"بۆ حكوومەتێكی سەركەوتوو پێویستە كازمی پابەندی جێبەجێكردنی دەستوور بێت"

:: PM:07:37:03/06/2020 ‌

یەكەم تاقیكردنەوەی حكوومەتی مستەفا كازمی خەریكە نزیك دەبێتەوە كاتێك لە 10-11ی ئەم مانگە گفتوگۆی ستراتیجی عێراق و ئەمەریكا بەڕێوە دەچێت، بەشێك لە سیاسەتوانان ئاماژە دەكەن كە بێدەنگیی شیعەی نزیك لە ئێران، بە مەبەستی كاتكوشتن و دەستی دەستیكردن و سازشكردنی كازمییە بۆیان، میسال ئالووسی، سەرۆكی پارتی ئومەی عێراقی دووپاتی دەكاتەوە، ناكرێت عێراق رۆڵی میانگیری لە نێوان ئێران و ئەمەریكا ببینێت.
خاڵی هاوبەشی عێراق و سعوودیە داماڵینی چەكی میلیشیاكانە
ئاڵووسی لەوبارەوە بۆ "وشە" روونی كردەوە، بۆچوونێكی توێژەر و راوێژكاران لە واشنتن هەیە بەوەی پێویستە بوارێكی كاتی بۆ مستەفا كازمی فەراهەم بكرێت، تا بتوانێت ناوماڵەكەی رێكبخاتەوە، ئەوان بە دیدێكی نیگەرانییەوە سەیری ئێران و دەستوەردانی لە عێراق ناكەن، بەڵكو وا سەیری بابەتەكە دەكەن لە ماوەی 20-30 ساڵ ئەو بابەتە چارەسەر بێت.

زیاتر گوتی، من دەپرسم ئاخۆ لە عێراق بواری 20 مانگمان هەیە تا بوەستین، كازمی و حكوومەتی عێراق پابەندن بە جێبەجێكردنی دەستوور، ئەگەر حكوومەتێكی سەركەوتوومان بوێت، كازمی ناچارە پابەندی پاراستنی ئازادییەكان و داماڵینی چەكی میلیشیاكان بێت، بۆیە ناكرێت حكوومەتی عێراق رۆڵی میانگیری لە نێوان ئێران و ئەمەریكا ببینێت، چونكە ئەو كارە بواردانە بە ئێران و میلیشیاكانی و گەندەڵی دارایی و تیرۆر و ئەوەیش لە بەرژەوەندی عێراق نییە.

ئەو سیاسەتوانە روونی كردەوە، سەردەمی كۆرۆنا و پێش كۆرۆنا زۆر جیاوازە، دابەزینی نرخی نەوت و رووخانی ئابووری لەسەر ئاستی زلهێزەكانیش هەیە، پێم وایە بەرژەوەندییەكانی عێراق و سعوودیە و كەنداو بە ئاراستەی ئۆپێك و نەهێشتنی چەكی نایاسایی یەكشتە، چونكە سعوودیە لەلایەن میلیشیاكانی سەر بە ئێران لە عێراق و لە یەمەن كرایە ئامانج، بۆیە خاڵی هاوبەشمان هەیە، ئەویش داماڵینی چەكی ئەو گرووپانەیە، هەروەها خاڵی هاوبەشمان لەگەڵ ئێران هەیە، ئەگەر بمانەوێ، ئەویش پاڵپشتی تیرۆر بكەین.

ئاڵووسی دووپاتی كردەوە، پێویستە كازمی كە بەمدواییە پەیامێكی روونی سیاسی گەیاندە سعوودیە، پێم وایە ئەو پەیامە دروستە و كاتی گونجاوە، هیوادارم گفتوگۆیەكی عێراقی سعوودی و عێراقی و كوێتی و عێراقی و كەنداوی پێگەیشتوو ببینم و كاتی هاتووە وڵاتانی كەنداو بیزانن كە لاوازیی عێراق وەك وڵاتێكی كەنداو لە بەرژەوەندی ئەواندا نییە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل