لە هەرێمی كوردستان 253 هەزار پێوەری كارەبا كراونەتە زیرەك

:: PM:03:58:30/05/2020 ‌

گرنگترین پڕۆژەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بواری پاراستنی وزەدا بریتییە لە رێكخستنی سیستمی كارەبا لە هەرێمی كوردستان، بە شێوەیەك هیچ كەسێك نەتوانێ زێدەڕۆیی لە كارەبادا بكات و بە گلدانەوەی سەرجەم بەرهەمهێنانی كارەبا زۆرترین سوود بە خەڵكی هەرێمی كوردستان بگەیەنێت. لە پڕۆژەكە هەنگاوی گرینگ هاویشتراوە و 16%ی پێوەرەكان كراونەتە زیرەك، بەڵام تەنگژەی دارایی زیاتر لە دوو مانگە چالاكییەكانی وەستاندووە.

لە سەرجەم سەنتەری پارێزگاكان دەست بە دانانی پێوەرەكە كرا كە دەبێتە هۆی گلدانەوەی ئەو كارەبایەی زیدەڕۆیی دەخرێتە سەر و تاكە رێیە بتوانێت بە تەواوی چاودێری و كۆنترۆڵی وزەی كارەبا بكات.
چاوەڕوانی ئەوە دەكەن دۆخی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە رووی داراییەوە باش بێت

محەمەد ئەحمەد بەڕێوەبەری پێوەری زیرەكی كارەبا لە هەرێمی كوردستان بۆ "وشە" باسی لەوە كرد، لە 11ی ئاداری ئەمساڵەوە پڕۆژەكەیان وەستاوە و چاوەڕوانی ئەوە دەكەن دۆخی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە رووی داراییەوە باش بێت بۆ ئەوەی دووبارە دەست بە پڕۆژەكەیان بكەنەوە.

پڕۆژەی پێوەری زیرەكی كارەبا گرنگترین پڕۆژەیە كە دەتوانێت رێگری لە بەفێڕۆدانی كارەبا و هەر جۆرە زێدەڕۆییەك بكات. وەك ئەو بەرپرسەی كارەبا خستیەڕوو، حكوومەت دەتوانێ چاودێری كارەبا بكات و بێ ئەوەی فەرمانبەر رەوانەی ماڵەكان بكات بۆ ئەوەی سەعاتەكان بخوێنێتەوە بە سیستمێكی ناوەندیی كە بە داتاسەنتەر ناسراوە، زانیارییەكان وەردەگیرێن و دواتر بە ئاسانترین شێوە هاوبەشەكە لە بڕی تێچووی كارەبا و هەرجۆرە كێشەیەكی تر ئاگادار دەكرێتەوە.

بەپێی ئامارێك ئەو بەرپرسەی پێوەری زیرەكی كارەبا خستیەڕوو، تا 11ی ئادار توانییان 253 هەزار هاوبەش بۆ پێوەری زیرەك بگۆڕن و ئامانجیانە تەواوی كوردستان بكەن بە پێوەری زیرەكی كارەبا.
ژمارەی هاوبەشەكانی كارەبا لە كوردستان دەگاتە ملیۆنێك و 500 هەزار

كۆی ژمارەی هاوبەشەكانی كارەبا لە كوردستان دەگاتە ملیۆنێك و 500 هەزار دانە و بەو پێیە هێشتا ملیۆنێك و 247 هەزار هاوبەش ماوە تا بۆ جۆری زیرەك بگۆڕێن.

پێویستە ئاماژە بەو راستییە بكرێ كە ئەو كارەبایەی لە هەرێمی كوردستان بەرهەم دەهێنرێت، بەشی پێداویستییەكانی كارەبا دەكات، بەڵام نەبوونی چاودێری و كۆنترۆڵ لە لایەك و بەفیڕۆچوونی كارەبا لە كاتی گواستنەوەی بۆ هاوبەشەكان، وایكردووە بەشێكی بەرچاو لە بەرهەمەكە لەناو بچێت و دواجار وزە بەشی پێداویستی هاووڵاتییان نەكات.

ئەم سیستمە نوێیە هۆكارە لە كۆنترۆڵی كارەبا لە كوردستان و بەمەش بەشێكی زۆر لە كارەبای بەفیڕۆچوو یان دزراو بۆ تۆڕی نیشتمانیی دەگەڕێنرێتەوە.

كارەبای هەرێمی كوردستان لە شوێنی بەرهەمهێنانەكەیەوە تا دەگاتە بەكاربەر بە كۆمەڵێك هەوراز و نشێودا تێدەپەڕێت و بە پێچەوانەی سیستمی كارەبای وڵاتانی پێشكەوتوو كەموكورتییەكی زۆری هەیە. هەموو ئەو كارەبایەی لە هەرێمی كوردستان بەرهەم دەهێنرێت وەك خۆی ناگاتە شوێنی مەبەست. نزیكەی 40%ی كارەبای بەرهەمهاتووی كوردستان دیار نامێنێت كە رێژەیەكی زۆر بەرزە و تەنیا بە گەڕانەوەی ئەو بڕە كارەبایە كێشەی سەرەكیی كارەبای هەرێمی كوردستانیش چارەسەر دەبێت بێ ئەوەی دینارێك لە بەرهەمهێنان خەرج بكرێت.

پێشتر بەرپرسانی وەزارەتی كارەبا چەندان جار ئاماژەیان بەوە داوە  35  تا 40%ی كارەبای هەرێمی كوردستان لە رێدا بەفیڕۆ دەچێت. دوو هۆكاری سەرەكی بۆ ئەم بەفیڕۆچوونە هەن، یەكەمیان كێشەی تەكنیكییە كە 10 تا 15%ی كارەبا بەهۆیەوە كەم دەبێتەوە و پێوەندی بە هیچ لایەن و كەسێكی دیاریكراو نییە، بەڵكو لەگەڵ گواستنەوەی كارەبا لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی تر جا لە كاریگەریی كۆنیی تۆڕەكانی كارەباوە بگرە تا دەگاتە حاڵەتی نۆرماڵی دابەزینی تەكنیكانەی وزەی كارەبا، كاریگەریی لەسەر دابەزاندنی وزە هەیە.

بەڵام  نزیكەی 25%ە كە دەستی مرۆیی تێیدا رۆڵی هەیە لە رێی جیاوازەوە بە زێدەڕۆیی هەژمار دەكرێت. هاوبەشەكە بەم كارە سەرپێچییە خۆی لە پێدانی پارە و خەرجییەكانی كارەبا رزگار دەكات و جگە لەوەی كە هیچ پارەیەك بە حكوومەت نادات بە لێشاویش كارەباكەی خەرج دەكات.
هاوبەشەكە بەم كارە سەرپێچییە خۆی لە پێدانی پارە و خەرجییەكانی كارەبا رزگار دەكات

بەو پێیە ئەگەر هەزار مێگاوات كارەبا لە هەرێمی كوردستان بەرهەم بهێَنرێت، ئەوا سەرووی هەزار مێگاواتیش زێدەڕۆیی دەخرێتەسەر یان دەدزرێت. بە پێوەری زیرەك ئەم بەشە لە كارەبا دەگەڕێنرێتەوە و ئەوەش بەو واتایە دێت سەعاتەكانی پێدانی كارەبا 25% بەرز دەبنەوە .

10   تا 15%ی كارەبای تر كە بەهۆی كێشەی تەكنیكی بەفیڕۆ دەچێ، لە داهاتوودا لەگەڵ نوێكردنەوەی تۆڕەكانی گواستنەوە چارەسەر دەكرێن یان رێژەكەیان زۆر كەم دەكرێتەوە و هەرێمی كوردستان لە بڕینی كارەبا دەپارێزن.

لە وەرزەكانی گەرما و سەرما ئاستی پێداویستییەكانی خەڵك بە كارەبا زۆر بەرز دەبێتەوە و هەرزانیی نرخی كارەبا لە لایەك و دەست پێوەنەگرتن بە بەكاربردنی كارەبا و كەمیی هۆشیاریی هۆكارە لەوەی لەم دوو وەرزەدا گەڕەكەكان حەوجێی مۆلیدە ئەهلییەكان ببنەوە، بەشێك لە پێداویستی رۆژانەی كارەبا لە موەلیدەكان دابین بكرێ كە مایەی پیسكردنی ژینگە و هەراسانكردنی باری دەروونی هاووڵاتییانن. بە پێوەری زیرەك سەرجەم ئەم كێشانە چارەسەر دەبن كە بەرۆكی كەرتی كارەبای كوردستانیان گرتووە.





وشە - سلێمان تاشان