پزیشكێك: دووەم شەپۆڵی كۆرۆنا لە عێراق دەستی پێ كردووە

:: PM:08:39:30/05/2020 ‌

دوای ئەوەی لە ماوەی دواییدا رۆژانە لە بەغدا لە سەرووی 150 حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆمار دەكرێت و رۆژ دوای رۆژ لە زیادییە، ئەمڕۆ شانەی تەنگژە بڕیاری دا بە درێژكردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ، پزیشكێك دووپاتی دەكاتەوە كە دووەم شەپۆڵی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە دەستی پێ كردووە و چاوەڕوان دەكرێت بۆ ئەم هەفتەیە رۆژانە هەزار كەس تووشی ببن.
چاوەڕوان دەكرێت رۆژانە هەزار تووشبوو تۆمار بكرێت
د عەبدوسەتار حەمادی، پزیشكی تەندروستی گشتی لە فەرمانگەی تەندروستی كەرخی بەغدا گوتی، دووەم شەپۆڵی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا لە عێراق دەستی پێ كردووە و رۆژانە نزكیەی 300 حاڵەتی تووشبوون تۆمار دەكرێت، بۆیە ئەو بڵاوبوونەوەیە تەنیا لە بەغدا نابێت و پارێزگاكانیتریش دەگرێتەوە.

روونی كردەوە،  نەخۆشییەكە گەیشتووەتە گوند و دەشتاییەكانی بەغدا و ئەوەیش مانای ئەوەیە بڵاو بووەتەوە و هەمان سیناریۆی وڵاتانی ناوچەكە لە عێراق دووبارە دەبێتەوە، ئێمە ئێستە لە سەرەتای خاڵی بەهێزی بڵاوبوونەوەی پەتاكەین و نەگەیشتووین بە لووتكەكەی، بۆیە ئەگەری هەیە لە ماوەی ئەم هەفتەدا تێكڕای تووشبوون بگاتە هەزار حاڵەت لە رۆژێكدا و پێشبینی خراپتربوونی دۆخەكە دەكەین. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل