مسته‌فا كازمی له‌ كه‌ركووك ئاماده‌ نه‌بووه‌ ڕاكان جبووری ببینێت

:: AM:10:19:02/06/2020 ‌
به‌ سه‌ردانێكی چاوه‌ڕوان نه‌كراو، به‌یانی ئه‌مڕۆ سێشه‌م مسته‌فا كازمی له دوای وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، بۆ یه‌كه‌م جار سه‌ردانی فه‌رمی بۆ پارێزگاكان ئه‌نجام دا و گه‌یشته‌ كه‌ركووك.

له‌لایه‌ن فه‌ریق ڕوكن سه‌عد حه‌ربیه‌ حاكمی سه‌ربازی شاره‌كه‌ پێشوازیی لێ كراوه‌
ئه‌مڕۆ سێشه‌م دووی حوزه‌یران، سه‌رچاوه‌یه‌كی تایبه‌ت له‌ دیوانی پارێزگاری كه‌ركووك به‌ "وشه‌"ی ڕاگه‌یاند، مسته‌فا كازمی له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی بۆ كه‌ركووك، له‌لایه‌ن فه‌ریق ڕوكن سه‌عد حه‌ربیه‌ فه‌رمانده‌ی ئۆپراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی كه‌ركووك و حاكمی سه‌ربازی شاره‌كه‌ پێشوازیی لێ كراوه‌.

زیاتر گوتی، ئێمه‌ وه‌ك دیوانی پارێزگا ئاگاداری ئه‌و سه‌ردانه‌ نه‌كراوینه‌وه‌ و كازمی له‌ خشته‌كه‌ی سه‌ردانی بۆ لای ڕاكان جبووری تێدا نییه‌، ئێسته‌ بڕیاره‌ پارێزگاری به‌وه‌كاله‌ت خۆی بڕوات بۆ لای كازمی.

ڕوونی كرده‌وه‌، سه‌ردانه‌كه‌ی كازمی بۆ لای فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی پارێزگای كه‌ركووك بووه‌، بڕیاریشه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ناوچه‌كه‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر زیادبوونی جموجووڵه‌كانی چه‌كدارانی داعش له‌ سنووره‌كانی نێوان كه‌ركووك و هه‌ردوو پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین و دیاله‌ بكات.


وشە - محەمەد میران