عێراق.. قەدەغەی هاتوچۆ بۆ هەفتەیەك درێژ كرایەوە

:: PM:04:40:30/05/2020 ‌

دۆخی عێراق لەبارەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و زیادبوونی ژمارەی تووشبووان بەو پەتایە، باش نییە، ئەوەیش وای كرد كە رێوشوێنی خۆپارێزی توندتر وەربگیرێت، ئەندامێكی لیژنەی تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانی رای گەیاند كە قەدەغەی هاتوچۆ لە 31ی ئایارەوە بۆ هەفتەیەك درێژ دەكرێتەوە.
پێشبینی زیادبوونی حاڵەتەكانی تووشبوون بە كۆرۆنا دەكرێت
ئەمڕۆ شەموو لە بەیاننامەیەكدا د عومەر وائیلی، ئەندامی لیژنەكە و سەرۆكی دەستەی دەروازە سنوورییەكان دووپاتی كردەوە، لیژنەكە ئەمڕۆ بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی و بەشداری شانەی تەنگژەی پەرلەمانی عێراق كۆبووەتەوە و چەند بڕیارێكی وەرگرتووە.

زیاتر گوتی، لەو بڕیارانە، درێژكردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ لە سەرانسەری عێراق بۆ ماوەی هەفتەیەك، واتە لە سبەی یەكەشەم 31ی ئایارەوە، جیا لەوە بڕیاری وەستانی گەشتە ئاسمانییەكانی هێنانەوەی عێراقییەكان لە دەرەوە درا بۆ ماوەی هەفتەیەك، ئەوەیش بە مەبەستی ئامادەكردنی پێویستییە پزیشكییەكان بۆ پشكنینیان.

هەر لەو بەیباننامەدا هاتووە، رێوشوێنی توند بەرانبەر پێشێلكارانی قەدەغەی هاتوچۆ وەردەگیرێت، كە هۆكاری بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتاكەیە.

لای خۆیەوە د عەبدولغەنی ساعدی، بەڕێوەبەری تەندروستی بەری رەسافەی بەغدا وریایی دا لەوەی بەغدا چووەتە ناو قۆناغێكی ترسناك لە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەتایبەتی دوای تووشبوونی تیمە تەندروستییەكان بەو ڤایرۆسە، ئەو دووپاتی كردەوە كە راستە دۆخەكە تا ئێستەیش لەدەست دەرنەچووە، بەڵام ئەگەری زۆرە ئەوە رووبدات.  

ئەو بەرپرسە تەندروستییە ئاشكرای كرد كە كێشەیەكی گەورە سەری هەڵداوە بەهۆی تووشبوونی تیمەكانی پزیشكی چارەسەر بۆ نەخۆشییەكە بەو ڤایرۆسە، بەڵام بەهۆی زۆری ژمارەی تووشبووان كەرەستە و ئامرازەكانی خۆپارێزی 100% كاریگەری نییە.

شایەنی باسە دوێنێ هەینی لە عێراق 416 حاڵەتی نوێی تووشبوون بەو ڤایرۆسە تۆمار كرا، ئەوەیش گەورەترین ئاماری رۆژانەی تا ئێستە، لەوانە 265ی لە بەغدای پایەتەختن، لەناو پێشبینی شارەزایان بەوەی لەم هەفتەیەدا ئاماری تووشبوون لە عێراق روو لە هەڵكشان دەبێت.
   





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل