راپۆرتێك: رووسیا لە رێگەی نەوتەوە دەسەڵاتی لە عێراق بەهێز دەكات

:: PM:08:19:28/05/2020 ‌

كێبەركێكی زلهێزەكان لەسەر سەرچاوەی وزە، بە مەبەستی پتەوكردنی پێگەیان لەسەر نەخشەی وەزەی دنیا بەردەوامە، عێراق بە بەردەوام وەك خاكێكی دەوڵەمەند بە سەرچاوەی وزە سەیر كراوە و پێگەیەكی گرنگی لەو نەخشەیەدا هەبووە، بۆیەش كێبەركێیەكی رانەگەندراوی ئەو زلهێزانە لەسەر بەستنی پێوەندی و رێككەوتن لەگەڵ عێراق هەیە، بەتایبەتی ئەمەریكا و چین و رووسیا، راپۆرتێك ئاماژە بۆ زیادبوونی دەسترۆیشتووی رووسیا لە بواری نەوت لە باشووری عێراق دەكات.
ئامانجە بازرگانی و سیاسییەكانی رووسیا تێكهەڵكێشن
لەوكاتەی كۆمپانیای "لۆك ئۆیڵ"ی رووسی كیڵگەی نەوتی رۆژئاوای قورنە-2 بەڕێوە دەبات كە رۆژانە نزیكەی 400 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دێنێت، راپۆرتێكی ماڵپەڕی "ئۆیڵ پرایس"، تایبەت بە بواری وزە ئاشكرای كردووە كە رووسیا هەوڵی بەهێزكردنی دەسترۆیشتوویی لە بواری نەوت لە باشووری عێراق دەدات، بەشێوەیەك لەگەڵ دەسەڵاتەكانی لە هەرێمی كوردستان بگونجێت و یەكسان بێت بە دەسەڵاتەكانی چین لە باشووری عێراق.

راپۆرتەكە دەڵێت، دوای ئەوەی كۆمپانیای "رووسنەفت" كە ئیگۆڕ سیچین، كەسایەتی نزیك لە ڤلادیمێر پووتین، سەرۆكی رووسیا سەرۆكایەتی دەكات، توانی لە نۆڤێمبەری 2017 كۆنترۆڵی كەرتی نەوت و گازی هەرێكی كوردستان بكات، ئێستە رووسیا چاوی لەوەیە سوود لە بوونێكی بەهێزی هاوشێوە لە باشووری عێراق ببینێت، راستە لە ماوەی چەند مانگی رابردوو بەهۆی ئاڵۆزییەكانی عێراق لەدوای كوژرانی قاسم سلێمانی، رووسیا هەوڵی خۆدوورخستنەوەی لە عێراق دا، بەڵام وا خەریكە دەگەڕێتەوە، ئەوەیش دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو مەكسیم ماكسیمۆڤ، باڵوێزی رووسیا لە عێراق رای گەیاند كە كۆمپانیاكانی رووسیا ئامادەن بە پارەیەكی زۆر وەبەرهێنان لە كەرتی وزەی عێراق بكەن. 

راپۆرتەكە ئاماژە دەكات كە ئەوە شێوازی رووسیایە و ئەو قسانە پێچەوانەی نیازەكانی تری مۆسكۆن كە ئامانجیان زیادكردنی ئامادەبوونی رووسیایە لە باشووری بەغدا، لەوكاتەی راپۆرتێكی "رۆیتەرز"، لە 2018 ئاماژەی كرد كە جموجۆڵەكانی "رووسنەفت" لە هەرێمی كوردستان، دەری دەخات كە چۆن كرملین ئەو كۆمپانیایە بەكاردێنێت وەك ئامرازێك بۆ سیاسەتی دەرەوەی لە دنیا، بەوەیش ئامانجەكەی تەنیا بازرگانی نییە، بەڵكو بۆ بەهێزكردنی دەسترۆیشتوویی سیاسیانەی رووسیایە لە عێراق و رۆژهەڵا تی ناوەڕاست.   






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل