تیمه‌كانی مه‌له‌وانی و به‌رگری شارستانی له سنووری شارۆكه‌ی مێرگه‌سۆری سه‌ر به پارێزگای هه‌ولێر، دوای 10 ڕۆژ له گه‌ڕان، دواجار توانیان ته‌رمی ئه‌و گه‌نجه بدۆزنه‌وه كه له ڕووبارێكی ده‌ڤه‌ره‌كه خنكابوو.
عه‌مید عیماد ڕێكانی به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رگری شارستانی سۆران به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، ئه‌و گه‌نجه ناوی "ئونال كیفی عادل به‌گ" بوو و ته‌مه‌نی 20 ساڵان بووه و دانیشتووانی گوندی هه‌لانیایی شاره‌دێی شێروان مه‌زن بووه، له ڕۆژی 20ی ئه‌م مانگه (ئایار/مایۆ) كه‌وته ناو ئاوی ڕووباری چامه و خنكا.
زیاتر گوتی، پاش ئه‌وه‌ی تیمه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌مان ئاگه‌داری ڕووداوه‌كه كرایه‌وه، ژووری كۆنتڕۆڵ ده‌سبه‌جێ تیمی مه‌له‌وانی سه‌ر به بنكه‌ی به‌رگری شارستانی مێرگه‌سۆر و تیمی ئاماده‌باشی بنكه‌ی به‌رگری شارستانی شێروان مه‌زن گه‌یشتنه شوێنی ڕووداوه‌كه و ماوه‌ی نزیكه‌ی 10 ڕۆژه تیمه‌كان له گه‌ڕان به دوای ته‌رمی خنكاوه‌كه به‌رده‌وامن.
دوای 10 ڕۆژ گه‌ڕان دواجار ته‌رمه‌كه‌ی له ڕووبار دۆزرایه‌وه
ئاماژه‌ی دا، ئه‌مڕۆ هه‌ینی تیمه‌كانمان توانیان ته‌رمی گه‌نجه‌كه له ڕووباری زرارای سنووره‌كه بدۆزنه‌وه و له ئاو هێناویانه‌ته ده‌ره‌وه، بۆ دڵنیابوون له چۆنیه‌تی خنكانیشی ته‌رمه‌كه‌ی ڕه‌وانه‌ی پزیشكی دادی سۆران كراوه و لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێت.
پێشتر برای ئه‌و گه‌نجه كه له‌كاتی ڕووداوه‌كه له‌گه‌ڵی بووه دووپاتی كرده‌وه، كه بۆ به‌سه‌بردنی كاتێكی خۆش ڕوویان له قه‌راغی ڕووباره‌كه كردووه و دواتر ئه‌و كه‌وتووه‌ته نێو ئاوه‌كه و مه‌له‌ی نه‌زانیوه و خنكاوه.
مێرگه‌سۆر/ موڕشید برادۆستی.