بۆینگ 12 هەزار فەرمانبەری دوور خستەوە

:: AM:09:47:28/05/2020 ‌

كۆمپانیای فڕۆكەسازیی بۆینگ ئاشكرای كرد، لە پڕۆژە و پلانی نوێی كۆمپانیاكە بۆ كاركردن لە سەردەمی كۆرۆنا، پێداچوونەوەیەكی وردی كردووە، بەڵام لەو پلانەدا 12  هەزار فەرمانبەر و كرێكار لە كارەكانیان دوور دەخرێنەوە.

كۆمپانیاكە پێشبینی كردووە جگە لەو 12 هەزار كەسە، لە دوو مانگی داهاتوودا بە هەزاران كەسی تر لە پیشەكانیان دوور بخرێنەوە. لە مانگی نیسانی ئەمساڵیش كۆمپانیاكە گوتبووی تا كۆتایی ئەمساڵ 10% لە فەرمانبەرانی كۆمپانیاكە پیشەكانیان لە دەست دەدەن. كۆی ژمارەی فەرمانبەران و كرێكارانی بۆینگ لە تەواوی دنیادا دەگاتە 160 هەزار كەس.

لەژێر كاریگەرییەكانی كۆرۆنا كڕیارەكانی ئەو  كۆمپانیایە لە تەواوی دنیا كەمی كردووە، بۆیەش لەپێناو كەمكردنەوەی خەرجییەكان و خۆپاراستن لە زیانی زیاتر، هەوڵی داوە بەشێك لە كرێكارەكانی دوور بخاتەوە و چالاكییەكانیشی سنووردار بكات.
لەوەتەی ساڵی 1962ەوە بە خراپترین دۆخی كۆمپانیاكە هەژمار دەكرێت.

بەگوێرەی رادیۆ فەردا، رێك دوو مانگە كۆمپانیاكە هیچ گرێبەستێكی فرۆشتنی فڕۆكەی ئەنجام نەداوە و ئەمەش لەوەتەی ساڵی 1962ەوە بە خراپترین دۆخی كۆمپانیاكە هەژمار دەكرێت.

تەنگژەی دارایی لە كۆمپانیای بۆینگ ساڵی رابردوو دوای ئەوە دەستی پێ كرد كە دوو فڕۆكەی مۆدێل 737maxی كۆمپانیاكە كەوتنە خوارەوە و كۆمپانیاكەش بڕیاری دا تەواوی فڕۆكەكانی هاوشێوە لە فڕین بوەستێنێت، دواتریش كۆرۆنای بەسەردا هات كە دۆخەكەی هێندەی ترخراپ كرد.



وشە - سلێمان تاشان