سه‌رچاوه دیپلۆماسییه‌كان دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا و عێراق ده‌ستیان به گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بۆچوونه‌كان كردووه، بۆ دیارییكردنی ئه‌و ته‌وه‌رانه‌ی كه هه‌ردوولا ده‌یانه‌وێ له گفتوگۆی ستراتیجی نێوان ئه‌مه‌ریكا و عێراق دابنرێن، كه بڕیاره له مانگی داهاتوو ده‌ست پێ بكات، به ئامانجی دیارییكردنی ڕۆڵی ئه‌مه‌ریكا له عێراق به گوێره‌ی ڕێككه‌وتنی ستراتیجی ته‌ناهی نێوان هه‌ردوو وڵات كه له ساڵی 2011 واژووی له‌سه‌ركراوه و باسیش له‌وه ده‌كه‌ن، كه واشنتنی مه‌رجی ئه‌وه‌ی هه‌یه، كه نوێنه‌ری هه‌رسێ پێكهاته سه‌ره‌كییه‌كه‌ی عێراق كورد و سوننه و شیعه له دانوستاندنه‌كان بوونیان هه‌بێت.
ئه‌و سه‌رچاوانه ئاشكرایان كرد، كه واشنتن و به‌غدا چه‌ندان یاداشتیان له‌باره‌ی ناوه‌رۆك و ته‌وه‌ری گفتوگۆكانی ئه‌و دایه‌لۆگه ستراتیجییه ئاڵوگۆڕ كردووه و هه‌ردوولا خه‌ریكی ئاماده‌كاری چڕ و ناونانی شانده‌كانیان به مه‌به‌ستی به‌شداری له گفتوگۆ و دانوستاندنه‌كان و ئه‌مه‌ریكایش ده‌یه‌وێ كورد و سوننه‌یش له نێو شاندی به‌غدا بوونیان هه‌بێت.
بڕیاره گفتوگۆكان له ناوه‌ڕاستی مانگی داهاتوو ده‌ست پێ بكه‌ن و تێیدا به وردی بڕیار له‌سه‌ر جۆر و چۆنایه‌تی پێوه‌ندی هه‌ردوو وڵات ده‌درێ، ئه‌مه‌یش له كاتێكدایه له مانگی كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ری ڕابردوو لایه‌نه‌كانی شیعه له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به زۆرینه‌ی ده‌نگ پرۆژه بڕیارێكیان له په‌رله‌مان تێپه‌ڕاند كه حكوومه‌تی به‌غدا ناچار ده‌كات، به ده‌ركردنی سه‌رجه هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر خاكی عێراق.
ئه‌بو ئالا ئه‌لوه‌لائی سه‌رۆكی میلیشیاكانی كه‌تائیبی سه‌یدولشوهه‌دا له‌وباره‌وه دووپاتی كرده‌وه، كه له داهاتوویه‌كی نزیك دانوستاندنه‌كانی هه‌ردوو وڵات ده‌ست پێ ده‌كات و پێویسته شاندی دانوستاندكاری عێراقی، به ته‌واوی سوور بن له‌سه‌ر كردنه ده‌ره‌وه‌ی ته‌واوی ئه‌مه‌ریكییه‌كان له عێراق، ئه‌گه‌ر ئه‌مه نه‌كه‌ن، خیانه‌ت له خوێنی خه‌ڵكی عێراق و خاكه‌كه‌ی ده‌كه‌ن.
ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێ به بوونی كورد و سوننه پشتیوانانی مانه‌وه‌ی خۆی له شاندی عێراق زیاد بكات
سه‌رۆكی ئه‌و گرووپه میلیشیایه كه یه‌كێكه له گرووپه‌كانی سه‌ر به كۆماری ئیسلامی ئێران ئاماژه‌ی به‌وه‌یش داوه، كه به وردی چاودێری دانوستاندنه‌كان ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر شاندی عێراقی سووربوو له‌سه‌ر ده‌ركردنی ته‌واوی ئه‌مه‌ریكییه‌كان له عێراق ئه‌وه ڕازین و پێشوازی لێ ده‌كه‌ین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر جیا له‌وه بۆچوونێكی تر و ئه‌نجامێكی تر له دانوستاندنه‌كان بكه‌وێته‌وه، ئه‌وا به هیچ شێوه‌یه‌ك بێده‌نگ نابین، به‌رانبه‌ر به‌و خیانه‌ته‌ی كه شانده‌كه له عێراقی ده‌كه‌ن.
ماڵپه‌ڕی
عه‌ره‌ب ویكلی به زمانی ئینگلیزی بڵاوی كردووه‌ته‌وه، كه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی میلیشیاكان له ژێر چاودێریدان و توانی ئه‌وه‌یان نییه هه‌ڕه‌شه‌ی مه‌ترسیدار له ڕووی كردارییه‌وه بكه‌ن، به‌ڵام له ڕووی میدیاییه‌وه چاوه‌ڕوان ده‌كرێ هه‌ڵمه‌تێكی فره‌وان ده‌ست پێ بكه‌ن، به‌ڵام كێشه‌كه هه‌ر ئه‌وه‌نده نییه، به‌ڵكو حكوومه‌تی كازمیش ناتوانن به ته‌واوی بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق په‌راوێز بخه‌ن له‌باره‌ی ده‌ركردنی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق، هاوكات ئه‌و بڕیاره‌یش كاردانه‌وه‌ی زۆر به دوای خۆی دا ده‌هێنێت، چونكه كورد و سوننه‌یش پێی ڕازی نین، له ترسی ئه‌وه‌ی كه بێ بوونی ئه‌مه‌ریكا، ئێران به ته‌واوی عێراق كۆنتڕۆڵ بكات و سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتیش بكات به سیسته‌مێكی ئایینی كۆپیكراوی كۆماری ئیسلامی ئێران.
بوونی ڤایرۆسی كۆرۆنا له عێراق و كێشه ئابوورییه‌كان كه به‌رۆكی حكوومه‌تی عێراقیان گرتووه، به جۆرێك له جۆره‌كان لاوازین بۆ حكوومه‌ته‌كه‌ی كازمی، به‌ڵام ئێران و لایه‌نگرانی له عێراق ناتوانن ئه‌و گرفتانه وه‌ك ئامرازی فشار ئێسته بۆ سه‌ر حكوومه‌ته‌كه به‌كاربهێنن، تا ناچاری بكه‌ن به ده‌ركردنی ته‌واوی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق، چونكه ئێران خۆیشی به ده‌ست هه‌مان كێشه‌وه ده‌ناڵێنێت.
میلیشیاكان هه‌ڕه‌شه ده‌كه‌ن مانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له عێراق به خیانه‌ت ناو ده‌به‌ن
به بڕوای شاره‌زایان ئه‌وانه وایانكردووه ده‌رفه‌تێكی گه‌وره له‌به‌رده‌م حكوومه‌تی كازمی دروست ببێ، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌مان به ته‌واوی جێبه‌جێ نه‌كات و هه‌میش له ڕووی ئابووری و سیاسی و سه‌ربازییه‌وه پێوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا زۆر به‌ره‌و پێشه‌وه ببات، بۆخۆی داوای ئه‌مه‌ریكایش بۆ به‌شداری نوێنه‌ری كورد و سوننه له نێو شاندی دانوستاندنی عێراقی له‌لایه‌ن به‌غداوه پێشوازی لێكراوه، چونكه به‌مشێوه‌یه ئه‌مه‌ریكا لایه‌نگرانی ده‌رچوونی له عێراق له نێو شانده‌كه‌ی به‌غدا كه‌متر ده‌بێته‌وه كه به‌شداری له دایه‌لۆگی ستراتیجی و پرۆسه‌ی دانوستاندنی نێوان هه‌ردوو وڵات و دیارییكردنی داهاتوو و چاره‌نووسی پێوه‌ندییه‌كانیان ده‌كه‌ن.
زانیارییه‌كان باس له‌وه‌یش ده‌كه‌ن، كه ئه‌مه‌ریكا و عێراق له‌میانه‌ی گفتوگۆكان ده‌یانه‌وێ به ته‌واوی پرۆسه‌ی سه‌ربازی و مانه‌وه‌ی سه‌ربازانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق یه‌كلایی بكه‌نه‌وه و به‌جۆرێك له جۆره‌كان بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌مانی عێراق به‌دی بهێنن، به‌ڵام له هه‌مان كاتیش ده‌یانه‌وێ له ڕووی ئابووری و سیاسییه‌وه گه‌وره‌ترین ده‌رفه‌ت و ڕۆڵیان هه‌بێت له عێراق، كه ئه‌مه‌یش به بڕوای زۆرێك له عێراقییه‌كان شیاوی باسكردنه و پێشوازی لێ ده‌كه‌ن.