حیساباتی فەلەكناسی رۆژی جەژن لە زۆرینەی وڵاتان دیاری دەكات

:: PM:05:11:20/05/2020 ‌

مانگی رەمەزان لە 24ی نیسانی رابردوو دەستی پێ كرد، بە حیساباتی ئاینی دەست پێكردن و كۆتاهاتنی ئەو مانگە دیار نییە و دەكەوێتە سەر بینینی مانگ، بۆیە لە زۆرێك لە وڵاتان كە لەو رۆژە دەستیان پێ كردووە، بڕیارە ئێوارەی هەینی داهاتوو چاودێری بینینی مانگ بكەن، بەڵام حیساباتی فەلەكناسی بینینی مانگ لەو ساتە بە زەحمەت دەزانێت.
ئێوارەی هەینی بینین مانگ زەحمەتە
بەپێی ناوەندی فەلەكناسی نێودەوڵەتی، كە بارەگاكەی لە ئیماراتە، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە زۆرینەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی رەنگە یەكشەمی داهاتوو وەك یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزان رابگەیەنن، لەوكاتەی لەو وڵاتانە لە ئێوارەی 29ی رەمەزانەوە لەلایەن لیژنەی بینینی شەرعی مانگ چاودێری بینین دەكەن و ئەگەر بینرا، رۆژی دوای ئەوە دەبێتە جەژن و ئەگەر نەبینرا، 30 رۆژ تەواو دەبێت و رۆژی دوای ئەو رۆژە دەبێتە جەژن.

لە بەشێك لە وڵاتانی دنیا پشت بە حیساباتی فەلەكناسی دەبەستن، وەك لە توونس، كە راگەیندراوە بینینی مانگ لە ئێوارەی هەینی ئەستەمە، بەوەیش رۆژی یەكشەم دەبێتە یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزان، هەروەها بەپێی بەیاننامەی ناوەندی فەلەكناسی نێودەوڵەتی لە ئیمارات، بینینی مانگ لە ئێوارەی هەینی داهاتوو لە زۆرینەی وڵاتانی ئیسلامی ئەستەم دەبێت، ئەوەیش بەهۆی ئاوابوونی مانگ لەپێش خۆرەوە، بۆیە ئەو وڵاتانە 30 رۆژی مانگی رەمەزان تەواو دەكەن و جەژن دەكەوێتە یەكشەمی داهاتوو.   





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل