"چاكسازی خواستی گەلە و زۆرینەی حزبە سیاسییەكان پاڵپشتی لێ دەكەن"

:: PM:08:42:28/05/2020 ‌

حزبە سیاسییەكان بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە لەگەڵ جێبەجێكردنی یاسای چاكسازیدان بۆ ئەم دۆخەی ئێستەی هەرێم و بە ڕێگەچارەیەكی گونجاوی دەزانن بۆ دەرچوونی هەرێم لەو دۆخەی تێی كەوتووە.
چاكسازی بۆ قۆناغی ئێستە زۆر گرنگە
یاسای چاكسازی كەلە پەرلەمانی كوردستان دەنگی لەسەر دراوە و حكوومەتی هەرێم خستوویەتییە بواری جێبەجێكردنەوە، هەندێك گرفت و لەمپەری بۆ دروستكراوە، حزبە سیاسییەكان پشتیوانی لێ دەكەن.

حاجی مەسیفی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان ئەمڕۆ پێنجشەم 28ی ئایار، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، دەبوو لە یەكەم خولی پەرلەمان و حكوومەتدا یاسای چاكسازی جێبەجێ بكرایا، چونكە چاكسازی پێویستە و ئەوەی ئێستە هەیە دەرەنجامی ئەنجامنەدانی چاكسازییە، روونی كردەوە، چاكسازی بابەتێكی گرنگە بۆ ئەمڕۆی كوردستان، بۆیە پشتیوانی لێ دەكەین.

جەلال محەمەدئەمین، ئەندامی فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، یاسای چاكسازی لە ئەنجوومەنی وەزیرانە و ڕێنوێنی بۆ دەركراوە بە مەبەستی جێبەجێكردنی، ئاماژەی كرد، ماوەی 60 ڕۆژ بۆ جێبەجێكردنی یاساكە دانرابوو، لە هەندێ لایشەوە یاساكە هەنگاوی باشی بڕیوە و كاری لەسەر كراوە.

لەبارەی مووچەخۆرانی بندیواریشەوە پەرلەمانتارەكەی گۆڕان گوتی، ئەوە حكوومەتی هەرێم لیژنەی بۆ پێكدەهێنێت، لەسەر ئاستی وەزارەت و ئەنجوومەنی پارێزگاكانیش كاری لەسەر دەكرێت، هاوكات پەرلەمانتارەكەی گۆڕان پشتیوانی بزووتنەوەكەی بۆ یاسای چاكسازی دووپات كردەوە.

لای خۆیەوە ڕووپاك ئەحمەد، ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند كە ئەگەرچی فراكسیۆنەكەیان بەهۆی هەندێك تێبینی لەسەر یاساكە دەنگی پێ نەدا، بەڵام جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی بۆ قۆناغی ئێستە زۆر گرنگە.

دووپاتی كردەوە، پێویستە بە ویستەوە كار بۆ نەهێشتنی خانەنشینی نایاسایی و مووچەخۆری بندیوار و دوو مووچە و سێ مووچە بكرێت و چاكسازی ڕاستەقینە بكرێت، ئەگەر ئەوە بكرێت هەنگاوێكی باش دەبڕین.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل