ئەندامێکی لیژنەی تەندروستی: ئامێری ئۆکسجینی دەستکردمان کەمە نەک قەرەوێڵە

:: AM:10:49:04/06/2020 ‌
ئەندامێكی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، بەهۆی زۆربوونی تووشبووان، ڕەنگە لە داهاتوودا بیر لەوە بكرێتەوە نەخۆشخانە تایبەتەكان لە هەرێمی كوردستان بۆ تووشبووانی كۆرۆنا بەكار بهێنرێن.

ئەمڕۆ پێنجشەم، زانا مەلا خالید ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە لیژنەی تەندروستی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ناكرێ نەخۆشخانە خزمەتگوزارییەكان بخرێنە ژێر خزمەتی تووشبووانی كۆرۆنا، بەڵكو پێویستە ئەو نەخۆشخانانەی تایبەتن بە منداڵان و ژنان و.. هتد، لە خزمەتكردن بەردەوام بن.

لە دابینكردنی قەرەوێڵە كێشەمان نییە، بەڵكو كێشە كەمیی ئامێری ئۆكسجینی دەستكردە
ئەندامەكەی لیژنەی تەندروستی گوتی، لە هەرێمی كوردستان لە دابینكردنی قەرەوێڵە كێشەمان نییە، بەڵكو كێشە كەمیی ئامێری ئۆكسجینی دەستكردە، هەروەها ڕەنگە لە داهاتوودا لەلایەن كەرتی تایبەت و حكوومەت بیر لە زیادكردنی ئەو ئامێرانە بكرێتەوە.

ڕوونی كردەوە، هیوادارین ژمارەكان بەو خێراییە زیاتر نەبێت، ئەگەرنا دەبێت نەخۆشخانەكان چۆڵ بكرێن و تایبەت بكرێن بە تووشبووانی كۆرۆنا، بۆ نموونە لە هەولێر ئەگەر نەخۆشخانەی ئیماراتی پڕ بێت، ئەوا بیر لە ڕزگاری و نەخۆشخانەی فریاكەوتنی ناوەند و پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بكرێتەوە كە ئامادەكاریی تێدا كراوە.

باسی لەوەش كرد، ڕەنگە لە داهاتوو بیر لەوە بكرێتەوە نەخۆشخانە تایبەتەكان لە هەرێمی كوردستان بۆ تووشبووانی كۆرۆنا بەكار بهێنرێن.

ئێستە كۆی گشتی تووشبووان لە هەرێمی كوردستان بریتییە لە 903 كەس، 15 كەس گیانیان لە دەست داوە و 441 نەخۆشیش چارەسەرییان بۆ كراوە.



وشە - رامیار جەواد