دوای ئەو سەردانە كتوپڕەی وەزیری دارایی عێراق بۆ سعوودیە و گەیاندنی پەیامێكی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە دووەم هەفتەی وەرگرتنی دەسەڵات، پێ دەچێت ئەو هەنگاوەی كازمی نەیاری توندی لەلایەن هێز و گرووپە شیعەكانی نزیك لە ئێران هەبێت، تا ئاستی هەوڵدانی بۆ شێواندنی و جۆشدانی شەقامی عێراق لە دژی و گەڕان بەدوای پاساو بۆ دوورخستنەوەی عێراق و سعوودیە، ئەگەرچی لەو دۆخەی ئێستە عێراق سوودمەندە لەو پێوەندییە، جیا لە هەوڵەكانیان لە دژی بوونی ئەمەریكا لە عێراق.
چوار هەزار تیرۆریستی رەوانەی عێراق كردووە
دوای سەردانەكەی عەلی عەبدولئەمیر عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق بۆ ریازی پایەتەختی سعوودیە، ئەو نامەیەكی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق گەیاندە محەمەد كوڕی سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە، وەك باڵوێزخانەی عێراق لەو وڵاتە رای گەیاند، وەزیری دارایی و نەوت بە وەكالەت، وەك نێردراوی سەرۆك وەزیرانی عێراق گەیشتە سعوودیە، لەلایەن وەزیرانی دارایی و بازرگانی و سەرۆكی ئەنجوومەنی هاوئاهەنگی عێراقی-سعوودی پێشوازی كرا.
لە میانی گفتوگۆكانی هەردوولا، وەزیری دارایی عێراق نامەیەكی سەرۆك وەزیرانی عێراقی ئاراستەكراو بۆ محەمەد كوڕی سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە رادەستكردن، جیا لە باسكردنی هاریكاری نێوان هەردوو وڵات و چۆنیەتی كاراكردنی زیاتری، لایەنی عێراقی لەو كۆبوونەوانە دووپاتی كردەوە كە سوورن و رژدن لەسەر پەرەپێدانی پێوەندییەكان لەگەڵ سعوودیە لە هەموو بوارەكان، بەتایبەتی سەرۆك وەزیرانی عێراق سوورە لەسەر كاراكردنەوەی هاریكاری لەگەڵ سعوودیە لە هەموو بوارەكان بە شێوەیەكی خێرا بە مەبەستی سوودی دارایی بۆیان.
باڵوێزخانەكە گوتی، هەردوولا دووپاتیان لە كردنەوەی دەروازەی سنووری عەرعەر لە نێوان هەردوو وڵات كردەوە، كە هۆكارێكی سەرەكییە لە دروستكردنی بازدان لە هاریكاری ئابووری و وەبەرهێنان لە نێوانیاندا.
لای خۆیەوە وەزیرانی دارایی و بازرگانی سعوودیە دووپاتیان كردەوە كە سعوودیە و شا و شازادەكەی، خاوەن رەوتێكی جێگیرن لە پێویستی پەرەپێدانی پێوەندییەكانیان لەگەڵ عێراق لە هەموو بوارەكان و ئامادەیی سعوودیەشیان پێشان دا بۆ كرانەوە بە رووی عێراق، و دەست پێكردنەوەی هاریكاری ئابووری و بازرگانی و دارایی لە نێوان هەردوو وڵات و ئاماژەیان كرد كە كەرتی تایبەتی سعوودیە بە هەموو تواناكانییەوە، ئامادەیە بۆ هاتنە ناو بازاڕی عێراق و وەبەرهێنانكردن بە شێوەیەكی هەردوولا سوومەندبن.
وەزیری دارایی عێراق چاوی بە وەزیری وزەی سعوودیە كەوت و تاوتوێی هاریكاری نەوتیان لە نێوان هەردوو وڵات كرد و ئەگەری سوودبینین لە سەرمایەی سعوودیە و باسی نرخی جیهانی نەوتیان كرد لە سایەی ئەو دابەزینەی تووشی هاتووەتەوە بەهۆی پەتای كۆرۆناوە، جیا لە گرنگی پابەندی بە رێككەوتنی "ئۆپێك پلەس"، بۆ كەمكردنەوەی بەرهەمهێنان.
هەروەها وەزیری دارایی عێراق چاوی بە وەزیری دەرەوەی سعوودیە كەوتووە و دووپاتیان لە قووڵی پێوەندییەكانی هەردوولا كردەوە، حكوومەتی عێراق ئامادەیی هەیە بۆ پتەوكردنی پێوەندییەكانی لەگەڵ سعوودیە و هاوئاهەنگی لە هەڵوێستەكان لە پرسە عەرەبی و نێودەوڵەتییەكان كە لای هەردوولا گرنگن، لایەنی سعوودی پاڵپشتی بۆ عێراق دووپات كردەوە بۆ رووبەڕووبونەوەی تیرۆر و پاڵپشتی سعوودیە بۆ عێراق لە هەموو بوارەكان.
هاوكات لەگەڵ سەردانەكەی وەزیری دارایی عێراق بۆ سعوودیە كە مەبەستی پتەوكردنی پێوەندییەكانی عێراق بووە لەگەڵ ئەو وڵاتە، تۆمارێكی دەنگی وەزیری وەزیری دەرەوەی عومان كە قسە لەگەڵ موعەمەر قەزافی، سەرۆكی كوژراوی لیبیا دەكات، دوێنێ هەینی بڵاو كرایەوە كە تیایدا باسی ئەوە دەكات سعوودیە چوار هەزار تیرۆریستی رەوانەی عێراق كردووە بۆ بەشداریكردن لە جەنگ لەو وڵاتەدا.
ئەگەرچی ئەو بابەتە نوێ نییە، فازڵ جابر، پەرلەمانتاری "فەتح"، دەڵێت، پێویستە كازمی گفتوگۆیەكی رژد لەگەڵ لایەنی سعوودیە بكات لەبارەی ئەو تۆمارە دەنگییەی یووسف بن عەلەوی، وەزیری دەرەوەی عومان، كە تیایدا رەوانەكردنی چوار هەزار تیرۆریست لەلایەن سعوودیە بۆ عێراق دەكات، چونكە ئەوە كارێكی مەترسیدارە و دووپاتی دەكاتەوە كە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە تیرۆریستانی سعوودی رەوانەی عێراق دەكەن، بە مەبەستی وێرانكردنی وڵات و كوشتنی گەلەكەی، بۆیە پێویستە گفتوگۆ لەوبارەوە بكرێت.
لای خۆیەوە نەعیم عەبوودی، ئەندامی لیستی "سادیقوون"، سەر بە عەسائیب ئەهلولحەق، لە تویتێك نووسیویەتی، ئەگەر حسێبی بكەین، چوار هەزار تیرۆریست لێرە و پێنج هەزار خۆكوژیش پێش 2007، هەموو ئەوانە لە یەك دەوڵەتی عەرەبییەوە هاتووەن، وەك ئاماژە بۆ سعوودیە، مەبەستی ئەوان پارچەپارەچە كردنی جەستەی عێراقییەكانە.
زیاتر گوتی، لێرە پرسیارێك دێتە ئاراوە، چ ئاستێكی رق و كینەیە كە ئەو وڵاتە بۆ ئێمەی هەیە و بۆچی؟
هاوكات
كەریم علێوی، پەرلەمانتاری شیعەی عێراق گوتی، چەند بازنەیەكی هەواڵگری ئیسرائیلی لە بنكەی سەربازییەكانی عێراق هەن كە هێزەكانی ئەمەریكا لەخۆ دەگرن، ئەوان زانیاری لەبارەی دۆخی عێراق كۆدەكەنەوە، ئەوەیش نوێ نییە و ساڵانێكە هەن، ئەمەریكا و ئیسرائیل یەك ئامانجیان بە عێراق هەیە، هاریكاریشیان رێكە لەگەڵ ئەو ئەجیندایەی هەوڵی جێبەجێكردنی دەدەن، ئەویش زیانگەیاندنە بە عێراق، بۆیە ئەو فڕۆكە بێفڕۆكەوانانەی لە ماوەی رابردوو حەشدی شەعبیان بۆردمان كرد، زانیاریان لەو بازنە هەواڵگریانە دەست كەوتووە.