ڕه‌نگه ئه‌مه پرسیارێكی سه‌یریش بێ، چونكه ئه‌گه‌ر وردی بكه‌ینه‌وه، شۆڕش بریتییه له په‌رچه‌كردار دژ به سته‌م یان هێزێكی داگیركه‌ر، چۆن موزیك به‌و ناسكییهی خۆیه‌وه ده‌بێته هۆی دروستكردنی شۆڕش، به دڵنیاییه‌وه ده‌كرێ هانده‌ر و یارمه‌تیده‌ر بێ، به‌ڵام له توركیا ته‌نانه‌ت ستراتیش به جیاخوازی و هه‌ڵگیرسێنه‌ری شۆڕش داده‌نرێ، له‌به‌ر ئه‌وه له سه‌رده‌مه جیا جیاكان زۆرترین سترانبێژ سته‌میان به‌رانبه‌ر كراوه و بوونه‌ته قوربانی یان چه‌ندان ساڵ له گرتووخانه ماونه‌ته‌وه.
گرووپی موزیكی یوروم كه له ساڵی 1985 دامه‌زراوه و گرووپێكی چه‌پڕه‌ون و سترانی شۆڕشگێری به كوردی و توركی ده‌چڕن، ئامانجیان باشتركردنی ژیانی خه‌ڵك و كۆتاییهێنانه به جیاكانی و سته‌م له یه‌كتر كردن، ئه‌وان له ماوه‌ی ئه‌و ساڵانه ناوبانگێكی یه‌كجار زۆریان په‌یدا كرد و دوای ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌كی زۆر له توركیا قه‌ده‌غه‌بوون، كه‌چی له 2010 ڕێیان پێ درا و له یاریگه‌ری ئینونوی ئیسته‌نبۆل ئاهه‌نگێكیان سازكرد و سه‌رجه‌م ئاههنگهكانیشیان به‌خۆڕایی بوو، زیاتر له 55 هه‌زار كه‌س ئاماده‌ی بوون.
له ڕاستیدا ئه‌ندامانی گرووپه‌كه كه‌سانی زۆر مه‌ده‌نی و ئاشتیخوازن و جیا له ئامێره‌كانی موزیك و ده‌نگیان هیچ شتێكی تریان نییه و له ژیانیان چه‌كیان نه‌قاندووه، به‌ڵام بوون به ئه‌ندامی ئه‌و گرووپه موزیكییه یه‌كێكه له كاره مه‌ترسیداره‌كان له توركیا و كه‌س ناوێری خۆی له قه‌ره‌ی بدات.
له پاش كوده‌تا شكستخواردووه‌كه‌ی 2016ی توركیا له دوا ساته‌كانی ده‌ستپێكردنی كۆنسێرتێكی تریان، به فه‌رمانی حكوومه‌ت كۆنسێرته مه‌زنه‌كه‌یان هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه و سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی گرووپه‌كه‌یش خرانه گرتووخانه‌وه و باره‌گه‌كانیان داخرا و ئه‌لبوومی سترانهكانیان له ستۆدیۆكان قه‌ده‌غه كرا و له تۆڕی ئینته‌رنێتیش زۆرترین فلته‌ریان خرایه‌سه‌ر، به بیانووی ئه‌وه‌ی گرووپه سه‌ر به "تیرۆر"ن، له كاتێكدایه ئه‌وان ئاشتیخواز و موزیكژه‌ن و ده‌نگبێژن، گوتن و ستران له هیچ سه‌رده‌مێك تاوان نه‌بووه و به تاوان هه‌ژمار نه‌كراوه.
ستران و موزیك دیارده‌یه‌كی ئاشتیخوازانه‌ن و هیچ كات چه‌ك نین ببنه هۆی كوشتنی مرۆڤ
ئیبراهیم جوكجیك كه یه‌كێك له ژه‌نیارانی گرووپه‌كه و له نامه‌یه‌كی له گرتووخانه بۆ ڕۆژنامه‌ی "مۆرنینگ ستار" نووسیویه‌تی، هۆكاری بوونمان له گرتووخانه "تیرۆره" ئێمه سترانهكانمان له‌سه‌ر نه‌دانی كرێی كرێكارانه كه له كانه‌كانی خه‌ڵووز و له ژێر زه‌وی كار ده‌كه‌ن، ئامانجمان كه‌مكردنه‌وه‌ی تاوانه له‌لایه‌ن گرووته تاوانكارهكانهوه، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی زیاتر نه‌بنه قوربانی ده‌ستیان، ده‌مانه‌وێ جووتیاران كۆمه‌ك بكرێن و به سووك سه‌یریان نه‌كرێ، دژی ڕووخاندنی خانووی هاووڵاتییانیان جا كورد بێ یان هه‌ر پێكهاته‌یه‌كی تری توركیا، ئایا ئه‌مه "تیرۆره"؟. ئێمه ته‌نیا ستران ده‌ڵێین، به ژیانمان هیچ گومان و تاوانێكیشمان له‌سه‌ر نه‌بووه له دۆسیه‌یه‌كی كوشتن دا، سترانگوتن بووه‌ته تاوان، نه‌فره‌ت له‌و سیاسه‌ته.
له دوای گرتنیان پێنج له ئه‌ندامانی گرووپه‌كه مانیان له خواردن گرت و دوای ماوه‌یه‌كی زۆر هیلین بولوكی ته‌مه‌ن 28 ساڵ له گرتووخانه گیانی له ده‌ست دا و دوا وشه‌یشی ئه‌وه بوو به‌رده‌وام بن له مانگرتن له خواردن و دژ به سته‌م بوه‌ستنه‌وه، هاوكات ئیبراهیم جوكجیك له پێنجی ئایار/مایۆ له گرتووخانه به‌هه‌مانشێوه به‌هۆی مانگرتن له خواره‌وه گیانی له ده‌ست دا، سێ گیراوه‌كه‌ی تر و هاوسه‌ری جوكجیك به زۆر مانگرتنیان پێ شكێنرا و بڕیاره به تۆمه‌تی "تیرۆر" دادگایی بكرێن.
هۆكاری سه‌ره‌كی تۆمه‌تباركردنی ئه‌و گرووپه به "تیرۆر" گوتنی سترانه به زمانی كوردی، ئه‌مه‌یش له كاتێكدایه پێشتر حكوومه‌تی توركیا خۆی كه‌ناڵی ئاسمانی به زمانی كوردی كرده‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه بیانووێكی ناڕه‌وایه و به‌شێكه له پرسی قڕكردنی گه‌لێك.
جیا له توركیا داگیركه‌رانی تری كوردستانیش سانسۆریان له‌سه‌ر سترانی كوردی داناوه و هونه‌رمه‌ند و سترانبێژانیان خستووه‌ته گرتووخانه‌وه
هه‌ر ئه‌مه نییه و پێشتر نه‌دیم دوراك سترانبێژێكی گه‌نج بوو و به‌هۆی گوتنی ستران به كوردییه‌وه حوكمی پێنج ساڵ گرتنی بۆ ده‌ركرا و ئێسته ته‌نیا نۆ مانگی له ماوه‌ی به‌ندكردنه‌كه‌ی تێپه‌ڕیوه.
له ڕاستیدا پرسی
ستران و موزیك و تێكه‌ڵكردنی به شۆڕش و به‌رخودان له كولتووری كوردی دیارده‌یه‌كی زۆر فره‌وان و باوه و ڕه‌نگه له كولتووری زۆربه‌ی گه‌لانی تری دنیا كاری له‌م چه‌شنه بوونی نه‌بووبێت، پێشتریش له‌لایه‌ن حكوومه‌تی به‌عسی عێراق و سووریا له‌سه‌ر گوتنی ستران به زمانی كوردی زۆرێك له هونه‌رمه‌ندان گیراون و خراونه‌ته گرتووخانه‌وه و سزای قورسیان بۆ دراوه، به‌كارهێنانی كۆد و نهێنیش له نێو سترانه‌كان و به‌ستنه‌وه‌ی كوردستان به دڵدار و عشق و به سیمبۆلكردنی سترانه‌كان یه‌كێكه له‌و هونه‌رانه‌ی كه سترانبێژانی كوردستان دایانهێناوه، بۆ ئه‌وه‌ی په‌یامی گه‌لی سته‌مدیده‌ی كورد بگه‌یه‌نن و جۆش و خرۆشیش بخه‌نه نێو دڵی خه‌ڵكه‌وه و هانیان بده‌ن تا زیاتر بۆ دۆزی ڕه‌وای گه‌له‌كه‌یان تێ بكۆشن، ئه‌مه نه‌ك ته‌نیا ستران، به‌ڵكوو شێوه‌كاری و شانۆ و سه‌رجه‌م هونه‌ره‌كانی تریش له سه‌رده‌می سته‌می چوار وڵاته‌كه بۆ گه‌یاندنی په‌یام له‌لایه‌ن كورده‌وه، كراونه‌ته سیمبۆل و ته‌نانه‌ت دوژمنان ڕێیان نه‌داوه كوردان به هونه‌ریش داخی دڵی خۆیان بخه‌نه‌ڕوو و لاوانه‌وه بۆ سته‌م و مه‌ینه‌تییه‌كانی ده‌ستی زۆرداران بكه‌ن.