سووتاندنی دەغڵودان جۆرێكی تری تەعریبە لە ناوچە كوردستانییەكان

:: PM:12:46:19/05/2020 ‌

ساڵانێكە لەكاتی وەرزی دروێنەدا، زەوی و دەغڵودانی جووتیارانی كورد لە ناوچە كوردستانییەكان دەسووتێنرێت و رەنجی جووتیاران بەهەدر دەچێ، ئێستە كە وەرزی دروێنە دەستی پێ كردووە، جووتیاران و شوفێرانی دەڕاسە لە ترسی رفاندنیان یان كوژرانیان ناوێرن بەرهەمەكە بدروونەوە و تەنیا شوفێرە عەرەبەكان گیانیان پارێزراوە، ئەمەش بە جۆرێكی تری تەعریبكردنی كورد هەژمار دەكرێت.

یاوەری حاجی عەزیز وەك شۆفێرێكی دەڕاسە لە شارۆكەی كەلار بۆ "وشە" گوتی، پێش سێ ساڵ پێش رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، جووتیارانی گەرمیان و شارەزوور بە لێشاو روویان لە ناوچە كوردستانییەكان دەكرد بۆ دروێنەكردنی دەغڵودان، بەڵام بە پێچەوانەوە ماوەی سێ ساڵە شۆفێرانی عەرەب كە جووتیارن و دەڕاسەیان هەیە بە لێشاو روو لە  ناوچە كوردستانییەكان دەكەن.
دۆخی تەناهی و سیاسی لە بەرژەوەندی جووتیاران و شۆفێرانی دەڕاسەی عەرەبە

ئەو گوتی، دۆخی تەناهی و سیاسی لە بەرژەوەندی جووتیاران و شۆفێرانی دەڕاسەی عەرەبە، پرسیار ئەوەیە بۆچی ئەوان ترسیان نییە و ناكرێنە ئامانج، كەچی جووتیارانی كورد شوفێرانیان دەكرێنە ئامانج.

ئەو بەڵگەی بۆ قسەكانی هێنایەوە كە لە سەرەتای ئەم وەرزەی دروێنەدا لە سنووری ناوچە كوردستانییەكان تەنیا دوو شوفێری دەڕاسەی كورد كوژراون.

هاوكات حوسێن محەمەد بەرپرسی لقی گەرمیانی یەكێتی جووتیارانی كوردستان بە "وشە"ی  راگەیاند، ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵی پار شۆفێرانی دەڕاسە لە سنووری ئیدارەی گەرمیان  و دەڤەری شارەزوور  بەهۆی  مەترسییەكانی  تیرۆریستانی داعشەوە ناتوانن لە ناوچە كوردستانییەكانی دیالە، دروێنەی دەغڵودانی جووتیاران بكەن.
هیچ گرەنتییەك نییە لەوەی كە نەرفێنرێن و پاشتر نەكوژرێن.

وەك زیاتر خستیەڕوو، شوفێرانی دەڕاسە دەڵێن ژیانیان پارێزراو نییە و هیچ گرەنتییەك نییە لەوەی كە نەرفێنرێن و پاشتر نەكوژرێن.

ئەو بەرپرسەی جووتیاران باسی لەوەش كرد،  ئێستە كاری دروێنەكردن بووەتە كارێكی مەترسیدار و لەزۆر جێ شۆفێرە عەرەبەكان كە دەڕاسەیان هەیە دروێنە دەكەن.

لە لایەكی ترەوە عەمید دیار شەوكەوت بەڕێوەبەری پۆلیسی خانەقین بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، بە پێی لێكۆڵینەوەكانیان لەكاتی رفاندن و كوشتنی دوو جووتیاری كورد لە سنووری خانەقین كە شوفێری دەڕاسە بوون، لە هەمان جێ شوفێری تری دەڕاسە هەبوون بەنەتەوە عەرەب بوون، كەچی هیچ قسە لەگەڵ ئەواندا نەكراوە و هیچ زیانێكیان پێ نەگەیشتووە و ئەوەش پێشانی دەدات ئامانجی داعش تەنیا كوشتنی كوردە.
هۆكاری سیاسی لە پشتی سووتاندنی دەغڵودانی جووتیارانی كوردە

بەڵام كەمال ئیبراهیم بەرپرسی لیژنەی ناوچەی قەرەتەپەی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ "وشە" دووپاتی كردەوە، هۆكاری سیاسی لە پشتی سووتاندنی دەغڵودانی جووتیارانی كوردە، جگە لەزیانی ئابووری كە تیرۆریستان و شۆڤێنییەكان دەیانەوێ بەو هەنگاوەیان جووتیارانی كورد زەوی و زاریان بەجێبهێڵن و چیتر دەغڵودان نەچێنن و واز لە چاندنی گەنم و جۆ بهێنن.

ئەو دەڵێت " تیرۆر و تەعریب جۆری زۆرە، سووتانی دەغڵودانی جووتیاران نوێترین جۆری تەعریب و تیرۆرە كە لەدوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە وەك چەكێكی تیرۆریستان و شۆڤێنییەكان بەرانبەر بە كوردانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان پیادە دەكرێت."
تەنیا بەگەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە ناوچە كوردستانییەكان، دەتوانرێت پێشی شەپۆلی سووتانی دەغڵودانی جووتیاران بگیرێت.

ئەو بەرپرسەی پارتی باسی لەوەش كرد، تەنیا بەگەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ سنووری ناوچە كوردستانییەكان، دەتوانرێت پێشی شەپۆلی سووتانی دەغڵودانی  جووتیاران بگیرێت.
114 رووداوی ئاگركەوتنەوە لە دەغڵودان تۆمار كراوە

بەپێی بەدواداچوونەكانی "وشە" و بەپێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرگریی شارستانی عێراق، ئەو ئاگرانەی لە وەرزی دروێنەدا لە عێراق كەوتوونەتەوە، زیاتر زیانیان بە زەوی و دەغڵودانی جووتیارانی پارێزگاكانی كەركووك و دیالە گەیاندووە.

بەپێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی عێراق، لە 21/3/2020 وە تا 17/5/2020 لە تەواوی عێراق بەناوچە كوردستانییەكانەوە  114 رووداوی ئاگركەوتنەوە لە دەغڵودان تۆمار كراوە، هاوكات ئەوە خراوتەڕوو بە سووتانی 666 دۆنم زەوی، كەركوك زۆرترین زەوی دەغڵودانی سووتێنراوە. دوای كەركووكویش دیالە دێت بەتایبەت لە ناوچە كوردستانییەكان كە 551 دۆنمی سووتاوە.

كامەران عەبدوڵا بەڕێوەبەری كشتوكاڵی خانەقین سەر بەهەرێمی كوردستان، نەیشاردەوە كە كردنە ئامانجی دەغڵودانی ناوچە كوردستانییەكان لە هەموو ناوچەكانی تری عێراق زیاترە، چونكە ئاگری دەغڵودانی ناوچەكوردستانییەكان هیچی سروشتی نییە و دەستی تیرۆریستان و شۆڤێنییەكانی لە پشتەوەیە.
جووتیارانی كورد ناچار دەكەن كە واز لە پیشەی كشتوكاڵی بهێنن.

وەك زیاتر تیشكی خستە سەر، ناوچە كوردستانییەكان خاوەنی خاكی بەپیتی كشتوكاڵین و  تیرۆریستان و شۆڤێنییەكان بەم جەنگە سیاسییە ئابوورییەیان خەریكە جووتیارانی كورد ناچار دەكەن كە واز لە پیشەی كشتوكاڵی بهێنن.

عەقید مەریوان محەمەد بەڕێوەبەری پۆلیسی شارۆكەی دووبز لە سنووری كەركووك بۆ "وشە" دووپاتی كردەوە، داعش لەپشتی سووتانی زەوی جووتیارانەوەیە.

ئەو بەرپرسەی پۆلیس بۆ بەڵگەی گوتەكانی، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە ئەوان وەك پۆلیس لە رێی كامێرای حەرارییەوە بینیویانە چەكدارانی داعش زەوی جووتیاران دەسووتێنن.

ئەوەشی خستەڕوو، داعشیش وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی سوودی لە بۆشای تەناهی وەرگرتووە .


وشە/سەبری هۆرینی




وشە - سلێمان تاشان

ئه‌م بابه‌ته 107 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌