نەوت بۆ بەرزترین نرخی 70 رۆژی رابردوو هەڵكشا

:: AM:10:04:30/05/2020 ‌

نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا لە بەرزبوونەوەدایە و پێنجەم هەفتەی لە هەڵكشانی نرخی تۆمار كرد و لە بازاڕی بۆرسە لە بەرزترین نرخی 70 رۆژی رابردوو داخرا.
هەر بەرمیلێك نەوت بە 37 دۆلار و 64 سەنتە

شەوی رابردوو هەفتەیەكی تر لە بازاڕی بۆرسە كۆتایی هات و سەرەڕای ئەوەی كە لە ماوەی هەفتەكەدا هەندێك هەوراز و نشێوی بەخۆیەوە دیت، بەڵام دواجار بە نرخێكی بەرز داخرا. بەگوێرەی dailyfx نرخی هەر بەرمیلێك نەوت بە 37 دۆلار و 64 سەنت داخراوە كە لە 11ی ئادارەوە بەم نرخە نەفرۆشراوە.

هاوكات نرخی نەوتی تێكساسیش بە 35 دۆلار و 19 سەنت داخرا  و بازاڕی ئەم جۆرە نەوتەش بۆ پێنجەم هەفتە هەڵكشانی تۆمار كرد.

نرخی نەوت لە كاتێكدا رووی لە بەرزبوونەوە كردووە كە مانگی رابردوو نزمترین ئاستی مێژوویی تۆمار كرد. نەوتی ئەمەریكا بۆ سفر دابەزی و فرۆشیاران لە بری فرۆشتنی نەوتەكەیان بڕێك پارەشیان بە كڕیار دەدا. هاوكات نەوتی برێنتیش بۆ خوارووی 16 دۆلار دابەزیبوو.

رێككەوتنی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت كە ئەمەریكا و رووسیا و سعوودیە رۆڵیان تێیدا هەبوو، هۆكار بوو لەوەی نرخەكە بەرز ببێتەوە، چونكە بڕیاریان دا بە رێژەیەكی بەرچاو بەرهەمهێنانی نەوت كەم بكەنەوە و رێككەوتنەكەش لە سەرەتای ئایارەوە جێبەجێ كراوە، بۆیەش لەم مانگەدا بەهای نەوت بە رێژەیەكی بەرچاو هەڵكشا.



وشە - سلێمان تاشان

ئه‌م بابه‌ته 6194 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌