بڵاوبوونه‌وه‌ی گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی له‌لایه‌ن چه‌ته و گرووپه توندڕۆكانی سه‌ر به توركیا له عه‌فرین كاردانه‌وه‌ی زۆری لێ كه‌وتووه‌ته‌وه و میدیاكانی جیهانیش به ڕژدی له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته هاتوونه‌ته ده‌نگ و دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه پێویسته توركیا و هاوپه‌یمانه توندڕۆكانی سزا بدرێن، چونكه هه‌مان تاوانه‌كانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش له ناوچه‌كه دژ به كورد دووباره ده‌كه‌نه‌وه.
ئه‌وه‌ی له گرته ڤیدیۆییه‌كه ده‌رده‌كه‌وێ، گرتنی كۆمه‌ڵێك ژنی كورد و گواستنه‌وه‌یانه بۆ گرتووخانه به زه‌بری هێز، سه‌رچاوه‌كانیش له عه‌فرینه‌وه باس له‌وه ده‌كه‌ن، كه چه‌كداره‌كانی به‌ره‌ی نوسره و ته‌حریری شام هه‌مان تاوانه‌كانی داعش دژ به ژنانی ئێزیدی به‌سه‌ر ئه‌و ژنه گیراوانه ئه‌نجام ده‌ده‌نه‌وه و جیهانیش بێده‌نگه له به‌رانبه‌ر ئه‌و داعشه نوێیه‌ی كه به پشتیوانی توركیا عه‌فرینی داگیركردووه.
عه‌فرین یه‌كێكه له ناوچه كوردستانییه داگیركراوه‌كانی ڕۆژئاوای كوردستان و له مانگی كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ری ساڵی 2018 هێزه‌كانی توركیا و گرووپه توندڕۆكانی له ئه‌نجامی بێده‌نگی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به تایبه‌ت مۆسكۆ و واشنتن، هێرشیان كرده سه‌ر ئه‌و شاره كوردییه و گه‌وره‌ترین تاوانی دژ به مرۆڤایه‌تییان له‌و ناوچه‌یه ئه‌نجام دا، ده‌ستگرتن به‌سه‌ر موڵك و ماڵ و خانووی كورد و تاڵانكردنی كه‌لوپه‌لی ناو ماڵه‌كان و ئاواره‌بوونی سه‌دان هه‌زار هاووڵاتی ئه‌و ناوچه‌یه و وێرانكردنی شاره‌كه به به‌رنامه كاری له‌سه‌ر كرا و ئێسته‌یش قوتابخانه‌ی توركی تێدا كراوه‌ته‌وه و هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی كولتوور و فه‌رهه‌نگی كوردی له هزری خه‌ڵكی ئه‌و ناوچه‌یه ده‌درێ، هه‌رچه‌نده ڕێژه‌یه‌كی زۆر كه‌می خه‌ڵكی ڕه‌سه‌نی لێ ماوه‌ته‌وه و ئه‌وه‌ی تر ژماره‌یه‌كی یه‌كجار زۆری عه‌ره‌ب و توركمانی لێ نیشته‌جێ كراوه، وه‌ك به‌شێك له پرۆسه‌ی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچه‌كه.
تاوانه‌كان هه‌ر ئه‌وه‌نده نین و بڵاوبوونه‌وه‌ی گرته ڤیدیۆییه‌كه له ڕۆژانی ڕابردوو په‌رده‌ی له‌سه‌ر دیوه شاراوه و قێزه‌وه‌نه‌كانی گرووپه توندڕۆكانی هاوپه‌یمانی توركیا هه‌ڵدایه‌وه، به‌شێك له ڕێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه ئه‌مه‌ی له عه‌فرین ده‌گوزه‌رێ، هیچ جیاوازی نییه له مووسڵ و ڕه‌قه كه پێشتر له ژێر ده‌سه‌ڵاتی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش بوو، چونكه هه‌مان ڕێسا و پێڕه‌وه‌كان به زۆره‌ملێ به‌سه‌ر خه‌ڵك جێبه‌جێ ده‌كرێته‌وه.
به‌شێكی دانیشتووانی عه‌فرین ئێزیدین و گرووپه توندڕۆكان هاوشێوه‌ی داعش مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن
ڕۆژنامه‌ی جۆرشه‌لیم پۆستی ئیسرائیلی بڵاوی كردووه‌ته‌وه، عه‌فرین هاوشێوه‌ی شنگال ژماره‌یه‌كی زۆر كوردی ئێزیدی لێ نیشته‌جێیه، بۆیه خه‌ڵكه‌كه‌ی دووجار تاوانیان به‌رانبه‌ر ئه‌نجام ده‌درێ، جارێك به‌هۆی كوردبوونه‌وه و جارێكی تریش به‌هۆی ئه‌وه‌ی مسوڵمان نین و ئێزیدین، به پێویستیشی ده‌زانێت، كه كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر ئه‌و تاوانه قێزه‌وه‌نانه بێته ده‌نگ، به تایبه‌ت ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا، چونكه توركیا هاوپه‌یمانی ناتۆیه و په‌یماننامه‌ی چوونه ناو ناتۆیش ده‌یان خاڵی تێدایه كه نابێ هیچ ئه‌ندامێكی ناتۆ تاوانی جه‌نگ ئه‌نجام بدات و دژ به مافه‌كانی مرۆڤ هه‌نگاو بنێت، به‌ڵام ئه‌وه‌تا توركیا به ڤیدیۆ و به‌ڵگه‌ی سه‌لمێنراوه قێزه‌وه‌نترین تاوان دژ به ژنانی كورد ده‌كات، به‌ڵام ناتۆ و ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا و جیهان لێی بێده‌نگن.
جۆرشه‌لیم پۆست نووسیویه‌تی، هه‌نگاوه‌كانی توركیا و هاوپه‌یمانه‌كانی هیچ جیاوازییه‌كیان نییه له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی داعش له دوای گرتنی ناوچه‌كان له عێڕاق و سووریا گرتییه به‌ر، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جیاوازه كه توركیا به شاراوه‌یی ئه‌م كاره ده‌كات و داعش بۆ ترساندنی خه‌ڵك به ئاشكرا كاره‌كانی ئه‌نجام ده‌دا، ده‌نا به‌هه‌مانشێوه‌ی ئه‌وان، كه ماڵ و سه‌روه‌ت و سامانی ئێزیدی و مه‌سیحی و كورد له ناوچه‌كانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا و شنگال به عه‌ره‌به‌كان به‌خشرا و سه‌رانه‌یان لێ وه‌رده‌گیرا و به زۆر مسوڵمان ده‌كران، به شێوه‌یه‌كی زۆر وردتر و تۆكمه‌تر ئێسته ئه‌و سیاسه‌ته له عه‌فرین جێبه‌جێ ده‌كرێت.
داوا ده‌كرێ ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی بێته ده‌نگ و هه‌ڵوێستی هه‌بێت
ئه‌و ڤیدیۆیه‌ی بڵاوبووه‌ته‌وه سه‌ره‌ڕای به‌ڵگه‌یه‌كی ترسناكه له‌و كارانه‌ی توركیا و هاوپه‌یمانه‌كانی ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، مه‌ترسی هه‌یه نهێنی زیاتر له‌و ناوچه‌یه بگوزه‌رێت، ته‌نانه‌ت گرووپه توندڕۆكانی هاوپه‌یمانی توركیا، وه‌كو كچه ئێزیدییه‌كان له بازاڕی تایبه‌ت ئه‌گه‌ری هه‌یه كڕین و فرۆشتن به كچانی ئه‌و ناوچه‌یه‌یش بكه‌ن و وه‌ك كۆیله‌ی سێكسی به‌كاریان بهێنن.
لایه‌نه‌كانی كورد و ڕێكخراوه مرۆڤ دۆسته‌كانی دنیا داوا له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كه‌ن، كه هه‌ڵوێستیان له‌سه‌ر ئه‌و كرده‌وه داعشیانه‌ی توركیا و هاوپه‌یمانه‌كانی له عه‌فرین هه‌بێ و دانیشتنی تایبه‌تی له‌سه‌ر ساز بكرێ و هه‌ڵوێستی ڕوونی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به توركیا ڕابگه‌یه‌نرێت و زۆرترین فشاری له‌سه‌ر دروست بكرێت، هه‌رچه‌نده تا ئێسته فشاره‌كان ته‌نیا له لایه‌ن كورد و ڕێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان دژ به‌و كاره قێزه‌وه‌نانه پێشبینی ده‌كرێ، كه به‌شێك له وڵاتان به توندی هه‌ڵوێست دژی توركیا وه‌ربگرن.