تەندروستی عێراق هۆكاری زیادبوونی حاڵەتەكانی كۆرۆنا ئاشكرا دەكات

:: PM:04:37:03/06/2020 ‌

لە ماوەی دواییدا حاڵەتەكانی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە عێراق زۆر زیادی كردووە و رۆژانە سەتان حاڵەت تۆمار دەكرێت، دوێنێ زیاتر لە 500 حاڵەت هەبوو، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هۆكارەكەی ئاشكرا دەكات.
گەنجەكان درەنگ سەردانی نەخۆشخانە دەكەن و دەمرن
سەیف بەدر، گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی تەندروستی عێراق لە دیدارێكی تەلەڤزیۆنی گوتی، زیادبوونی ژمارەی حاڵەتەكانی رۆژانە تۆمار دەكرێت لە ماوەی دواییدا بەهۆی زیادبوونی ژمارەی پشكنینی رۆژانەیە كە لە تاقیگە تایبەتەكان دەكرێت، ئەوەیش دوای ئەوەی ژمارەی پشكنینی رۆژانە گەیشتووەتە سەرووی 10 هەزار پشكنین و دوێنێ گەیشتە 13 هەزار.

زیاتر گوتی، ئێستە پەتاكە لە ناوچە میلی و هەژارنشینەكان لە بەغدا بڵاو بووەتەوە و زیاترین ژمارەی تووشبوونیان تیادا تۆمار دەكرێت، چونكە ناوچەی جەنجاڵن و ئێمەیش پشكنینی زۆری تیادا دەكەین، لەبارەی زیادبوونی ژمارەی حاڵەتەكانیش روونی كردەوە، هۆكارێكی ئەوەیە كە تا ئێستە زۆرێك پابەندی رێوشوێنەكانی خۆپارێزی نین و باوەڕیان بە بوونی ڤایرۆسەكە نییە، ئەگەر تووشیشی ببن.

بەدر ئاماژەی كرد، پێشتر زیاتر پیر و نەخۆشەكان بەو ڤایرۆسە دەمردن، ئێستە گەنجانیش، ئەوان درەنگ سەردانی نەخۆشخانەیان كردووە و گیانیان لەدەست داوە، ئەو رەتی كردەوە كە وەزارەتی تەندروستی عێراق بەرانبەر هەر تووشبووێك، بڕی هەشت ملیۆن دیناری لە دەرەوە وەرگرتبێت، بۆیە حاڵەتەكان زیادی كردبێت، ئەو قسانەی گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق هاوكاتە دوێنێ 519 حاڵەتی نوێی تووشبوون و 20 حاڵەتی مردن لە عێراق تۆمار كراوە. 

لای خۆیەوە عەبدولحوسێن حەیدەری، بەرپرسی نووسینگەی شەهید و برینداران لە لیوای دووی حەشدی شەعبی لە بەیاننامەیەك رای گەیاند، لیواكەیان كە ئەركی ناشتنی مردووانی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە گۆڕەپانی وادی سەلام لە نەجەف لە ئەستۆیە، تا ئەمڕۆ چوارشەم 240 تەرمی مردووانیان بەو نەخۆشییە ناشتووە، كە سیانیان مەسیحین.     




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل