حكوومه‌تی په‌كین له ئه‌نجامی هه‌وڵه سه‌ربه‌خۆخوازه‌كانی تایوان به توندی هاته ده‌نگ و دوو به‌رپرسی باڵای ئه‌و وڵاته دووپاتیان كرده‌وه، كه ئه‌گه‌ر هیچ بژاره‌یه‌ك له‌به‌رده‌م په‌كین نه‌مێنێت تا به ئاشتی ڕێ له سه‌ربه‌خۆیی تایوان بگرێ، ئه‌وا به دڵنیاییه‌وه دوا بژاره هه‌ڵده‌بژێرێت، كه بریتییه له ئه‌نجامدانی هێرشێكی فره‌وانی سه‌ربازی بۆ سه‌ر دوورگه‌ی تایوان.
لی زوو تشانگ سه‌رۆكی ده‌سته‌ی سوپاسالاری ئه‌نجوومه‌نی سه‌ربازی
چین له‌میانه‌ی گوتارێكدا ئه‌مڕۆ هه‌ینی له هۆڵی گه‌وره‌ی گه‌ل له په‌كین له ساڵیادی ده‌رچوواندنی یاسای ژماره 15ی ڕێگری له جیابوونه‌وه له چین گوتی، ده‌رگه‌كانی په‌كین به ڕووی تایوان كراوه‌یه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هیچ چاره‌سه‌رێكمان به ده‌سته‌وه نه‌مێنێ و بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و یاسایه، ده‌ست به ئۆپراسیۆنی سه‌ربازی دژی تایوان ده‌كه‌ین، چونكه ئه‌و دوورگه‌یه به‌شێكی دانه‌بڕاوه له چین و هه‌رگیز قبووڵی جیابوونه‌وه‌ی ناكه‌ین.
دوا بژاره ئه‌نجامدانی ئۆپراسیۆنێكی گه‌وره‌ی سه‌ربازییه بۆ سه‌ر تایوان
زیاتر گوتی، ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌تی یه‌كگرتنه‌وه‌مان به ئاشتیانه له ده‌ست دا، ئه‌وا هێزه چه‌كداره‌كانی په‌كین ئاماده‌ن كه گورزێكی گه‌وره بوه‌شێنن و به زه‌بری هێز ده‌سه‌ڵاتدارانی دوورگه‌كه دوور بخه‌نه‌وه و خه‌ڵكی دوورگه‌كه بگه‌ڕێننه‌وه باوه‌شی نیشتمانه‌كه‌یان كه چینی مه‌زنه.
هاوكات لی چان چوو سه‌رۆكی هه‌میشه‌یی لیژنه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی په‌رله‌مانی چین كه سێیه‌م كه‌سی ناو حزبی شیوعی ده‌سه‌ڵاتداری چینه، به هه‌مان بۆنه‌وه ئاشكرای كرد، كه هیوامان ئه‌وه‌یه به ڕێگه ئاشتیخوازه‌كان تایوان بگه‌ڕێنینه‌وه باوه‌شی نیشتمان، ئه‌گه‌ر هیچ چاره‌سه‌رێكی ئاشتیانهیش نه‌مێنێت، ئه‌وا بژاره‌ی سه‌ربازی دوا كارمان ده‌بێت، بۆ ڕێگری له جیابوونه‌وه‌ی تایوان له چین ده‌یگرینه‌به‌ر.