ڕێنوێنییەکانی پەروەردە بۆ قوتابخانە ناحکووییەکان لاوازە

:: PM:07:43:25/05/2020 ‌

بەهۆی کۆرۆناوە لە مانگی شوباتی ئەمساڵەوە دەرگای قوتابخانەکان داخراوە و خویندنگا نموونەیەکانیش بەهەمان شێوە دەوامیان نەبووە، بەهۆی ئەوەی خوێندن بەپارەیە لەو خوێندنگایانە، هیچ بڕیارێکی قەرەبوو کردنەوەی مادیی بۆ خوێندکاران نییە کە پارەیەکی زۆریان داوە.

جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی رای گەیاند، بەهۆی ئەوەی ئەو دۆخەی ئەمساڵ تووشی بووین بارودۆخێکی مەترسیداربووە و گرێبەست لەگەڵ خوێندکار کراوە ناکرێ ئەو پارەیان بۆ بگێڕێتەوە، چونکە قوتابخانەکانیش گرێبەستیان لەگەڵ مامۆستا و فەرمانبەر و کارگوزارەکان کردووە و پارەیان دەدەنێ.

لەم بارەیەوە ئایار عومەر محەمەد جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، وەزارەتی پەروەردە تەنیا ڕێنوێنی بۆ خوێندنی ئەمساڵ بڵاو کردووەتەوە و هیچ ڕێنوێنییەکی بۆ خوێندنگە نموونەییەکان ئەوانەی بە پارە تێیدا دەخوێنریت نییە.

لەو حاڵەتەدا هیچ قەرەبووکردنەوەیەک نییە ئەمساڵی خوێندن بڕیاری لەسەردراوە بەوەی دەرچوون و پەڕینەوە هەیە

زیاتر گوتی، لە راستیدا ئەوەی ئەمساڵ تووشی بووین، نەخۆشییەکی مەترسیدار و سرووشتی بووە و هۆکاری داخستنی دەوام و قوتابخانەکان دەستکرد نەبووە و بەهۆی کۆرۆناوە بووە، لەلایەکی تریشەوە گرێبەست لە نێوان قوتابخانە و کەسوکاری قوتابییەکان کراوە بۆ ئەمساڵی خوێندن و پارەیان لێ وەرگیراوە.

ئەوەیشی خستەڕوو، قوتابخانەکانیش بەهەمان شێوە گرێبەستیان لەگەڵ مامۆستایانی خۆیان و فەرمانبەر و کارگوزارەکان کردووە، دەبێت مانگانە پارەیان بدەنێ هەر وەک چۆن سێ مانگە دەوام نەبووە و مووچەشیان داوە، خۆ ناکرێ مووچە نەدەن چونکە گرێبەستەو کراوە و هۆکاری نەبوونی دەوامیش گشتی بووە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان