دۆخی ئەمەریكا پشێوی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت

:: PM:05:06:03/06/2020 ‌

ماوەی زیاتر لە هەشت رۆژە چەندان ناوچەی ئەمەریكا ناڕەزایەتی فرەوانی جەماوەری بەرانبەر بە كوشتنی كەسێكی رەشپێستی بە رەگەز ئەفریقی لەلایەن كارمەندێكی پۆلیسی لە ویلایەتی مینیسووتا، سەری هەڵداوە، تا ئاستێك ناڕەزایەتییەكان گەیشتوونەتە دەوروبەری كۆشكی سپی و چاوەڕوانی پەرەسەندنی زیاتری ناڕەزایەتییەكان دەكرێت. 
رێوشوێنەكانی دەوروبەری كۆشكی سپی توند دەكرێت
ئێستە سەرانسەری دنیا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، بە دۆخێكی سەختی تەندروستی و داراییدا تێپەڕ دەبێت، لەلایەك بەهۆی زیادبوونی ژمارەی قوربانیان، لەلایەكی تر بە داخرانی ئابووری لە وەستانی كارگە و هاتوچۆ و دابەزینی نرخی نەوت و زیادبوونی بێكاری و هەژارییەوە، هەموو ئەوانە وایان كرد لە ئەمەریكا دۆخەكە بتەقێتەوە، بەتایبەتی كە ئەو وڵاتە لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی نزیك دەبێتەوە، بۆیە كوژرانی ئەو كەسە رەشپێستە بووە ناونیشانی هەڵمەتێك لە دژی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئێستە، كە هاوكات ئەویش دەیەوێ بۆ سوودی خۆی بەكاری بێنێت. 

ئەمڕۆ لە واشنتنی پایەتەخت و لە نزیك كۆشكی سپی، ئاستی ناڕەیەتییەكان فرەوانتر بوون، كاتێك لە گۆڕەپانی لافاییت لە نزیك كۆشكی سپی، هێزەكانی یاساپارێز خۆپێشاندەران بە هاڕڕاوی بیبەری توون خەڵكەكەیان دوور خستەوە و ئەوانیش یاری ئاگرینیان گرتە ئەو هێزانە، بۆیە گۆڕەپانەكە لە رۆژنامەوانان چۆڵ كرا و بازنەی داخستنی دەوەری كۆشكی سپی فرەوانتر كرا.

بەپێی زانیارییەكان بە فەرمانی پنتاگۆن، ژمارەیەكی زیاتری هێزە تەناهییەكان لە پاسەوانانی نیشتمانی هێنراونەتە دەوروبەری كۆشكی سپی، ئەوەیش ئاماژەیەكە بەوەی لە چەند سەعاتی داهاتوودا، دۆخەكە پەرەسەندنی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت و بڕیارێكی دەسەڵاتداران هەیە بە دوورخستنەوەی خۆپێشاندەران و رێگرتن لە نزیكبوونەوەیان لە كۆشكی سپی.    





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل