تووشبووانی كۆرۆنا لە پێنجوێن رەوانەی سلێمانی دەكرێن

:: PM:09:47:01/06/2020 ‌

دوێنێ ژمارەیەكی زۆری حاڵەتی تووشبوون بە كۆرۆنا لە پێنجوێن راگەیەندرا، بەهۆی تەواونەبوونی نەخۆشخانە تایبەتەكەی كۆرۆنایش، ئەوان لە ماڵەكاینان چارەسەریان بۆ دەكرا، ئەمڕۆ بڕیار درا تووشبووان و هەڵگرانی ڤایرۆسەكە لە شارۆكەكە، رەوانەی سلێمانی بكرێن.
بەمنزیكانە نەخۆشخانەی تایبەت بە كۆرۆنا تەواو دەبێت
زانا رەحمان، قایمقامی پێنجوێن، ئەمشەو بە"وشە"ی راگەیاند، ئەمڕۆ لەگەڵ جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی گفتوگۆمان لەبارەی دۆخی سەختی تەندروستی سنووری شارۆكەكە كرد و بڕیارمان دا پێنجوێن بكرێت بە پێنج زۆن بۆ پشكنین و دەرمانڕشتن و شارەدێییەكانی گەرمك و ناڵپارێز و مەرزەكانی باشماخ و سەیرانبەندیش، بكرێنە سێ زۆن بۆ هەمان مەبەست.

روونی كردەوە، هەروەها بڕیار درا سەرجەم تووشبووان رەوانەی نەخۆشخانەكانی  شاری سلێمانی بكرێن بۆ چاودێری و چارەسەركردنیان، چونكە هێشتا كارەكانی تەواوكردنی نەخۆشخانە تایبەتەكەی كۆرۆنا تەواو نەبووە، دەنا ئەگەر تەواوبوایە، هەموویان لێرە دەمانەوە كە ژمارەیان 51 كەسەكە.

قایمقامی پێنجوێن دووپاتی كردەوە ئەگەر نەخۆشخانەكە تەواو بێت، بەلایەنی كەمەوە نزیكەی 60 كەس لەخۆ دەگرێ، بۆیە داوامان كردووە بەزووترین كات ئەو نەخۆشخانە تەواو بكرێت، تا ئەم پێنجشەمە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو.

پێنجوێن، دەكەوێتە باكوری رۆژهەڵاتی پارێزگای سلێمانی و بەهۆی زیادبوونی حاڵەتەكانی تووشبووانی كۆرۆنا، لەشەوی رابردوەوە دۆخی تەندروستی ناوچەكە مەترسیدار بووە، هەر شەوی رابردوو "وشە"، لە هەواڵێكی روونی كردەوە كە تووشبووانی كۆرۆنا بەهۆی نەبوونی شوێنی چارەسەركردن لە ماڵەكانیان چارەسەریان بۆ دەكرێت، ئەوەیش مەترسی لەسەر ئەندامانی تری خێزانەكانیان هەیە.

پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل