شەش تووشبووی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێم تۆمار كران

:: PM:05:34:23/05/2020 ‌

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سەرانسەری دنیا بەردەوامە و ژمارەی قوربانیان پێنج ملیۆن و 340 هەزار تووشبوو و ژمارەی حاڵەتی مردنیش گەیشتووەتە سەرووی 340 هەزار حاڵەت، ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستی هەرێم تۆماركردنی شەش حاڵەتی نوێی تووشبوونی لە هەولێر و دهۆك راگەیاند.

هەموویان لە بەغدا گەڕاونەتەوە
وەك لە راگەندراوی وەزارەتی تەندروستیدا هاتووە، لە بەردەوامی پشكنین و گەڕان بەدوای گومانلێكراوان، تووشبووێكی تری ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ COVID-19 لە پارێزگای هەولێر دەستنیشان كرا، ئەویش پزیشكێكی شاری هەولێری پیاو تەمەن 38 ساڵە، كە قوتابی خوێندنی باڵا (بورد- دكتورا)یە بۆ پسپۆڕی هەناو لە نەخۆشخانەكانی شاری بغدا، دوای گەڕانەوەی و وەرگرتنی نموونەی پشكنینی تاقیگە، ئەنجام پۆزەتیف دەرچوو.

هەر ئەمڕۆ لە راگەنراوێكی تری وەزارەتی تەندروستی هاتووە، پێنج تووشبووی تری ڤایرۆسی كۆرۆنا لە پارێزگای دهۆك دەستنیشان كران، هەموویان پیاون و دانیشتووی شارۆكەی ئاكرێن، كە پاسەوانن لەسەر میلاكی حكوومەتی عێراق، تەمەنیان 38 و 37 و 37 و 36 و 30 ساڵن، دوای تەواوبوونی دەوامیان لە بەغدا و گەڕانەوەیان و وەرگرتنی نموونەی پشكنینی تاقیگە، دەرەنجام پۆزەتیف دەرچوون.

لە ماوەی چەند مانگی رابردوو، هاوكات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی خێرای ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵاتانی دنیا، هەرێمی كوردستان بەهۆی رێوشوێنەكانی حكوومەتی هەرێم و وەزارەتەكانی تەندروستی و ناوخۆی وەریان گرت بۆ رووبەڕووبوونەوەی، توانرا تا رادەیەكی باش سەركەوتن بەسەر ڤایرۆسەكە بەدەست بێت، بەڵام لە ماوەی دوایی چەند حاڵەتێكی تووشبوون دەركەوتووەتەوە، ئەوەیش پێویستی بە پابەندی زیاتری هاووڵاتییان بە رێوشوێنەكانی خۆپارێزی هەیە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل