هەفتەی داهاتوو كارەبای نیشتمانیی 300 مێگاواتی تر زیاد دەكات

:: PM:02:37:02/06/2020 ‌
ماوەیەكە سەعاتەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانیی بەرز بوونەتەوە و هۆكارەكەش بۆ كارپێكردنی بەشێك لەو وێستگانە دەگەڕێتەوە كە پێشتر كاریان پێ نەدەكرا، هەفتەی داهاتوو وێستگەیەكی تر دەست بە بەرهەمهێنان دەكات كە 300 مێگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنێت. گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا دووپاتی دەكاتەوە تا پێوەری زیرەكی كارەبا دانەمەزرێنن، ناتوانن كۆنترۆڵی چاودێری بەكاربردنی كارەبا بكەن.

لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما لە هەرێمی كوردستان، ئامێرەكانی فێنككەرەوە لە هەموو ماڵ و زۆربەی ژوورەكان پێ دەكرێن و ئەوەش وا دەكات گوشارێكی زۆر بكەوێتە سەر كەرتی بەرهەمهێنانی كارەبا و دواجار بەهۆی زۆریی بەكاربردنی كارەبا، سەعاتەكانی كارەبای نیشتمانیی دادەبەزن.

ماوەی زیاتر لە دوو هەفتە بوو دۆخی كارەبا لە كوردستان خراپ بووبوو و زیاتر پشت بە كارەبای موەلیدە ئەهلییەكان دەبەسترا، ئەمەش بووبووە مایەی نیگەرانیی هاووڵاتییانی كوردستان و دەیانگوت هێشتا پلەكانی گەرمی نەگەیشتوونەتە 40 دۆخەكە بەم شێوەیەیە، ئەگەر بگاتە 50 دەبێت چی بەسەر كارەبا بێت.

وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ماوەی 10 رۆژی رابردوودا بەشێك لەم نیگەرانییانەی رەواندەوە و بە ئیشپێكردنی ژمارەیەك یەكەی بەرهەمهێنانی كارەبا توانی سەعاتەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانیی بەرز بكاتەوە.
لە چەند رۆژی رابردوودا توانیمان دوو یەكەی بەرهەمهێنانی كارەبا لە دهۆك بەگەڕ بخەین

ئومێد ئەحمەد گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ "وشە" باسی لەوە كرد، لەبەر تەنگژەی دارایی بەشێكی بەرچاو لە یەكەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا لە كوردستان وەستابوون، بۆیە بەرهەمهێنانی كارەبا كەمی كردبوو. ئەو روونی كردەوە لە چەند رۆژی رابردوودا توانیان دوو یەكەی بەرهەمهێنانی كارەبا لە دهۆك بەگەڕ بخەن كە سووتەمەنییەكەی پشت بە گازوایل دەبەستێت و دەتوانن 200 مێگاوات كارەبا بەرهەم بهێنن. هاوكات یەكەیەكی بەرهەمهێنانی كارەبای لە بەنداوەكانیش خرایە ئیش كە 50 مێگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنێت.

بەوپێیە لە ماوەی 10 رۆژدا بەرهەمهێنانی كارەبا لە كوردستان 250  مێگاوات زیادی كردووە، لەباربوونی كەشوهەواش یارمەتیدەر بووە لەوەی گوشارێكی زۆر لەسەر بەكاربردنی كارەبا نەبێت، بۆیە بە گوتەی ئومێد ئەحمەد دۆخی كارەبا لە كوردستان باشتر بووە.

ئەو گوتی لە 10ی حوزەیرانی ئەمساڵ وێستگەی كارەبای خەبات بەگەڕ دەخەن كە توانای بەرهەمهێنانی 300 مێگاوات كارەبای لە سەعاتێكدا هەیە، ئەمەش كاریگەریی لەسەر بەرزبوونەوەی سەعاتەكانی پێدانی كارەبا دەبێت.

پێویستە ئاماژە بەو راستییە بكرێ كە بەرهەمهێنانی كارەبا هەر چەندێك بێت، ئەوەی لە سەعاتی پێدانی كارەبای نیشتمانیی رۆڵ دەبینێت، رێژەی بەكاربردنی كارەبایە لای هاووڵاتییان و هەر ئەو كارەبایەیە زۆرجار پێداویستی 24 سەعاتی هاووڵاتییان پڕ دەكاتەوە، ئەگەر هیچ ئامێرێكی گەرمكەرەوە و ساردكەرەوە پێ نەكرابێت.
ئەگەر وێستگەكەی خەباتیش بكەوێتە گەڕ، ئەوا بەرهەمەكە بۆ سێ هەزار و 300 مێگاوات بەرز دەبێتەوە.

هەر ئێستە لە هەرێمی كوردستان سێ هەزار مێگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنرێت و ئەگەر وێستگەكەی خەباتیش بكەوێتە گەڕ، ئەوا بەرهەمەكە بۆ سێ هەزار و 300 مێگاوات بەرز دەبێتەوە.

ژێرخانی بەرهەمهێنانی كارەبا لە كوردستان زۆر لەوە زیاترە، بەڵام دابینكردنی سووتەمەنی لە لایەك و نەبەسترانەوەی سەرجەم وێستگەكان بە گازی سروشتی و پرسی تەنگژەی دارایی، هۆكار بوون لەوەی حكوومەت نەتوانێت كار بە سەرجەم یەكەكانی بەرهەمهێنان بكات.

وەك گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان خستیەڕوو، توانای هەرێمی كوردستان بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا دەگاتە سەرووی شەش هەزار مێگاوات و لەهەوڵدان لە داهاتوودا لەگەڵ ئاساییبوونەوەی باری دارایی، یەكەی زیاتری بەرهەمهێنانی كارەبا بەگەڕ بخەن تا پێداویستییەكانی هاووڵاتییان بە كارەبای نیشتمانیی پڕ بكرێتەوە.

هەرچەندە لە كوردستان كارەبا بەرهەم بهێنرێت، ئەگەر مكانیزمێكی رێكوپێك بۆ بەكاربردنی كارەبا نەبێت و رێگری لە زێدەڕۆیی و بەفیڕۆدانی كارەبا نەگیرێت، ئەوا دیسان كارەبا ناتوانێت لە وەرزەكانی گەرما و سەرمادا بەشی 24 سەعات پێداویستی هاووڵاتییان بكات.

گرنگترین پڕۆژە كە دەبێتە هۆی رێگریكردن لە زێدەڕۆیی بریتییە لە دانانی پێوەری زیرەك كە بەشێك لە كارەكانی تەواو بووە، بەڵام بەهۆی تەنگژەی دارایی سەرووی دوو مانگە ئەو پڕۆژەیەش وەستاوە. محەمەد ئەحمەد بەڕێوەبەری پڕۆژەكە بۆ "وشە" ئەوەی خستەڕوو، 253 هەزار پێوەری زیرەك بەستراون و لە داهاتوودا كە دۆخی دارایی حكوومەت باش بوو، سەرجەم پێوەرەكان بۆ زیرەك دەگۆڕن و بەمەش كۆتایی بە زێدەڕۆیی دەهێنرێت و كارەبایەكی زۆر بۆ حكوومەت گل دەدرێتەوە.

سوورین لەسەر رێكخستنی سیستمی كارەبا لە كوردستان دەبێتەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا ئاماژەی دا، سوورن لەسەر رێكخستنی سیستمی كارەبا لە كوردستان و لە داهاتوویەكی نزیك یان دوور، هەر دەبێت ئەم پڕۆژەیە جێبەجێ بكرێ بۆ ئەوەی كۆتایی بەكێشەی كارەبا لە كوردستان بهێنرێت.

 


وشە - سلێمان تاشان