لە عێراق رۆژانە 10 كەس بە كۆرۆنا دەمرن

:: PM:12:02:01/06/2020 ‌

ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە عێراق و هەرێمی كوردستان لە بەرزبوونەوەدایە، حاڵەتەكانی مردنیش بەهۆی نەخۆشییەكە بەرز بووەتەوە و ئێستە لە تەواوی عێراقدا رۆژانە 10 كەس دەمرن.

عێراق یەكێك بوو لەو وڵاتانەی كە ژمارەی تووشبوون بە كۆرۆنا تێیدا بەراورد بە وڵاتانی دراوسێ نزم بوو، بەڵام ژمارەكە بە خێرایی رووی لە بەرزبوونەوە كردووە.
لە ماوەی یەك هەفتەدا ژمارەی تووشبووان لە عێراق بە رێژەی 44% هەڵكشاوە.

تەنیا لە ماوەی یەك هەفتەدا ژمارەی تووشبووان لە عێراق لە چوار هەزار و500 كەسەوە بۆ شەش هەزار و500 كەس زیادی كردووە و بە رێژەی 44% هەڵكشاوە.

ئەم خێراییە لە هەڵكشانی تووشبوون بە كۆڕۆنا مەترسیدارە، پێشبینی دەكرێ زۆر زیاتر بەرز ببێتەوە ئەگەر رێوشوێنی توند بەرانبەری نەگیرێتەبەر.

جگە لە حاڵەتەكانی تووشبوون، رێژەی مردنیش زیادی كردووە و پێشتر كە رۆژانە كەسێك یان دوو كەس دەمردن یان هیچ حاڵەتێكی مردن تۆمار نەدەكرا، ئێستە رۆژ نییە 10 كەس نەمرن.
دوێنێ یەكشەم 10 كەس و پێرێ شەمووش 10ی تر بە كۆرۆنا مردوون.

دوێنێ یەكشەم 10 كەس و پێرێ شەمووش 10ی تر بە كۆرۆنا مردوون.

ژمارەی ئەو كەسانەی لە عێراق بە كۆرۆنا مردوون گەیشتووەتە 205 كەس، سێ هەزار و 156 كەسیش چاك بوونەتەوە.

بەرزبوونەوەی رێژەی تووشبوون لە عێراق كاریگەریی لەسەر هەرێمی كورستانیش هەبووە و لە چەند رۆژی رابردوودا لە كوردستانیش ژمارەی تووشبووان و قوربانیان زیادی كردووە.

ژمارەی تووشبووان لە كوردستان گەیشتووەتە 710 كەس و لە چەند رۆژی رابردوودا دوو كەسی تر بە كۆرۆنا مردوون و ژمارەی قوربانیانی بۆ حەوت كەس بەرز كردەوە.
لە هەرێمی کوردستان 283 نەخۆش لە ژێرچاودێریدان كە دۆخی هەندێكیان ناجێگیرە.

هەرێمی كوردستان كە توانیبووی بەباشی دۆخەكە كۆنترۆڵ بكات و تەنیا سێ كەس لە نەخۆشخانە مابوون، ئێستە 283 نەخۆش لە ژێرچاودێریدان كە دۆخی هەندێكیان ناجێگیرە.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ رێگریكردنی لە زیاتر تەشەنەی ڤایرۆسەكە، شەوی رابردوو كۆمەڵێك بڕیاری دەركرد كە گرنگترینیان قەدەغەی هاتوچۆیە لە سەرجەم كوردستان، بڕیارەكانیش لە شەشی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەم دەست بەجێبەجێكردنیان دەكرێت و تا شەشی مانگ بەردەوام دەبێت.

دكتۆر خاڵس قادر بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ "وشە" باسی لەوە كرد، توانای نەخۆشخانەكانی هەرێمی كوردستان بۆ چاودێریكردنی نەخۆشەكانی كۆرۆنا سنووردارە و ئەگەر دۆخەكە لە كۆنترۆڵ دەربچێت، ئەوا ژمارەی قوربانیان بە هۆی كۆرۆنا بەرز دەبێتەوە و باشترین چارەسەری ئەوەیە خەڵك بە تەواوی رەچاوی رێنوێنییەكانی تەندروستی بكەن.
سەرووی 80%ی تووشبووانی كۆرۆنا لە كوردستان هیچ نیشانەیەكی نەخۆشییەكەیان نییە،

پێویستە بگوترێ سەرووی 80%ی تووشبووانی كۆرۆنا لە كوردستان هیچ نیشانەیەكی نەخۆشییەكەیان نییە، بەڵام رێژەیەكی تر نیشانەی نەخۆشییەكەیان هەیە و ژمارەیەكیش پێویستیان بە چاودێری چڕ هەیە كە دەبێ بەردەوام لەژێر ئامێری هەناسەدانی دەستكرددا بن.

بەگوێرەی wordometers  كۆی ژمارەی تووشبووان لە دنیادا  گەیشتووەتە شەش ملیۆن و 278 هەزار كەس كە لەو ژمارەیە سەرووی 374 هەزار كەس مردوون، دوو ملیۆن و 852 هەزار كەس چاك بوونەتەوە.
سەرووی 106 هەزار كەس لە ئەمەریکا گیانیان لە دەست داوە.

ئەمەریكا لە ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە ریزبەندی یەكەم دێت كە ملیۆنێك و 837 هەزار كەسی تووشی كۆرۆنا بوون و سەرووی 106 هەزار كەسیش گیانیان لە دەست داوە.

بەڕازیل بە 515 هەزار كەس لە پلەی دووەم دێت و سەرووی 29 هەزار كەس لەم وڵاتە بە كۆرۆنا مردوون. رووسیا بە 414 هەزار تووشبوو بە پلەی سێیەم دێت كە سەرووی چوار هەزار و 800 كەسی بە كۆرۆنا مردوون.

هەریەك لە وڵاتانی ئیسپانیا، بەریتانیا، ئیتالیا، هیندستان، فڕەنسا، ئەڵمانیا، پێروو، توركیا و ئێران لە پلەكانی دواتر هەڵكەوتوون. بەریتانیا لە دوای ئەمەریكا زۆرترین قوربانی داوە و 38 هەزار كەسی بە كۆرۆنا مردوون.

سەرەڕای ئەو هەمووە هەوڵەی وڵاتانی دنیا بۆ دروستكردنی دەرمان و پێكوتەی كۆڕۆنا ناویانە، هێشتا هیچ كامێكیان نەیانتوانیوە دەرمانێك یان پێكوتەیەك بدۆزنەوە كە لە لایەن رێكخراوی تەندروستی جیهانیی پەسند بكرێت، هەرچەندە هەندێك وڵات بە فەرمی ئەوەیان راگەیاندووە دەرمانی چارەسەریی كۆرۆنایان دۆزیوەتەوە.
ئەستەمە تا ساڵێكی تر هیچ پێكوتەیەك دژی كۆرۆنا بدۆزرێتەوە،

لە چەند رۆژی رابردوودا رێكخراوی تەندروستی جیهانیی باسی لەوە كرد كە ئەستەمە تا ساڵێكی تر هیچ پێكوتەیەك دژی كۆرۆنا بدۆزرێتەوە، بەڵام لەوانەیە دەرمانەكەی زووتر بدۆزرێتەوە.
جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکان باشترین چارەسەرییە دژی کۆرۆنا

بەو پێیە نەخۆشییەكە تاچەندان مانگ و ساڵی تر هەڕەشەی رژدە بۆ سەر دانیشتووانی دنیا و تاكە چارەسەری و كەمخەرجترین چارەسەری ئەوەیە، خەڵكی وڵاتان بە جێبەجێكردنی رێنوێنییەكانی تەندروستی و پۆشینی دەمامك و دەستەوانە لە شوێنە گشتییەكان خۆیان لەم نەخۆشییە بپارێزن.



 



وشە - سلێمان تاشان