لە سنووری سلێمانی بازاڕەكان بە هاندانی یەكێتی دەكرێنەوە

:: PM:02:22:02/06/2020 ‌
لە بەشی زۆری ناوچەكانی دەوروبەر و شارۆكە و شارەدێكانی سلێمانی، قەدەغەی هاتووچۆ شكێنراوە و یەكێتی نیشتمانیی كوردستان كە لایەنی دەسەڵاتداری سنوورەكەیە، ئاسانكاری و چاپۆشی كردووە بۆ ئەوەی كوردستان لە رووی بڕیاردانەوە دابەش بكات. هاووڵاتییانیش ئەو دۆخەیان قۆستووەتەوە و دوكان و شوێنەكان كراونەتەوە.

شەوی رابردوو خەڵك هان درا لەو ناوچانە ناڕەزایەتی دەربڕن، بەتایبەت لەو ناوچانەی بەرپرسیی یەكەمیی ئیدارییان گۆڕانە
ئەمڕۆ سێشەم، بەپێی ئەو زانیارییانەی پەیامنێرانی "وشە" گواستیانەوە، لە ئیدارەی ڕاپەڕین، چەمچەماڵ، شارەزوور، دەرەندیخان و بەشی زۆری ناوچەكانی تری سنووری پارێزگای سلێمانی دوكان و شوێنەكان كراونەتەوە، دوای ئەوەی شەوی رابردوو خەڵك هان درا لەو ناوچانە ناڕەزایەتی دەربڕن، بەتایبەت لەو ناوچانەی بەرپرسیی یەكەمیی ئیدارییان گۆڕانە.

كەمێك پێش ئێستە، كاسبكارانی ناوبازاڕی شاری سلێمانی دەستیان بە ناڕەزایەتی كردووە و داوای كردنەوەی بازاڕ دەكەن، بەڵام تەندروستی سلێمانی دەڵێت، "جێبەجێ نەكردنی رێنوێنی كاریگەری خراپی دەبێت".

هێرش سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی، بە"وشە"ی راگەیاند، رێوشوێنی داخستن و كردنەوەی بازاڕ لە دەستی تەندروستی سلێمانی نییە و ئەو بابەتە پێوەستە بە لیژنەی بەرەنگاربوونەوە و لایەنی تری پێوەندیدار، ئێمە تەنیا رێنوێنی تەندروستی دەردەكەین.

"بەڵام بە دڵنیاییەوە لە هەندێ ناوچە كە پابەندی رێنوێنی نەبوون و بازاڕ و شوێنەكان كراونەتەوە و قەرەباڵغی دروست دەبێت، كاریگەری لەسەر دۆخەكە دەبێت و داوا دەكەین هاووڵاتییان پابەندبن" سەلیم وای گوت.

یەكێتی نیشتمانیی كوردستان كە لایەنی تەناهیی و سەربازیی سنووری سلێمانی بەدەستەوەیە، ماوەیەكە كێشە بۆ كوردستان و دروست دەكات و كاری بۆ دووئیدارەیی دەكات، بۆیە پابەندی بڕیارەكانی حكوومەت نابێت، لە كاتێكدا جێگری سەرۆك وەزیران و پێنج وەزیری حكوومەت لەو حزبەن.

مانگی رابردوویش پێش بڕیار حكوومەت بۆ ئاساییكردنەوەی قۆناغ بە قۆناغی ژیان، لە سلێمانی گوتیان كۆرۆنا درۆیە و قەدەغەیان شكاند، لە جەژنی رەمەزانیشدا بەهەمانشێوە پابەندی حكوومەت نەبوون، بۆیە لە رۆژانی رابردوو تووشبوانی كۆرۆنا لە سلێمانی بەهۆی قەرەباڵخی و تێكەڵی لە جەژندا، بۆ سەدان كەس بەرز بووەتەوە و گیانلەدەستدانیشی تێكەوتووە.





وشە - تایبه‌ت