ئەو هۆكارانەی رێخۆشكەرن بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا

:: PM:04:39:31/05/2020 ‌

تا ئێستە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵاتانی دنیا بەردەوامە، ژمارەی تووشبووان لەسەر ئاستی دنیا لە شەش ملیۆن و 200 هەزار نزیك دەبێتەوە، لە عێراقیش وای لێ هاتووە رۆژانە زیاتر لە 300 حاڵەتی تووشبوون تۆمار بكرێت كە زۆرینەی لە بەغدایە، بەرپرسێكی وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاماژە بۆ چەند هۆكارێك دەكات كە رێخۆشكەرن بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە لە عێراق.
تا خەڵك پابەند نەبیت مەترسی بەردەوامە
د سنان غازی، بەڕێوەبەری سەنتەری كۆنترۆڵكردنی نەخۆشییە گوێزراوەكان سەر بە وەزارەتی تەندروستی عێراق، رای گەیاند كە زۆرینەی حاڵەتەكانی تووشبوونی دوایی و پێش ئەویش، لە رێگەی بەركەوتنی نەخۆشانی پێشوو بووە، واتە رێژەی زۆری تووشبوونی تۆمار كراوە لە رێگەی كەسانێكی تووشبوو بووە بۆ كەسوكار و دۆست و هاوەڵانی خۆیانیان گواستووەتەوە، ئەوەیش بێ ئەوەی هەست بە نیشانەكانی پەتاكە بكەن، لە ئەنجامی پابەندنەبوونیان بە رێوشوێنەكانی خۆپارێزییەوە. 

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستی عێراق باسی سێ هۆكاری كرد كە رێخۆشكەرن بۆ بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا لە هەموو ناوچەكانی عێراق، روونی كردەوە، دەنگۆ هەیە دژ بە بەیاننامەكانی وەزارەت هەیە، بەدرۆخستنەوەی بوونی ڤایرۆسەكە و ناپابەندی بە رێنوێنییەكانی وەزارەت بۆ خۆپاراستن لەو پەتایە، لەوانە قەدەغەی هاتوچۆ، ئەوانەن بەرەو كارەساتمان دەبەن.

ئەو پزیشكە دووپاتی كردەوە، دەمانتوانی لە ماوەی مانگێكدا بەسەر پەتاكەدا زاڵ بین، ئەگەر خەڵكەكە پابەندی رێوشوێنەكانی خۆپارێزی و قەدەغەی هاتوچۆ بن، بۆیە تا ئەوان سوور بن لەسەر پابەند نەبوون، ناتوانین بەمنزیكانە لە مەترسی نەخۆشییەكە بەدوور بین.

شایەنی باسە دوێنێ لە عێراق 306 حاڵەتی نوێی تووشبوون و 10 حاڵەتی مردن تۆمار كران، لەوكاتەی وەزارەتەكە رای گەیاند كە كۆی تووشبوون لە عێراق گەیشتووەتە 6197 حاڵەت ولەوانە 195 حاڵەتی مردن، ئەوانەیشی چاكبوونەتەوە گەیشتووەتە 3110 حاڵەت.  





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل