داواکاری گشتی: نابێت پەتای کۆرۆنا بەسیاسی بکرێت

:: PM:12:09:03/06/2020 ‌
داواكاری گشتی لە هەرێمی كوردستان هۆشدارییەک بە ئەو كەس و لایەنانەی هانی خەڵك دەدەن بۆ شكاندنی قەدەغەی هاتوچۆ و رێنوێنییە پزیشكییەكان دەدات.

ئەمڕۆ چوارشەم سێی حوزەیران، داواكاری گشتیی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، نابێ پەتای كۆرۆنا بە سیاسی بكرێ و بۆ بەرژەوەندیی تایبەت بەكار بهێنرێت لە هەرێمی كوردستان.

دەبێ بەرپرسیارێتیی بڵاوبوونەوەی پەتاكە لە ئەستۆ بگرن و قەرەبووی تووشبوو و كەسوكاری مردووان بە پەتاكە بكەنەوە
لە راگەیەنراوەكەی داواكاری گشتیی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، ئەو كەس و لایەنانەی هانی خەڵك دەدەن بۆ شكاندنی قەدەغەی هاتوچۆ و رێنوێنییە پزیشكییەكان، دەبێ بەرپرسیارێتیی بڵاوبوونەوەی پەتاكە لە ئەستۆ بگرن و قەرەبووی تووشبوو و كەسوكاری مردووان بە پەتاكە بكەنەوە.

بەپێی راگەیەنراوەكە، داواكاری گشتیی هەرێمی كوردستان داوا لە هەمووان دەكات بەشێوەیەكی بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەو بارودۆخە بكەن، ئەویش بە گرتنەبەری رێكاری یاسایی لە دژی ئەو كەس و لایەنانەی سەرپێچی دەكەن و ژیانی هاووڵاتییان دەخەنە مەترسییەوە.

ئەو ڕاگەیەنراوەی داواكاری گشتی لە كاتێكدایە ئێستە چەند لایەنێكی سیاسی بۆ بەرژەوەندییە تایبەتەكانی خۆیان هانی خەڵكی دەدەن پابەندی ڕێنوێنییەكان نەبن.



وشە - رامیار جەواد