په‌یامێك له‌ سه‌رۆك بارزانییه‌وه‌.. داواكارییه‌كی‌ له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان هه‌یه‌

:: PM:03:17:23/05/2020 ‌
سه‌رۆك بارزانی‌ به‌ بۆنه‌ی جه‌ژنی ڕه‌مه‌زان په‌یامێكی‌ بڵاو كرده‌وه‌ و ڕای‌ گه‌یاندووه‌، "به‌ ده‌رفه‌تی‌ ده‌زانم كه‌ داوا له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌م، له‌پێناو ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ته‌حه‌دییات و تێپه‌ڕاندنی ئه‌م دۆخه‌ ناهه‌مواره‌ له‌ ئاست به‌رپرسیارێتیی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیدا بن و ڕێگه‌ی ته‌بایی و برایه‌تی و یه‌كڕیزی بگرنه‌ به‌ر".

ئه‌مڕۆ شه‌موو 23ی‌ ئایار، سه‌رۆك بارزانی‌ له‌ په‌یامێكدا رای‌ گه‌یاندووه‌، به‌بۆنه‌ی هاتنی جه‌ژنی ڕه‌مه‌زانی پیرۆزه‌وه‌ گه‌رمترین پیرۆزبایی ئاراسته‌ی موسڵمانانی جیهان و عێراق به‌ گشتی و موسڵمانانی كوردستان به‌ تایبه‌تی ده‌كه‌م. پیرۆزبایی جه‌ژنی ڕه‌مه‌زان له‌ خانه‌واده‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان و هه‌روه‌ها كارمه‌ندانی ده‌زگا ئه‌منی و ته‌ندروستییه‌كانی كوردستان و هه‌موو لایه‌نه‌ پێوه‌ندیداره‌كان ده‌كه‌م كه‌ له‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگی ڕابردوو له‌پێناو پاراستنی سه‌لامه‌تیی هاووڵاتیان زه‌حمه‌ت و شه‌ونخونیی زۆریان بینیوه‌.

هه‌رێمی كوردستان له‌ دۆخێكی ناهه‌موار و هه‌ستیار و له‌به‌رده‌م ته‌حه‌ددیاتی تازه‌دایه‌
سه‌رۆك بارزانی‌ ده‌ڵێ‌، به‌هۆی په‌تای كۆرۆنا و ته‌نگژه‌ سیاسییه‌كانی عێراق و دۆخی خه‌راپی ئابووریی ناوخۆیی و جیهانی، هه‌رێمی كوردستان له‌ دۆخێكی ناهه‌موار و هه‌ستیار و له‌به‌رده‌م ته‌حه‌ددیاتی تازه‌دایه‌. 

" جه‌ژنی ڕه‌مه‌زانی پیرۆز به‌ ده‌رفه‌ت ده‌زانم كه‌ داوا له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌م، له‌پێناو ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ته‌حه‌دییات و تێپه‌ڕاندنی ئه‌م دۆخه‌ ناهه‌مواره‌ له‌ ئاست به‌رپرسیارێتیی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیدا بن و ڕێگه‌ی ته‌بایی و برایه‌تی و یه‌كڕیزی بگرنه‌ به‌ر" سه‌رۆك بارزانی‌ وا ده‌ڵێ‌. 

داوا له‌ گشت لایه‌ك ده‌كه‌م له‌بری یه‌كترشكاندن و دروستكردنی گرژی و ناكۆكیی زیاتر، پێكه‌وه‌ و بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كانی خه‌ڵك بكه‌ن
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ داوا له‌ گشت لایه‌ك ده‌كه‌م له‌بری یه‌كترشكاندن و دروستكردنی گرژی و ناكۆكیی زیاتر، پێكه‌وه‌ و بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كانی خه‌ڵك و نه‌هێشتنی كۆسپ و ته‌گه‌ره‌كانی به‌رده‌م گه‌لی كوردستان هاوكاری یه‌كتر بن. "ئه‌وه‌ چاوه‌ڕوانیی خه‌ڵكی كوردستانه‌ له‌ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و هه‌رچی ده‌ستكه‌وت و سه‌ركه‌وتنی گه‌لی كوردستانیش هه‌بووه‌ له‌ سایه‌ی یه‌كڕیزی و هه‌ست به‌ به‌رپرسیارێتی لایه‌نه‌كان هاتووه‌ته‌ كایه‌وه‌. له‌وه‌یش دڵنیام كه‌ گه‌لی كوردستان پشت به‌ خودای گه‌وره‌ به‌ سه‌ربه‌رزییه‌وه‌ ناخۆشی و قه‌یرانه‌كان تێده‌په‌ڕێنێت".

هیوای خۆشی و به‌خته‌وه‌ری بۆ گشت هاووڵاتیانی خۆشه‌ویستی كوردستان ده‌خوازم
له‌ كۆتایشدا ده‌ڵێت، له‌و بۆنه‌ پیرۆزه‌دا هیوای خۆشی و به‌خته‌وه‌ری بۆ گشت هاووڵاتیانی خۆشه‌ویستی كوردستان ده‌خوازم و ئومێدی ئه‌وه‌ ده‌خوازم خودای گه‌وره‌ ڕۆژوو و عیباده‌تی هه‌موو موسڵمانانی قبووڵ كردبێت و ئه‌و جه‌ژنه‌ ببێته‌ مایه‌ كۆتایهاتنی تیرۆر و نه‌خۆشی و نه‌هامه‌تییه‌كان و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئارامی و ئاشتی بۆ سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تی.
 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم