ژنێك بە تۆمەتی سەربڕینی پۆلیسەکەی کەرکووک گیرا

:: PM:12:30:27/05/2020 ‌
جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕای دەگەیەنێت، ژنێك بە تۆمەتی سەربڕینی پۆلیسە كوردەكەی كەركووك گیراوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 27ـی  ئایار، لە ڕاگەیەنراوێكی نووسینگەی دكتۆر بەشیر خەلیل حەداد جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هاتووە، درەنگانی شەوی رابردوو بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاكەوتنی كەركووك، پێوەندی بە بەشیر حەدادەوە كرد و هەواڵی گرتنی یەكێك لە تۆمەتبارانی ئەو كەیسەی پێ راگەیاند.

ژنێكیان گرت كە یەكێكە لە تۆمەتبارانی ئەو رووداوە
‎ڕوون كراوەتەوە، بەگوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی فریاكەوتنی كەركووك، دوای راسپاردن و لەسەر رێنوێنیی جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هەوڵەكانیان چڕ كردەوە بۆ دەستنیشانكردن و گرتنی تۆمەتبارانی بكوژی "بەهجەت ئەنوەر" و لە ئەنجامدا ژنێكیان گرت كە یەكێكە لە تۆمەتبارانی ئەو رووداوە.

دوێنی جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق داوای لە بەرپرسانی پۆلیس كرد پەلە بكەن لە دۆزینەوەی تاوانبارانی ئەو پۆلیسە.

یەكەمین ڕۆژی جەژن ئەو پۆلیسە كوردە بە سەربڕاوی لە ناو ئۆتۆمبێلەكەی دۆزرایەوە و لە بەشێكی زۆری میدیاكان باس كرا.



وشە - رامیار جەواد