نوێنەری سەرجەم وەزارەتەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە قەرزییان بە هاووڵاتییان داوە، چەند بڕیارێكیان لەسەر وەرگرتنەوەی قەرزەكان دەركرد.
ئەمڕۆ دووشەم 18ـی ئایار، بەپێی ئەو ڕاگەیەنراوەی بەڕێوەبەرایەتی قەرزی بچووك بڵاوی كردووەتەوە و تێدا هاتووە، چەند بڕیار و پێشنیارێك بۆ سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران ئامادە كراوە بۆ دانەوەی قەرزەكان.
لە بڕیارەكاندا ئاشكرا كراوە، بە جێبەجێكردنی فەرمانی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (2928) لە 11/4/2020 تایبەت بە هەڵوەشانەوەی دەزگای ئایندەی گەش بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتی سندووقی پشتیوانی پڕۆژە بچووكەكانی لاوان لە رێی لیژنەی پێكهێنراو لە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران.
دواخستنی پارەی قیست سەرجـەم سوودمەندانی پڕۆژەی قەرزی بچووك لە هەرێمی كوردستان، بەهۆی ئەو بارودۆخە نەخوازراوەی كە ڕووبەڕووی خاوەن پڕۆژەكان بووەتەوە
باس لەوەش كراوە، دواخستنی پارەی قیست سەرجـەم سوودمەندانی پڕۆژەی قەرزی بچووك لە هەرێمی كوردستان، بەهۆی ئەو بارودۆخە نەخوازراوەی كە ڕووبەڕووی خاوەن پڕۆژەكان بووەتەوە، وەك پاڵپشتییەك بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا , (COVD-19)كە هۆكارە بۆ دواكەوتن لە گەڕانەوەی قیست یاخۆ راوەستان و داخستنی زۆرینەی پڕۆژەكان و تووشی زیان بوونەتەوە، لە دووی كانوونی دووەم تا 31ـی ئابی 2020 كاری پێ دەكرێت.
ئەوەش ئاشكرا كراوە لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار بۆ ئاراستەكردنی نووسراویك بۆ سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بەمەبەستی لیخۆشبوون، رێژەی (50%) لەو بڕە پارەی كە ماوە بگەڕێتەوە لەو سوودمەندانەی كە كۆچی دوایان كردووە، بە مەرجێك هەموو پارەكە بە یەك گوژمە بگەڕێتەوە لە ماوەیەكی دیاریكراو.
"هاوئاهەنگیی زیاتر لەگەڵ رێكخراوی (GIZ) ی ئەڵمانی بە مەبەستی ئەنجامدانی پڕۆژەی هاوبەش بۆ پاڵپشتیكردنی پڕۆژەی بچووك لە ساڵانی داهاتوو بۆ گەنجانی (خانەخوێ و ئاوارە و پەنابەر) لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان بە پێی ئەو بودجەی تەرخانكراوی رێكخراو بە رەچاوكردنی (ژمارەی دانیشتووان و جێندەر و جۆری پڕۆژەكان و باری كۆمەڵایەتی و خاوەن پێداویستی تایبەت". لە ڕاگەیەنراوەكەی بەڕێوەبەرایەتی قەرزی بچووك واهاتووە.