گفتوگۆكانی هەرێم و بەغدا دەست پێ دەكەنەوە

:: PM:10:39:30/05/2020 ‌

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق رای دەگەیەنێت، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا گفتوگۆكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق دەست پێ بكەنەوە و دووپاتی كردەوە، بە دڵنیاییەوە رێككەوتن لە نێوان هەردوولا دەكرێت و هەرێم پابەند دەبێت.
دیار نییە گۆڕانكاری بەسەر شاندی هەرێم دێت یان نا
ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ شەموو بە "وشە"ی راگەیاند، دوای تەواوبوونی پشووەكانی جەژن و دەستپێكردنەوەی دەوامی ئاسایی، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوو گفتوگۆكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەردوولا دەست پێ بكاتەوە.

زیاتر گوتی، بەدڵنیاییەوە هیچ گرفتێك دروست نابێت، رێككەوتن دەكرێت و هەردوولا نزیك لە گەیشتنن بە رێككەوتن، هەرێمی كوردستان پابەند دەبێت و لە گفتوگۆكانی شاندی پێشوویش، كە چەندجارێك سەردانی بەغدایان كرد، لێكنزیكبوونەوەی باش هەبووە.

سەبری دووپاتی كردەوە، گفتوگۆكانی رابردوو زۆر ئەرێنی بوون، هاوكات هەرێمی كوردستان ئامادەیە نەوت رادەستی بەغدا بكات بە گوێرەی رێككەوتنەكە، لە بەرامبەریشدا بەغدا ئامادەبێت بودجەی شایستە رادەستی هەرێمی كوردستان بكات، سەبارەت بە شاندەكەوە روونی كردەوە، نازاندرێت ئاخۆ ئەمجارە شاندی هەرێمی كوردستان گۆڕانكاری بەسەر دێت یان هەر هەمان شاندەكەی پێشوو دەچنەوە بەغدا.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل