نوێنەرێکی پەرلەمانی ئێران پەردە لەسەر نهێنییەک لا دەدات و ئاشکرای دەکات بە فەرمانی حەسەن روحانی سەرک کۆماری ئێران 36 ملیار دۆلار و 80 تۆن زێڕ لە تارانەوە هێنراوەتە سلێمانی.
ئەمڕۆ سێشەم لە کۆبوونەوەی فەرمیی پەرلەمانی ئێران کەریم قودوسی نوێنەری مەشهەد لە پەرلەمان گوتی سێ سال لەمەوبەر 36 ملیار و 100 ملیۆن دۆلار بە فەرمانی حەسەن روحانی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ سلێمانی گواستراوەتەوە.
بەگوێرەی
مێهرنیوز ئەو دەڵێ ئەوکات پرسەکە لە لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی بە ئامادەبوونی سەرۆک کۆمار و سەرۆکی ئەوکاتی بانکی ناوەندیی، وەزارەتی ئیتلاعات، فەرمانگەی هەواڵگریی سوپا و وەزارەتی ئابووری تاوتوێ کراوە و کۆبوونەوەکەش بە دەنگ و وێنە لەبەردەستە.
بە فەرمانی رووحانی لە ماوەی سێ ساڵدا 36 ملیار و 100 ملیۆن دۆلار رادەستی سێ باندی مافیایی لە بواری مادە هۆشبەرەکان، دراو و قاچاخیی کاڵا کراوە و بۆ سلێمانی گواستراوەتەوە
ئەو نوێنەرەی پەرلەمان باس لە کۆبوونەوەکەی ئەوکات دەکات و دەڵێت "بە فەرمانی رووحانی لە ماوەی سێ ساڵدا 36 ملیار و 100 ملیۆن دۆلار رادەستی سێ باندی مافیایی لە بواری مادە هۆشبەرەکان، دراو و قاچاخیی کاڵا کراوە و بۆ سلێمانی گواستراوەتەوە کە لەژێر دەسەڵاتدارێتی ئەمەریکا و سعوودیەدایە و جگە لەم بڕە پارەیە 80 تۆن زێڕیش بۆ هەمان شوێن گواستراوەتەوە."
قودوسی رەخنە لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەگرێت و دەڵێت ئەوکات دوای ئەوەی ئەمەریکا لە رێککەوتنی ناوکیی هاتە دەرەوە، لەپڕ نرخی تمەن دابەزی و نرخی هەر دۆلارێکی ئەمەریکی لە ئێران بۆ 18 هەزار تمەن بەرزبوویەوە و دراوی نیشتمانیی ئێران داڕما.
ئەو رەخنە لە کۆمەڵێک هەنگاوی تری حکوومەتی ئێران دەگرێ کە بوونەتە هۆی گرانکردنی نرخی بەنزین و کۆمەڵێک دەرهاویشتەی خراپی ئابووری و سیاسی بۆ سەر ئێران.
قودوسی رەخنە لە بەرپرسانی بانکی و وەزارەتەکانیش دەگرێت کە دەرگاکانی بۆرسەیان کردووەتەوە و سامانی وڵاتیان هەرزانفرۆش کردووە بە بێ ئەوەی هیچ پلانێکیان بۆ داهاتووی وڵات هەبێت.
نوێنەرەکەی مەشهەد بە وردی باسی لەوە نەکردووە چارەنووسی ئەو بڕە زۆرەی پارە و زێرە چی بەسەر هاتووە و بەرەو کوێ رۆیشتووە.
لە بەرانبەردا بەرپرسانی سلیمانیش هیچ روونکردنەوەیەکیان نەداوە کە ئەو پارەیان چی لێکردووە و بۆ چ مەبەستیک بەکاریان بردووە لەکاتێکدا لە هەریمی کوردستان بەردەوام نیگەرانیی ئەوە هەیە کە ئیران دەستی زاڵە بەسەرسلێمانیدا.