سزادانی عێراقی، مافی ته‌مبێكردنی ژنی به پیاو داوه
ئه‌مڕۆ سێشه‌م 13ی ئایار، سروود ئه‌حمه‌د به‌رپرسی كۆمه‌ڵه‌ی هیوا بۆ داكۆكی له مافی ژنان له كه‌ركووك به "وشه"ی ڕگه‌یاند، "پێش كۆرۆنا و له سه‌رده‌می كۆرۆنا و دواتریش ماوەی كه‌ره‌نتینكردن، شه‌پۆلی توندوتیژی ناو خێزان و وه‌ك هه‌موو جارێكیش پشكی شێری قوربانییه‌كه به‌ر ژنان كه‌تووه و ڕێژه‌كه به‌ره‌و لووتكه ڕۆیشتووه".
زیاتر گوتی، "هه‌ر له‌ماوه‌ی كه‌ره‌نتیندا به‌هۆی توندوتیژی به‌رانبه‌ر ژنان، حه‌وت ژن به‌هۆی خۆكوژی گیانیان له ده‌ست داوه و چه‌ندانی تریش ڕووبه‌ڕووی شكاندن و ئازاری جه‌سته و برینداركردن بوونه‌ته‌وه".
ڕوونی كرده‌وه، "هۆكاری توندوتیژی و خۆكوژی به‌هۆی مامه‌ڵه‌ی خراپ له‌لایه‌ن هاوسه‌ر، سووتاندن و خۆسووتاندن به‌هۆی كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی، برینداركردن، گێچه‌ڵی سێكسی بۆ سه‌ر نه‌وجه‌وانان و خۆكوشتنی ژنان له كه‌ركووك هه‌یه و ئاماره‌كان به‌فه‌رمی نازانرێت به‌هۆی ناهاوئاهه‌نگی له نێوان ئێمه و لایه‌نی ته‌ناهی".
به‌پێی زانیارییه‌كانی ده‌ست "وشه" كه‌وتووه، له ماوەی كه‌ره‌نتیندا توندوتیژی به‌رانبه‌ر ژنان زیادی كردووه، له گه‌رمیانیش به‌هۆی لێدانی قورسه‌وه هه‌شت بۆ نۆ دۆسیه‌ی قورسی توندوتیژی هه‌بووه و لایه‌نی پێوه‌ندیدار سه‌رقاڵی چارهسهركردنیانن.
شایه‌نی باسه جگه له هه‌رێمی كوردستان، له كه‌ركووك و ناوچه‌كانی تری جێناكۆكیش هیچ په‌ناگه‌یه‌ك بۆ ژنه هه‌ڕه‌شه‌لێكراوه‌كان نییه، له‌لایه‌كی تر له عێراق هیچ ناوه‌ندێكی فه‌رمیش نییه بۆ كۆكردنه‌وه و بڵاوكردنه‌وه‌ی ته‌واوی ئاماره‌كانی توندوتیژی خێزانی.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له عێراق یاسایه‌كی تایبه‌ت بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی نییه، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه بڕگه‌ی یه‌كی ماده‌ی 41ی یاسای سزادانی عێراقی، مافی ته‌مبێكردنی ژنی به پیاو داوه، هه‌رچه‌نده دادگای فیدراڵی له 2019 ره‌تی كرده‌وه ئه‌و بڕگه‌یه به مانای ڕێپێدان بێت به توندوتیژی دژی خێزانی، کەچی بووه‌ته پاساوی زۆرینه‌ی دۆسیه‌كانی لێدان و توندوتیژی.