"پێویستە روونكردنەوە بدرێت دیلەكانی داعش چیان لێ دەكرێت"

:: PM:09:33:28/05/2020 ‌

دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا ژمارەیەك لە دیلەكانی داعش لەلایەن یەكێتی نیشتمانیی كوردستانەوە رادەستی راكان جبووری، پارێزگاری سەپێنراوی كەركووك و هۆزە عەرەبییەكان كرانەوە، ئەندامێكی پێشووی سەركردایەتی ئەو حزبە رای دەگەیەنێت، كەسوكاری شەهیدانی شەڕی داعش نیگەرانبوون لەو كارەی كە كرا و دووپاتی كردەوە، پێویستە روونكردنەوە بدرێت كە چیان لێ دەكرێت.
كەسوكاری شەهیدان زۆر نیگەرانكران
ئەمڕۆ پێنجشەم 28ی ئایار، محەمەد وەتمان، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، ئەوەندەی بزانم ئەو دیلانەی داعش كە لە ماوەی رابردوودا لە هەرێمەوە بەرەو كەركووك بردران، بۆ ئەوە بوو لەوێ سزایان بەسەردا بسەپێنرێت.

ئەو ئەندامەی سەكردایەتی نەیشاردەوە كە بە ئەنجامدانی ئەو كارە، كەسوكاری شەهیدان زۆر نیگەرانكران، چونكە ئەوان خوێنیان لەو پێناوەوە داوە و نیگەرانییەكەیشیان لە جێگەی خۆی بوو، بەڵام دەكرێ روونكردنەوەیان پێ بدرێ ئەگەر لەوێ حوكم دەدرێن.

وەتمان روونی كردەوە، ئەو دیلانەی داعش كە لە هەرێمەوە برانەوە بۆ شارەكانی تری عێراق، دەكرێ هەندێكی سزا بدرێن و هەندێكیشان ئازاد بكرێن، بۆیە لەو حاڵەتەدا پێویستە روونكردنەوە لەسەریان بدرێت كە چیان لێ دەكرێ.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل