بەغدا.. بەهۆی كۆرۆناوە داوای سەپاندنی قەدەغەی تەواوی هاتوچۆ دەكرێت

:: PM:09:13:28/05/2020 ‌

ئامارەكانی رۆژانە وەزارەتی تەندروستی عێراق رایان دەگەیەنێت سەبارەت بە ژمارەی حاڵەتەكانی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەتایبەتی لە بەغدای پایەتەخت، جێی مەترسین و بەرپرسانی شارەكە زەنگی مەترسی لێ دەدەن، پارێزگاری بەغدایش داوای درێژكردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ بۆ 14 رۆژی تر دەكات.
ئەگەری هەیە بەغدا لە كۆنترۆڵ دەربچێت
محەمەد جابر عەتا، پارێزگاری بەغدا دووپاتی كردەوە كە دۆخی تەندروستی لە بەغدای پایەتەخت بەهۆی زۆری ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا، خراپ بووە و ئاماژەی كرد كە تاكە رێگە بۆ دەرچوون لەو تەنگژە درێژكردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆی سەرانسەرییە، روونی كردەوە، ئەوە داواكاری ئێمە بوو بەر لە جەژن، بەڵام بەهۆی رەچاوكردنی دۆخی بژێوی كەسانی كەمدەرامەت، قەدەغەی ناوچەیی پێڕەو كرا.

پارێزگاری بەغدا روونی كردەوە، ئێستە دۆخەكە لە بەغدا تەقیوەتەوە و هیچ چارەسەرمان نییە جگە لە سەپاندنی قەدەغەی سەرانسەری بۆ ماوەی 14 رۆژ، هۆكارەكەیشی پابەندنەبوونی هاووڵاتییانە بە رێوشوێنە خۆپارێزییەكان كە وەزارەتی تەندروستی رای گەیاندوون، هاوكات داوای وەرگرتنی رێوشوێنی توندی خۆپارێزی كرد بۆ كۆنترۆڵكردنی پەتاكە، بەتایبەتی دوای دەركەوتنی نەخۆشییەكە لەناو منداڵان.

ئەمڕۆ پێنجشەم وەزارەتی تەندروستی عێراق رای گەیاند لە ماوەی 24 سەعاتی رابردوو 322 حاڵەتی نوێی تووشبوون و چوار حاڵەتی مردن هەبووە كە زۆرینەیان لە بەغدای پایەتەختن. 






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل