راپۆرتێك باسی هەنگاوەكانی لاوازكردنی حەشدی شەعبی لە عێراق دەكات

:: PM:04:38:01/06/2020 ‌

مایكل نایتس، شارەزا و شرۆڤەكار لە پەیمانگەی واشنتن بۆ لێكۆڵینەوەكانی رۆژهەڵاتی نزیك ئاماژە دەكات، پێویستە چارەسەرێك بۆ هێزەكانی حەشدی شەعبی لە عێراق بدۆزرێتەوە لە رێگەی "رێزلێنان و تواندنەوەیان"، ئەوەیشی تا ئێستە كراوە بەشی یەكەمە و باشترین رێگە بۆ بەشی دووەم، چاكسازییە لە كەرتی تەناهی و چەككردن و یەكخستنی ئەو هێزانەیە لەگەڵ هێزە تەناهییەكان.
دەبێت دەسەڵاتەكانیان سنووردار و لێپرسینەوە لە فەرمانەكانیان بكرێت
زیاتر دەڵێت، یەكێك لە گەورەترین كێشەكانی حەشدی شەعبی، سەركردایەتی و كۆنترۆڵكردنیەتی، چونكە ئەوان لەسەر پێشێلكردنی دەسەڵاتەكانیان و ئەنجامدانی كارەكانیان بێ ئاگەداری حكوومەت راهاتوون، وەك ئەوەی لە تشرینی یەكەمی 2019 كە سەران و ئەندامانی دیاری حەشدی شەعبی لە كوشتن و رفاندنی نایاساییانەی خۆپێشاندەران تێوەگلان، هەروەها بەشێكیان لە رێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان هێرشیان كردە سەر سعوودیە و نێردە دیپلۆماسییەكانیان كردە ئامانج و لە كۆتاییدا بووە هۆی كوشتنی قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس لەلایەن ئەمەریكاوە.

نایتس ئاماژە بۆ هەوڵەكانی مستەفا كازمی بۆ گوشاركردنە سەر ئەو هێزانە دەكات، كاتێك لە بەسڕە هێزەكانی حكوومەت هەڵیان كوتایە سەر بارەگای گرووپێك كە تەقەیان لە خۆپێشاندەران كردبوو، جیا لەوەی كازمی بەڵێنی بە لێكۆڵینەوە لە گیراوان و ونكراوەكان و گرتووخانە نهێنییەكان داوە، بەڵام پێویستە پێشبینی چوونەپێشی كازمی بەهەنگاو لەوبارەوە بكەین، چونكە ئەو رووبەڕووی چەند تەنگژەیەكی تر بووەتەوە، لەوانە كۆرۆنا و داعش و رووخانی ئابووری. 

نایتس نایشارێتەوە كە پرۆسەی چەككردنی حەشدی شەعبی زۆر سەختە، بەهۆی بوونی سەربازی و سیاسیان لە عێراق، هەرچی نەخشەرێگەی چاكسازیشە بۆ ئەو هێزانە لە سێ قۆناغ پێكهاتووە، یەكەم، لێپرسینەوە لەگەڵ سەرانی حەشدی شەعبی كۆنترۆڵكردنیان، دووەم، سنوورداركردن و دیاریكردنی ئەرك و ئۆپراسیۆنەكانیان، سێیەم پاشەكشەكردنیان و مەشقپێكردنیان و كردنیان بە هێزێكی پیشەگەرانە. 






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل